گەنجان لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی، پێویستە ئاگڕی سەرهەڵدان گەشاوەتر بکەن

کۆمەڵگای جوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی دوایی بە پێشەنگایەتی جەوانان و ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووەو ئەوەش بە واتای راپەڕینی سەردەمیانەی گەنجان و ژنان لەدژی زۆڵم و زۆرداری، گەندەڵی، بێکاری، گرانی و داگیرکارییە.

کۆمەڵگای جوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە – KCR) لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەدژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیەنراوێکی بڵا کردەوە.

کەجەرە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان خۆپیشاندانی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی گەل بە مافی ڕەوا و دیمۆکراتیک لەقەڵەم دەدەین و ستایشی ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانە رەوای گەلان بە پێشەنگایەتی گەنجان دەکەین.

ڕاگەیەنراوەکەی کۆمەڵگای جوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیەیە:

"سەرهەڵدانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە ژیانی ئازاد و دێمۆکراتیک سەرهەڵدەداتەوە. خڕۆشانی شەقام و کۆڵانەکان، بە ئیرادە و بڕیارداری گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێمای ژیانی ئازادەو راپەڕین لەبەرامبەر زۆڵم و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێرانە. بە ساڵانە رژێمی داگیرکەری ئێران بە سیاستە ڕووخێنەر و سەرکوتکاریەکانی، کۆمەڵگای کردووەتە ئامانجی هێرشە چەپەڵەکانی. رژێم بە هێرش و پەلامارەکانی دەیەوێت ویست و داخوازی رەوای گەلانی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر لەبار ببات. ماوەی ٤٠ ساڵە ئەو رژێم بە پەتی سێدارە، گرتن، کوشتن، بێکاری، گرانی و هەژاری، وڵامی داخوازیە رەواکانی گەلانی ئازادیخوازی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی داوەتەوە. ئێستاش کە گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی جەنایەت و گەندەڵی و داگیرکەریەکانی رژێم رژاونەتە شەقامەکان، کاربەدەستانی رژێمی داگیرکەری ئێرانیان هەراسان کردووە، بۆیە رژێم بە هەموو هێزیەوە پەلاماری سەر گەل دەدات.

خۆپیشاندانەکانی دوایی بە پێشەنگایەتی جەوانان و ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووەو ئەوەش بە واتای راپەڕینی سەردەمیانەی گەنجان و ژنان لەدژی زۆڵم و زۆرداری، گەندەڵی، بێکاری، گرانی و داگیرکارییە. جێگەگرتن و بەشداری هەر تاکێکی ئازادیخواز لەناو ریزەکانی بەرخۆدان و سەرهەڵدانی دێموکراتیکی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە. گەنجان بە خۆرێکخستن کردن و باوەڕی بە هێزی گەوهەری خۆیان دەتوانن ئاگڕی سەرهەڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی، گەشاوەتر بکەن.

ئێمە خۆپیشاندانی هێمنانەو ئاشتیخوازانەی گەل بە مافی رەوا و دێمۆکراتیک لەقەڵەم دەدەین و ستایشی ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانە رەوای گەلان بە پێشەنگایەتی گەنجان دەکەین. هاوکات هێرش و پەلاماری چەکدارانی رژێم بۆ سەر گەل بە توندی شەرمەزار دەکەین و سڵاو لەرۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی سەرهەڵدانەکانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و پرسەو سەرخۆشی خۆشمان ئاراستەی کەس و کاری کوژراوانی سەرهەڵدانی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و بۆ دەستەبەرکردنی مافی رەوا و دێموکراتیکی گەلان، پشتگیری خۆپیشاندانی مەدەنیانەیان دەکەین و خاوەنداریەتی لەرێچکەی بەرخۆدان و تێکۆشانی رەوایان دەکەین.

داوا لە سەرجەم گەنجانی ئێران و بە تایبەت رۆژهەڵات دەکەین کە لەدژی سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی رژێم پەرە بە رێکخستن کردنی خۆیان بدەن و پێشەنگایەتی سەرهەڵدانی دێموکراتیکی گەلان بە ئەستۆ بگرن و خاوەندارێتی لەدەستکەوتی دیمۆکراتیکی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد لەرۆژهەڵات بکەن.

لەکۆتاییدا جارێکی تر خاوەنداریەتی لەسەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئەرکی شۆڕشگێڕی و نیشتمانی خۆ دەزانین و بانگەوازی لەسەرجەم گەلانی ئێران و بە تایبەت جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە پەرە بە تێکۆشان و بەرخۆدانیان لەدژی رژێمی داگیرکەری ئێران بدەن و بۆ پاراستن لەشکۆ و ئیرادەی گەوهەرییان بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببن."

ف.ق