گەنجانی کەرکوک: تا زانیاری لە ئیمڕالیەوە بڵاونەکرێتەوە، ئێمە لە گۆڕەپانەکان دەبین

ئەندامانی گەنجانی ولاتپارێز لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە دوێنی لە ئیمڕالی قسەیان کرد. گەنجان رایانگەیاند تا زانیاری لە ئیمڕالیەوە بڵاونەکرێتەوە، چالاکیەکانیان بەردەوام دەبن.

دەرسم گەرمیانی ئەندامی گەنجانی وڵاتپارێز ڕایگەیاند، ئاگرکەوتنەکە، رووداوێکی ئاسایی نییە و وەک بەردەوامی پیلانگیڕی نێودەوڵەتی پێناسەی کرد.

گەرمیانی ئاماژەی بەوەدا،" رێبەر ئاپۆ بە هزر و فەلسەفەکەی دەتوانێت ڕێگای ئازادی و تێکۆشانی گەلی کورد تا سەرکەوتن ببات. ئەم ئاگرەی لە ئیمڕالی کراوەتەوە، ڕووداوێکی گۆماناویە. تا ئێستا زانیاری لەسەر تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ بڵاونەکراوەتەوە. ئێمە وەک گەنجانی باشووری کوردستان کۆڵان و شەقامەکان دەکەینە گۆرەپانی تێکۆشان. تا زانیاری لە ئیمڕالی بەدەستنەهێنرێت ئێمە لە گۆڕەپانەکان دەبین. تا ئیستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک رێگای بە پارێزەر و خانەوادەکان نەداوە سەردانی ئیمڕالی بکەن . ئەمەش جێگای گۆمانە. پێویستە هەموو ئازادیخوازانی جیهان دەنگیان بەرز بکەنەوە. ئێمە وەک گەنجانی باشووری کوردستان بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێت. ئێمە ئامادەین لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ ببن بە بازنەیەک لە ئاگر."

ئامەد کەرکوکی ئەندامی گەنجانی وڵاتپارێزیش لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە ئیمڕالی بانگی لە گەنجان و گەلی باشوور کرد لە بەرانبەر ئەم پیلانگێڕیە بیدەنگ نەبن. کەرکوکی وتی، "ئێمە وەک کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان بانگ لە گەلی خۆمان دەکەین خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن. دوێنی زانیاریەکی گۆماناوی لە ئیمڕالی بڵاوکراوەتەوە. ئەوەش جێگای نیگەرانیە. ئێمە هیوامان وایە گەلی کورد لە بەرانبەر ئەم زانیاریە بێدەنگ نەبێت. پیلانگێڕیەک لەدژی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبرێت. هیچ زانیاریەکی باوەرپێکراو ڕانەگەیەنراوە. هێوامان وایە گەلەکەمان بڕژێتە ناو شەقامەکان تا زانیاریەک لە ئیمڕالی بەدەستدەهێنرێت. پێویستە پارتەکانی باشوور و گەلی باشوور بێدەنگ نەبن."

ف.ق