یانزدەیەمین گرووپی گەنجانی باشوری کوردستان بەشدارییان لە 'بەرخۆدانی شکۆ' دا کرد

لە باشوری کوردستانەوە گرووپی یانزدەیەمین گەنجانی باشوور لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداری 'بەرخۆدانی شکۆ' بوون. بە گەیشتنی ئەم گرووپە ژمارەی ئەو گەنجانەی لە باشوورەوە بەشداری بەرخۆدانەکە بوون، گەیشتە ٨٠ کەس.

تووڕەیی گەلی باشوری کوردستان لە دژی هێرشەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت. جگە لە خۆپیشاندان و بایکۆتکردنی کەل و پەلی تورکی و داواکاریی بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان، گەنجانیش پەیتا پەیتا ڕوو دەکەنە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشداری ڕیزەکانی شەڕڤانان دەبن.

یانزدەیەمین گرووپی گەنجانی باشوری کوردستان لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەشداری 'بەرخۆدانی شکۆ'ی ڕۆژئاوای کوردستان بوون.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ١١ی تشرینی یەکەم دەستی بە هێرشەکانی  سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد، گەنجانی باشووریش سەفەربەریان ڕاگەیاند. تا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ١٠ گرووپ پەیتا پەیتا دەرباسی ڕۆژئاوای کوردستان ببون و بەشداری ڕیزەکانی شەڕڤانان و 'بەرخۆدانی شکۆ' بوون.

لە دوایین بەشداریکردنیشدا یانزدەیەمین گرووپ دەرباسی ڕۆژئاوای کوردستان بوو. بە گەیشتنی گرووپی یانزدەیەم، ژمارەی گەنجانی باشوری کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە 'بەرخۆدانی شکۆ' دا گەیشتنە ٨٠ کەس.

ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە چەندین گەنجی دیکە بە دەستپێشخەریی خۆیان ڕوو لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، لەوێ ژمارەکە زۆر زیاترە.

ز.ش