یوسف شێخ بزێنی: بڕیارەکەی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش گرنگ و یاساییە

یوسف شێخ بزێنی چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بڕیارێکی گرنگ و یاساییە. ئەوروپا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی سیاسییە نەک یاسای. گومانیشی هەیە تورکیا بەو بڕیارە ڕازیبێت و ئازادی بکات.

یوسف شێخ بزێنی چاودێری سیاسی ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان دوای هەستکردن بەشکستەکانی و بەرەو پێشچوونی هەدەپە و دەمیرتاش لەو شۆڕشە سیاسییەی بەرپایانکرد، ئەردۆغان کەوتە دەستگیرکردنی ئەوانەی کوردن ئەتوانن کەسانێکی زۆر لە خۆیان کۆبکەنەوە قەزیەی کوردی جوان نیشان بدەن .

 

یوسف شێخ بزێنی چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "بڕیارەکەی ئەوروپا زۆر یاساییە و هیچ پەیوەندیی بە کوردەوە یان تورکیاوە نییە، چونکە لە تورکیا بە بڕیارێکی زۆر توند و خێرا بێ ئەوەی لیکۆڵینەوە بکات دەمیرتاش درایە دادگا. پاشان بەو یاسایەی تورکیا ئەمڕۆ دایهێناوە، ئەگەر مرۆڤی سیاسەتمەدار چەواشەکاری دروست بکات لە ڕووی دەستوورەوە یان لە ڕێی شەقامی تورکیاوە بۆی هەیە لیکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت نەک زیندان بکرێت".

ڕاشیگەیاند: "ئەوروپا گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئەم مەسەلەیە پەیوەندیی بە خودی دەمیرتاشەوە نییە ئەمە پەیوەندیی بە مەسەلەیەکی سیاسییەوە هەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەمڕۆ لە تورکیا ئەوانەی، کە کوردن ئەتوانن کەسانێکی زۆر لە خۆیان کۆبکەنەوە قەزیەی کوردی جوان نیشان بدەن دەستگیردەکرێن. پاشان ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی دەمیرتاش کردیەوە لەگەڵ ئەوروپا پێش زیندانیکردنی، ئەوروپا گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئەو کەسێک نییە هەڕەشەبێت لەسەر ئەوروپا و تورکیا".

شێخ بزێنی هەروەها وتی: "بەڕای من تورکیا نیازی نییە دەمیرتاش ئازاد بکات ئەگەر ئازاد نەکریت دۆسیەی قەشە ئەمەریکییەکە و جەمال خاشقچی چی لێهات ئەم دۆسیەیەش بە هەمان شێوە قورس ئەبێت لەسەر تورکیا و گاریگەریی زۆر خراپی لەسەر تورکیا دەبێت لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە".

وتیشی: "یەکێتیی ئەوروپا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو دۆسیەیەی پێی گیراوە. ئەوەش ئاماژەیەکی ترسناکە لەسەر تورکیا، چونکە تەنانەت ئەو دادوەرەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەمیرتاش کردووە دەبێت دادگای بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕاستی ئەو شۆڕشە سیاسییەی هەدەپە بەرپایکرد تورکیای لەرزاند. عەرشی ئەردۆغان لە مەترسیدابوو. هەستیکرد هەر چۆنێک بێت ئەم مەشغەڵە ئەم کاروانە ڕاگرێت. زیندانیکردنی کوردانی باکور، شۆڕشگێرانی باکور لەسەرەتاوە دەست پێ دەکات تا ئەمڕۆ بەردەوامە".

لە کۆتایدا ڕایگەیاند: "دوو زیندان هەیە ئێستا لە تورکیا، زیندانێکیان ڕێبەر ئۆجالانە، کە بە پاساوی ئەوەی جەنگی هەڵگیرساندووە دژی ئاشتیخوازی و زیندانییەکی تریش هەیە، کە بەهۆی شۆڕشی ئاشتیخوازییەوە زیندانیکراوە. بۆیە ئەوروپا گەیشتنە ئەو قەناعەتە، کە لە بڕیارەکەیا بنووسێت، ئاشتی لە تورکیا لە زینداندایە و لەسەرە مەرگدایە".

ر.م