گەنجانی کەرکوک بەشداری هەڵمەتی ئازادی بوون

ئەنجوومەنی گەنجانی وڵاتپارێزی کەرکوک رایگەیاند، لە دژی داگیرکەری، گۆشەگیری و فاشیزم بەشداریی هەڵمەتی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکەن.

لەبارەى هەڵمەتى 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' کە کەجەکە رایگەیاندووە، دەستەیەک لە ئەنجوومەنى گەنجانی وڵاتپارێزی کەرکوک راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە رایگەیاندراوەکەدا، گۆشەگیریی ٢١ ساڵەی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە بیرخراوەتەوە و رایانگەیاندووە، سەرباری گۆشەگیری لە ئیمراڵی سیاسەتی پاکتاوکردن بەسەر هەموو کوردستاندا دەسەپێنرێت.

ئەو گەنجانە رایانگەیاند، ئۆجالان بە بیر و فەلسەفەی خۆی سیستم و ژیانێکی نوێی بۆ مرۆڤایەتی ئافراندووە و وتیان "ئەوەش هێزە هەژمونگەرا باڵادەستە پێگەپارێزەکانی ترساندووە. ئەو دەوڵەتانە کە لەسەر پشتی گەلان دەسەڵاتی خۆیان دروستکردووە، لە هەبوونی رێبەر ئاپۆ دەترسن. لەبەر ئەوەش گۆشەگیریی قورسی ئیمراڵی رۆژ بە رۆژ بەسەر رێبەر ئاپۆدا چڕتر و توندتر دەکرێتەوە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "گۆشەگیری بۆ سەر گەنجان، ژنان، دایکان، منداڵان و بە تەمەنەکان.... هتد. بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبرین. گۆشەگیری لە بنەڕەتدا ناوەندی شەڕی پاکتاوکردنە. داگیرکەریی تورک هەموو هێز و بۆچوونی خۆی لەوەوە وەردەگرێت. لەبەر ئەوەش هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێکی کوردستان. هێرش دەکاتە سەر کولتور، زمان و خاکەکەمان. تێکشکاندنی گۆشەگیری کۆتایهێنانە بە داگیرکەریی تورک.

ئێمەى گەنجان و ژنانی گەنج لە باشووری کوردستان رایدەگەیەنین، گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ گۆشەگیرییە لەسەر کورد و کوردستان. لەبەر ئەوەش ئێمە قبوڵی ناکەین، بۆیە لە دژی گۆشەگیری تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر و گەورەتر دەکەین.

ئێمە لێرەدا رایدەگەیەنین بەشدار دەبین لە هەڵمەتی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە'، کە کەجەکە رایگەیاندووە. ئێمە وەک گەنجان و ژنانی گەنجی باشووری کوردستان بە دروشمی 'بە ورەی جەنگی حەفتانین داگیرکەری تێکدەشکێنین، کوردستان دەپارێزین' بەشداری هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ دەبین".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گەنجانی باشووری کوردستان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دژی گۆشەگیری و داگیرکەری لە هەموو ناوچە و شارەکاندا دەڕژێنە سەر شەقامەکان و چالاکی ئەنجام دەدەن.

داواشیان لە هەموو گەنجان کردوە، بە بەهێزی بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکەن و ئەوەشیان وتوە "دەبێت هەموو گەنجان رۆڵی پێشەنگایەتیی خۆیان بۆ تێکشکاندنی داگیرکەری و پاراستنی کوردستان بگێڕن".

ژ.ت