گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان تەعریبکردنەوەی کەرکوک و داگیرکاری سوپای تورک لە باشووری کوردستان ئیدانە دەکات و داواکاریشە وڵاتپارێزان هەڵوێست وەربگرن.
گەنجانى وڵاتپارێز لەوبارەیەوە بەیاننامەیەکیان خوێندنەوە و لە بەیاننامەکەدا هاتوە "لە ئەمڕۆدا پیلانێکی گشتی لەسەر خاکی کوردستان بەڕێوە دەچێت. داگیرکەران بە تەعریبکردنەوە و شێواندنی ژیانی هاووڵاتییان رۆژ بە رۆژ ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە و بەداخەوە رۆژانە بە پێش چاوی دەسەڵاتدارانەوە زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن. دەیان هەزار دۆنم زەویی جوتیاران ئاگر دەدرێن و دەسوترێن. دەردەکەوێت ئەم ڕووداوانە دەستی وڵاتانی هەرێمیی لە پشتە و ئەیانەوێت بە هێنانی عەرەبی هاوردە هاووڵاتییان ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن. هەرێم و بەغدا بەرپرسن و پێویستە قەرەبوی هاووڵاتییان بکەنەوە و چیتر هاووڵاتییان نەبنە قوربانیی ململانێی سیاسییەکان و پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن بۆ گێڕانەوی ئاشتی و ئارامی بۆ هاووڵاتییان".
لە بیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە "سوپای داگیرکەری تورکیا رۆژانە سوپاکەی لە کوردستان جێگیر دەکات و زیان بە گوند و رەزی هاووڵاتییان دەگەیەنێت و هاووڵاتییان و پێشمەرگە و گەریلا شەهید دەکات. حکومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی نییە و بگرە هاوکاریشی دەکات، بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراق و پەرلەمان لەسەر ئەم داگیرکارییە بێتە دەنگ، چونکە تەنیا هێرشکردن نییە بۆ سەر هەرێمی میدیا، بەڵکو پیلانێکە بۆ داگیرکردنی کوردستان و کەرکوک و موسڵ، داواکارین لە خەڵکی وڵاتپارێز لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییەدا هەڵوێست وەربگرن و بێدەنگ نەبن".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتوە: "ئێمە ئەو تەعریب کردنەوەیە و سوتاندنی ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان و هێرشەکانی سوپای داگیرکەر ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و داواکاریشین لە بەرامبەر ئەم هەڵمەتی قڕکردنەدا بێدەنگی بشکێت و چیدی نەهێڵن خەڵکی هەژار و فەقیر ببنە قوربانیی ململانێی سیاسیی بەرژەوەندیخوازان".
ر.م