گەنجانی ووڵاتپارێز لە کەرکوک هەڵمەتێکی ژینگە پارێزییان ئەنجامدا

کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان لە شاری کەرکوک هەڵمەتێکی پاککردنەوەیان ئەنجامدا بۆ پاککردنەوەی ژینگەی شارەکە.

ئێوارەی دوێنێ لە شاری کەرکوک کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان هەڵمەتێکی پاکردنەوەیان ئەنجامدا بۆ پاراستنی ژینگەی کەرکوک، لە هەڵمەتەکدا باخچەی گشتیی مارف بەرزنجی-یان پاککردەوە بۆ جوان کردنی سیمای شارەکە و گرنگیدان بە ژینگەی شاری کەرکوک.

سەبارەت بە هەڵمەتی پاککردنەوەکە، حەسەن عەلی ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان لە کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووتی: " ئێمە وەکو کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کورستان هەستاوین بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە بۆ پاککرنەوەی باخچە گشتییەکانی گەڕەکەکانی کەرکوک، ئامانجمان لەم چالاکییە پاککردنەوەی ژینگەی شارەکەیە، چونکە ئەم باخچانە شوێنی گشتین و خەڵکی کەرکوک بێزارن لە پیسبوونی ئەم باخچانە."

هەروەها حەسەن عەلی ووتیشی: "ئێمە پاککردنەوەی ئەم باخچەیەمان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانیوە تا بتوانین ژینگەیەکی پاکتر بۆ هاووڵاتییانی شارەکە بڕەخسێنین، پێویستە هاووڵاتییانیش هۆشیاربن لە پاک ڕاگرتنی ژینگەی شارەکەیان بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی شارەکە دەکەین هاوکارمان بن لە پاراستنی ژینگە."

ژ.ت