"گەمارۆی سەر کەمپی مەخمور بەردەوام بێت کارەسات ڕودەدات"

ماوەی ٧ مانگە گەمارۆی توند لەسەر کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی هەیە. لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان، حکومەتی هەرێمی کوردستان وشیار دەکەنەوە لە ئەگەری کارەسات.

کەمپی مەخمور کە بە کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی ناسراوە، ١٢ هەزا ر هاوڵاتی کوردی باکوری و کوردستانی تێدا دەژین. لە ساڵانی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٥ لە باکوری کوردستانەوە ئاوارە بوون و لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لەو کەمپەدا نیشتەجێن. لە پاش ڕوداوەکەی حۆقەباز کە تیایدا عوسمان کۆسە بەرپرسی میت تورکیی تیادا کوژرا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەو ڕوداوە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر ئەو کەمپە و گەمارۆکە زیاتر لە ٨ مانگە بەردەوامە. ئەمەش توڕەیی و ناڕازیی گەلی باشوری لێکەوتەوە و چالاکوانان و کەسایەتییە سیاسییەکان داوا دەکەن هەرچی زوە ئەو گەمارۆیە هەڵبگیریت.

هێمن مامەند چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی شاری هەولێر دەربارەی ئەو گەمارۆیە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەم گەمارۆیە شەرمە بۆ هەمو کورد و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی فەرمانڕەوا لەژێر کاریگەریی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە دوای ڕوداوی کوژرانی عوسمان کۆسە لە ڕێستورانتی حۆقەباز،  گەمارۆی توندەیان خستە سەر زیاتر لە ١٣ هەزار منداڵ و ژنی بێتاوان، لە کاتێکدا ئەوان خەڵکی سڤیلن و بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان لەو شوێنەن".

هێمن مامەند بۆ ئەو گەمارۆیە حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانی تۆمەتبار کرد و داواشی لە هەمو لایەنە سیاسییەکانی کورد کرد، هەرچی زوە هەوڵ بدەن ئەو گەمارۆیە هەڵگرن لەسەر کەمپی مەخمور.

هێمن مامەند لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: "من وەک ڕۆژنامەنوسێک، کە چەندین جار ڕاپۆرتم لەسەریان کردووە ئاگادارم ڕەوشی ئەو کەمپە لە ڕوی تەندروستی و  ئابورییەوە زۆر خراپە و تاکو چەند مانگێکی دیکە بەردەوام بێت کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە. دوبارە داوا دەکەم حکومەتی هەرێم بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو گەمارۆیە هەڵگرێت لەسەر کەمپی مەخمور".

ژ.ت