گەنجانی شاری کەرکوک داوای بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەکەن

لە ژێر دروشمی 'بەڵێ بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی' گەنجانی شاری کەرکوک داوای بایکۆتی شتومەکی تورکیان کرد.

ئەحمەد کەرکوکی

کەرکوک

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک کۆمەڵێک گەنجی شارەکە لە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەدا داوایان لە هاوڵاتیانی شارەکە کرد کاڵا و شتومەکی تورکی بایکۆت بکەن و نەبنە هاوکارێک بۆ دوژمن بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بەو پارەیەی دەچێت بۆ تورکیا بە کڕینی شتومەکی تورکی.

محەمەد ڕزگار وەک نوێنەری چالاکوانان وتی، "ئێمە وەکو کۆمەڵێک گەنجی شاری کەرکوک هەستاوین بە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە بۆ بایکۆتکردنی کەلوپەل و شتومەکی تورکی و هەروەها داوا لە هەموو هاونیشتمانیانی شاری کەرکوک دەکەین بەیەکەوە و بەیەک دەنگ هەنگاوبنێن بۆ بایکۆتکردنێکی سەرتاسەریی کاڵا و کەلوپەلی تورکی."

هەروەها محەمەد ڕزگار ڕاشیگەیاند، هەر کاتێک کاڵایەکی تورکی دەکڕین ئەوە  واتا کڕینی فیشەکێکە بۆ دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی هەر هاونیشتیمانیەکی کورد، بۆیە داواکارین هەموومان بەیەکەوە بە کردار بڵێین 'بەڵێ بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی' ئەمەش وەک هەڵوێستێک دژی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان."

ف.ق