گەنجانی باشوور کە لە بەرەکانی ڕۆژئاوادان: بەرهەم و کاڵای تورکی بایکۆت بکەن

گەنجانی باشووری کوردستان کە بەشداریان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوادا کردووە و لە ئێستادا لە بەرەکانی شەڕدان، داویان کرد خەڵکی باشووری کوردستان بەرهەم و کاڵای تورکی بایکۆت بکەن.

بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، گەل و گەنجانی باشووری کوردستان بەرهەم و کاڵای تورکی بایکۆت دەکەن. گەنجانی باشووری کوردستان کە بەشداریان لە بەرخۆدانی جەنگی ڕۆژئاوادا کردووە ڕایانگەیاند، بانگەوزییان بۆ گەلی باشوور ئەوەیە کاڵا تورکیەکان بایکۆت بکەن.

گەنجە شەڕڤانەکانی باشووری کوردستان لە بەرەکانی شەڕەوە ئاماژەیان بەوەدا، نابێت هیچ کەسێک بە کڕینی کاڵا و بەرهەمە تورکیەکان پشتگیری لە ئابۆری شەڕی داگیرکەری تورک بکات.

گەنجان ئەوەیان خستەڕوو، لە هەموو کاڵا و بەرهەمی تورکیدا خوێنی شەهیدان هەیە و بە کڕینی بەرهەمی تورکی ڕێگە بە کۆمەڵکوژی دەدرێت و ڕایانگەیاند، بە پارەی ئەو بەرهەمانە گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکرێن.

ف.ق