یارکن: کورد وەک 'جەستەیەک بۆ کوشتن' سەیر دەکرێت

کۆمەڵناس گوڵستان یارکن ئەندامی کۆمسیۆنی دژ بە نەژادپەرەستی و جیاکاری لە کۆمەڵەى مافی مرۆڤی تورکیا (ئیهەدە) لەبارەى زۆربوونی هێرشە نەژادپەرەستییەکان لە تورکیا لە دژی کورد رایگەیاند "هێرشبەرەکان کورد وەک جەسەتیەک بۆ کوشتن سەیر دەکەن".

کۆمەڵناس گوڵستان یارکن ئەندامی کۆمسیۆنی دژ بە نەژادپەرەستی و جیاکاری لە کۆمەڵەى مافی مرۆڤی تورکیا (ئیهەدە) لەبارەى زۆربوونی هێرشە نەژادپەرەستییەکان لە تورکیا لە دژی کوردان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) رایگەیاند "تاکە هۆکار بۆ ئەو ھێرشانە ئەوەیە، کە کورد قوربانییە و ئەنجامدەرانی هێرشەکانیش کورد وەک 'جەستەیەک بۆ کوشتن' سەیر دەکات".

یارکن باسی ئەوەیکرد، لە تورکیا لە دژی پێکهاتە و گروپە جیاوازەکانی وەک کورد، سوریانی، ئەرمەن، عەلەوی، یەهودی و جو، رۆم، رۆمان و چەندین گروپی تر هێرشی نەژادپەرەستی ئەنجام دەدرێن و تی "هەندێک لە هێرشە نەژادپەرەستییەکان راستەوخۆ لە دژی ماڵ و موڵکی کەسەکانە، هەندێکیشیان لە دژی جەستەى مرۆڤەکانە. هەندێک لە هێرشەکانیان بەشێوەى لەناکاو و لەلایەن کەسەکانەوە ئەنجام دەدرێن. هەندێکی تریشیان بە شێوەیى رێکخراو و پلان بۆ دانرا و بە شێوەى قەرەباڵغ ئەنجام دەدرێن".

گوڵستان یارکن باسی ئەوەشیکرد، نەژاپەرەستی هەم لەلایەنی هەستی کەسییەوە ئەنجام دەدرێت و هەم پەیوەندیی بە سیستم و دام و دەزگاکانەوە هەیە و وتی "هێرشە نەژادپەرەستییەکان لە دژی کوردان لە ساڵانی ١٩٩٠ بە دواوە لە شارەکانی تورکیادا دەستیان پێکردووە، ئەوەش هیچ جیاواز و دابڕاو نییە لەو سیاسەتە نەژادپەرەستی و شەڕە، کە دەوڵەت لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە دەستیپێکردووە. بۆ ئەوەى کۆتایی بە نەژادپەرەستی بێت دەبێت سیستمێکی کۆمەڵایەتی دابمەزرێت، کە دەرفەت و هەل و سەرچاوە ئابووری، کولتوری و سیاسییەکان بۆ هەموو گروپە ئیتنییەکان بە شێوەیەکى یەکسان دەستەبەر بکات.

بۆ ئەوەى مرۆڤی خاوەن هەست و بۆچوونی نەژادپەرەستی بگۆڕدرێت، پێوستی بە هۆشمەندییەکى بەهێز لە دژی نەژادپەرەستی هەیە و پێویستە بزووتنەوەیەکی بەهێزی دژە – نەژادپەرەستی دروست بکرێت، بۆیە کارکردن لەو پێناوەدا بۆ خۆی گۆڕەپانێکی ناکۆتایە بۆ تێکۆشان".

یارکن سەرنجی خستەسەر هێرشە 'لە ناکاوەکان' لە دژی کوردان و وتی 'بۆ نمونە ئەگەر سەیری ٢ رووداوەکەى ساکاریا بکەین، کە مرۆڤ تیایدا ژیانی خۆیان لە دەستداوە، کردەوەکانی هەر ٢ رووداوەکە کاردانەوەى لە ناکاوی نەژادپەرەستانە بوون، ٢ کورد دەکوژن کە هەرگیز نەیانناسیون. ئەگەر لە یادتان بێت، لەم ماوەیەدا لە ساکاریا کادیر ساکچی، شیرین تۆسون، لە ئەنقەرە بارش چاکان کوژران. کادیر ساکچی لەگەڵ کوڕەکەى خۆیدا بە کوردی قسەى کردبوو، بکوژەکە کاتێک گوێی لە قسەکردن بە کوردی بووە، لێ پرسیون 'ئێوە کوردن'، دوای ئەوەى وەڵامی 'بەڵێ' دەبیستێت، کادیر ساکچی دەکوژێت".

یارکن ئاماژەى بەوەشکرد "تاکە هۆکاری ئەو کوشتنانە ئەوەیە، ئەوانەى کوژراون کوردن و بکوژیش کورد وەک 'جەستەیەک بۆ کوشتن' سەیر دەکات".

یارکن وتیشی "ئەو هێرشانە تەنها لە ساکاریا روویان نەداوە، هەر لەم دواییانەدا کادیر ساکچی و شیرین تۆسون لە ساکاریا کوژران. جگە لەوانەش هەر لەم دواییانەدا لە ساکاریا لە دژی کرێکارانی وەرزیی کورد هێرشی نەژادپەرەستانە ئەنجامدرا، بۆیە لەم دواییانە ناوی ساکاریا زۆر کەوتە بەر باس.

هەروەها لە چانکالا ئەکرەم یاشلیی تەمەن ٧٤ ساڵ لەبەر ئەوەى بە کوردی قسەى کردبوو، هێرشکرایە سەری و کوشتیان، بۆیە ئێمە هێرشی لەو جۆرە لە دژی کوردان لە شارەکانی تورکیادا دەبینین و ئەو هێرشانە تەنها لە یەک شاردا ئەنجامنادرێن".

یارکن لەبارەی هەندێک کەس، کە هەوڵ دەدەن هێرشەکان وەک هێرشێکی ئاسایی نیشان بدەن، کە رۆژانە لە ئاستی جیهاندا روودەدن، وتی "ئەوانەى هەوڵ دەدەن هێرش لە دژی کرێکارانی کورد وەک هێرشێک، کە لە ئاستی جیهانیشدا روودەدەن نیشان بدەن، هەوڵە بۆ ئەوەی لایەنی نەژادپەرەستیی ئەو هێرشە بشارنەوە. ئەو نزیکایەتی و رەفتارە هەڵەیە. هێرش لە دژی کرێکارانی کورد یان هێرش لە دژی عەرەبەکانی سوریا، هێرشی نەژادپەرەستین، چونکە لەم جوگرافیایەدا هەرگیز هیچ هێرشێکی لەو شێوەیە نەکراوەتە سەر کرێکارانی تورک".

ژ.ت