یەپەسە لە ئامەد لە دژی تیمە تایبەتەکان چالاکی ئەنجامدا

تیمەکانی وڵامدانەوەی شەهید چەکدار ئامەد-ی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی سڤیل-یەپەسە رایگەیاند، لە ئامەد لە دژی تیمە تایبەتەکانی سوپای تورک چالاکیان ئەنجامداوە و ئەندامێکی تیمە تایبەتەکان بریندار بووە. هاوکات بازرگانێکی مادە هۆشبەرەکانیش سزا دراوە.

تیمەکانی وڵامدانەوەی شەهید چەکدار ئامەد-ی سەر یەپەسە رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە لە داگیرکەر و سیخوڕان، لە ئامەد دوو چالاکیان ئەنجامداوە.

لە راگەیێنراوەکەدا هاتوو، لە بەرواری ١٦ی ئەیلولدا کاتژمێر ٠٣:٠٠ لە سەر رێگای ئامەد-فارقین لە دژی هێزەکانی دوژمن بە بۆمبی دەستی چالاکیەکیان ئەنجام داوە و راشیانگەیاند، لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ئەندامێکی تیمە تایبەتەکانی سوپای تورک بریندار بووە و لە بارەی ژمارەی کوژرا و بریندارەکانی تری سوپا زانیاریان بەدەست نەهێناوە.

لە بەشێکی تری راگەیێنراوەکەدا باس لەوە کرا کە لە ١٣ی ئەیلولدا کەسێک بە ناوی (م.ئە) کە پێشووتر ئاشکرا بووە بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەکات، لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد سزا درا. هاوکات ئەو مادە بێهۆشکەرانەی لەگەڵی گیرابوون، لەناو براون.

لە کۆتایی لێدوانەکەشدا هاتووە، ئەوان بە ناوی تیمەکانی وڵامدانەوەی یەپەسە خاوەنی ئەو هێزەن کە لە کوردستان لە دژی ئەو دوژمنە بوەستنەوە کە خەریکی یاریە قێزەوەنەکانە و جەختیشی کردەوە کە تاکە رێگای لەناوبردنی ئەو دوژمنە ئەوەیە کە بەو زمانەی لێی تێدەگات، لێی بدەی و وتیشی:"تۆڵەسەندنەوە سوێندەکەمان دەبێت و سەرکەوتنیش تاکە قسەمان دەبێت. لە هەموو ساتێک و هەموو جێگایەک لە دوژمن دەدەین و دەبینە وڵام بۆ شەهیدان و گەلەکەمان."

ز.ش