گەنجانی شەنگال بۆ ئازادیی ئۆجالان رێپێوانیان ئەنجامدا

بە پێشەنگایەتیی یەکێتیی گەنجانی شەنگال، لە ناوچەى بۆرکێ لە شاری شەنگال رێپێوانێک رێکخرا. گەنجان داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان کرد.

گەنجانی شەنگال لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوانێکی بە مەشخەڵیان ئەنجامدا.

دەستەیەک لە گەنجانی شەنگال بە پێشەنگایەتیی یەکێتیی گەنجانی شەنگال لە بەردەم ئەنجوومەنی کۆمەڵگەى بۆرکێ کۆبوونەوە و بە وتنەوەى دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' و 'بژی بەرخودانی ئیمراڵی' تاوەکو ناو بازاڕ رێپێوانیان ئەنجامدا.

لە ناوەندی کۆمەڵگەکەدا بە ناوی یەکێتیی گەنجانی ئێزدی (یەجەشە - YCŞ) و یەکێتیی ژنانی گەنجی ئێزدی راگەیاندراوێکیان خوێندنەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کراوە و سڵاو لە بەرخودانی گەریلا کراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەر ئێزدییەکان دوژمنێکیان هەبێت، ئەو دوژمنە دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە، ئەگەر ئێزدییەکان دۆستێکیان هەبێت، ئەو دۆستە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە.

گەنجان رایانگەیاند، لە چوارچێوەى هەڵمەتی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' تێکۆشانی خۆیان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد درێژە پێدەدەن.

ژ.ت