گەلی مەخمور رووبەرووی مەترسی بووەتەوە

بە هۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور کە لە ئێستادا گەمارۆ دراوە، دانیشتوانەکەی رووبەرووی مەترسیەکی گەورە بوونەتەوە.

لە کەمپی مەخمور کە ٩ مانگە گەمارۆ دراوە، بە هۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رووبەرووی ریسکێکی گەورە بووەتەوە.

نەدا محمد ئەحمەد ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی کەمپی مەخمور رایگەیاند، بە هۆی ئەو گەمارۆیەی لەسەر کەمپەکە دانراوە، هیچ ئامادەکاریەک بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکراوە و وتی:" کێشەی ئەرزاق و دەرمانمان هەیە. ئەو چاوپێکەوتنانەش کە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە ئەنجام دراون، هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە. لەم کەمپە کەسانی بە تەمەن و نەخۆشی درێژخایەن هەن, بۆیە داواکارین گەمارۆکە هەر چی زووترە هەڵبگیرێت و هاوکاری مرۆیی بگەیێندرێتە کەمپەکە."

'دانوستانەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبوو'

دوای ئەوەی عوسمان کۆسە ئەندامی میتی تورک لە ١٧ی تەموزی ٢٠١٩ لە هەولێر کوژرا، کەمپی مەخمور گەمارۆ درا. ئەوا ٩ مانگە گەمارۆ لەسەر کەمپەکە هەیە، لەم کەمپە ١٢ هەزار کورد هەن و ژیانیان بە سەختی بەڕێوە دەچێت.

بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە رۆژ بە رۆژ زیاتر بڵاو دەبێتەوە، مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر کەمپەکە.

نەدا محمد وتیشی، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گەمارۆکە بهێنرێت، چاوپێکەوتن لە گەڵ چەندین پارتی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ئەحمەد هاوکات وتیشی:" هەر رووداوێکی نەخوازراو روو بدات، بارودۆخێکی نالەبار دێتە ئاراوە. دوو جار لەگەڵ پارێزگاری هەولێر چاوپێکەوتنمان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا تێنەگەیشتووین، هۆکاری گەمارۆکە چییە. هەموو هەوڵ و دانوستانەکانمان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە، بێئەنجام بوون."

'رێگە بە ناردنی هاوکاریەکان نادرێت'

ئەحمەد هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، گەمارۆکە تەنها بە سنووردارکردنی هاتوچۆ نەوەستاوە، بەڵکۆ گەمارۆیەکی دەروونیشە و وتی:" بە هۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکی مەخمور ترسی هەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیەکی بەخشیوە بە کەمپەکە، بەڵام بەرپرسیاریەکەی جێبەجێ ناکات، ژیانی دانیشتوانی کەمپەکە پشتگوێ دەخرێت."      

ئەحمەد هاوکات ئاشکراشی کرد کە ئەوان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ رێکخراوەکانی هاوکاری ئەنجام داوە و داوای کەرەستەی پاککەرەوە و دەرمانیان کردووە، بەڵام بە هۆی گەمارۆکە رێگە نادرێت هاوکاریەکان بگەنە کەمپەکە، هەروەها رێگری لە هاتوچۆی سەندیکاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکرێت."

دکتۆر ئونڤەر: پێداویستیەکی کەمی پزیشکیمان لەبەردەستدایە

دکتۆ محمد ئونڤەریش وتی:" پەدەکە ئەو گەمارۆیەی بەسەر کەمپەکەدا سەپاندووە. لە نەخۆشخانەکان پێداویستیەکی کەمی پزیشکیمان لەبەر دەستدایە و بۆ ئەوەی دەرمان بەدەست بهێنین، ناهێلن لە کەمپەکە بچنە دەرەوە، رۆژ بە رۆژ گەمارۆکە توندتر دەکرێت. ئێمە بەو دەرفەتە کەمانەی هەمانە لە دژی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەستاوینەتەوە، بەڵام پێداویستیە پزیشکیەکان بەش ناکەن."

ئونڤەر هاوکات وتی:" دەوترێت لە هەولێر، دهۆک و کەرکوک رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر، بەڵام لە کەمپەکەمان هیچ هەنگاوێک نەنراوە. لە دوکانەکان هیچ پێداویستیەکی پاککەرەوە نەماوە. ٩ی مانگە گەمارۆمان لەسەرە."

'٧٠ کەس کەرەنتینە کراون'

دکتۆر ئونڤەر هاوکات رایگەیاند، بەو دەرفەتانەی لەبەر دەستیاندایە، ناوەندێکی قەیرانیان دروست کردووە و وتی:"چەند کەسێک کە بە هەر هۆکارێک بێت هاتوچۆیان کردووە بۆ دەرەوەی کەمپەکە، لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، لە ئێستا دا ٧٠ کەسیان بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لە کەرەنتینەدا دەمێننەوە و لە ژێر چاودێریدان، بەڵام لە رووی شوێن و خواردن و خواردنەوە و پێداویستی دیکە، کێشەمان هەیە.

'دەبێت گەمارۆ هەڵبگیرێت'

دکتۆر ئونڤەر لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوزازیەکی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی عێراق و پەدەکەش کرد کە دەبێت بە زووترین کات گەمارۆکە هەڵبگیرێت و داواشی لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و مافی مرۆڤ کرد کە بە زووترین کات هاوکاری بگەیێننە کەمپەکە.

ز.ش