لە گرتەیەکى ڤیدیۆیى دا گەنجانی ئاپۆیى لە بۆکان بە بەرزکردنەوەى وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانى پەژاک، کۆدار و کەجەرە ساڵرۆژی لە دایکبوونی ئۆجالان و دامەزراندنى پارتى ژیانى ئازادیى کوردستان (پەژاک)یان پیرۆز کرد.
گەنجانى ئاپۆیى لە بۆکان لە پەیامەکەیاندا لە ڤیدیۆکەدا وتیان:
"رۆژی لە دایکبوونی مانی و مەزدەکى هاوچەرخ 'رێبەر ئاپۆ' و ساڵڕۆژی دامەزراندنى پەژاک لەگەڵ کورد و هەموو گەلانى ئازادیخواز پیرۆز دەکەین.
رۆژی لە دایکبوونى رێبەر ئاپۆ رۆژی لە دایکبوونی بەها مرۆییەکانە. لە دایکبوونی رێبەرایەتى دووبارە ژیانەوەى رابوونی ئیبراهیمییە لە دژی نەمرودەکان و بتەکانى سەرمایەداری. پێویستە گەلی کورد بە داکۆکی و بەرگری لە هێڵی رێبەر ئاپۆ، کە هێڵی راستى و راستەقینەیى کۆمەڵگەیە، بۆ بەدەستهێنانى ئازادی و لە ناوبردنى هەموو لەمپەرەکانى بەردەم کۆمەڵگە تێبکۆشێت.
رۆژی ٤ی نیسان بۆ گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان تایبەتمەندییەکى تری هەیە. ئەویش دامەزراندنى پەژاکە، کە دامەزراندنى پەژاک گورزێکى زۆر گەورە و کاریگەربوو لە هیوابڕاوی و چاولەڕێ بوون. پەژاک تۆڵەى خوێنى رۆڵە وڵاتپارێزەکانى رۆژهەڵاتە. دامەزراندنى پەژاک دەرەنجامى داکۆکی و بەرگرییە لە رێبەر ئاپۆ، کە بە خوێنى فەرزادەکان، شیرینەکان، ئارگەشەکان و تۆڵهەڵدانەکان پشکوتووە.
لە کۆتایدا جارێکیتر رۆژی لە دایکبوونى رێبەر ئاپۆ و ساڵرۆژی دامەزراندنى پەژاک لە گەلی کورد و هەموو گەلانى ئازادیخواز بە تایبەتى بنەماڵەى شەهیدان و هەڤاڵانى سەر چیاکان و گەلی وڵاتپارێزمان لە رۆژهەڵاتى پیرۆز دەکەین".
هاوکات بەپێى گرتە ڤیدیۆیەکى تر لە شاری بۆکانى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە، دەستەیەکى تر لە گەنجانى وڵاتپارێزی ئاپۆیى بە بەکارهێنانى درۆنێک (فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان) ئاڵاى پەژاکیان لە ئاسمانەوە بەسەر ئەو شارەدا نمایش کرد.
ر.م