یەپەژە: با ئاگری نەورۆز بگەشێنینەوە و داگیرکاری لە ناو بەرین

یەپەژە رایگەیاند، بۆ لەناوبردنی زوحاقی سەردەم، پێویستە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بە رۆحی نەورۆز بجوڵێینەوە و بە رێنوێنیەکانی رێبەر ئاپۆ لە بارەی شەڕێ شۆڕشگێری گەلەوە، هەموو تاکێک ناسنامەی خۆی، هەبوونی خۆی، شکۆی خۆی، وڵاتی خۆی و خاک و ماڵی خۆی بپارێزێت.

فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە لە راگەیێندراوێکدا جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد.

لە راگەیێندراوەکەی یەپەژە دا هاتووە:

"لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە رۆحی خۆڕاگریەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەین کە بووەتە سیمبۆلی بەهاری گەلان و ئەم جەژنە لە شەهیدانی شۆڕشگێر، رێبەر ئاپۆ، بە تایبەت گەلی خۆڕاگرمان کە چەندین ساڵە بێوچان، لە ناو جۆشی شۆڕشدا خەبات دەکات و هاوکات لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گشت جیهان پیرۆز دەکەین.

'نەورۆز واتە پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی دژی زوڵم'

گەلی کوردستان بە هەزاران ساڵە بە بێ وەستان و ماندووبوون، لە دژی زوڵم و داگیرکاری لە خۆڕاگریدایە و هیچ کاتێکیش سەری دانەنواندووە. بە یەکگرتنەوە مێژوویەکەی گەلان، هەموو کات کۆتایی بە ئیمپاراتۆری و هێزە داگیرکەرەکان هاتووە. ئەم خۆڕاگریە بە شکۆیەی گەلان لە ئاستی کاوەی ئاسنگەر، بە واتادارترین شێواز خۆی پێناسە کردووە. گەلی کورد، ئاسووری، فارس، تورکمان، ئێزیدی و هتد... بە گەشکردنی ئاگری نەورۆز رۆژە نوێیەکەیان و سەرکەوتنەکەیان لە دژی زاڵمان پیرۆز کردووە. لەم چوارچێوەیەدا نەورۆز نەک تەنها جەژنێکە، بەڵکو هاوکات وەبیرهێنانەوەی سەرکەتنەکانە بەسەر زوحاقەکاندا. ئەمەش دەبێتە هۆی پیشاندانی رێگای خۆڕاگری لە دژی زوحاقەکانی سەردەم و دەبێت بە نەخشەرێگای راپەڕین و خۆڕاگریی گەلان لە بەرامبەر هەر جۆرە زوڵم، داگیرکاری، تاڵان و دەستدرێژیەک.

'نەورۆز واتا نوێکردنەوەی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە'

ئێمە وەکو یەکینەی پاراستنی ژنان-یەپەژە وەبیری دێنینەوە کە نەورۆز بۆ ئێمە واتە نوێکردنەوەی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە. بۆ ئازادی و سەرفرازی، ئێمەش وەکو یەپەژە لە تێکۆشانی بەرفراوانی شۆڕشی رۆژئاوادا، بە هەزاران قوربانی گران بەهاماندا. بۆیە بەم بۆنەیەوە، بەرزکردنەوەی شەڕی ئازادی و مانەوە، بۆ ئێمە دەبێتە شکۆدارترین بەڵێن کە ببین بە خۆڕاگرانی نەورۆز.

'بە رۆحی نەورۆز خاوەنداری لە بوونی خۆتان بکەن و بە رێنوێنیەکانی رێبەرایەتی، شکۆی خۆتان بپاریزن'

پێویستە ئەمڕۆ هەموومان لە هەموو کاتێک زیاتر بە رۆحی نەورۆز خاوەنداری لە هەبوونی خۆمان بکەین کە رووبەرووی پلانگێری و مەترسیەکی گەورە بووەتەوە و بۆ پاراستنی ناسنامە و وڵاتی خۆمان، بۆ لەناوبردنی زوحاقەکانی سەردەم، دەبێت هەموو کەسێک بە رێنوێنیەکانی رێبەر ئاپۆ لە بارەی شەڕی گەلی شۆڕشگێر، ناسنامەی خۆی، هەبوونی خۆی، شکۆی خۆی، وڵاتی خۆی، خاک و ماڵی خۆی بپارێزێت. چونکە گەلی کورد لە مێژوودا رووبەرووی زیان و ئازارێکی زۆر بووەتەوە، لە هەڵەبجەوە بگرە تا دەگاتە راپەڕینی قامشلۆ، لە گەلیی زیلانەوە بگرە تا دەگاتە مەهاباد و عەفرین و دوایین جاریش لە سەرێکانی و گرێ سپی جارێکیتر ویستیان هەبوونی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەی لەناو بەرن. لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژی و پلانگێریانە لە داستانی کاوەی ئاسنگەرەوە تا قارەمانەکانی سەردەم، وەکو ئارین میرکان، بارین، ئاڤەستا، ئیلان و دواین جاریش رۆناهی و بەرخۆدان بۆ ژیانەوەی گەلی ناوچەکە، گیانیان فیدا کرد. ئەمەش پیشان دەدات کە ئەمڕۆ بە سەدان هەزار کاوەی ئاسنگەر لە بەرامبەر زوڵمی زوحاقەکانی سەردەم شەڕ و تێکۆشانێکی بێوێنە بەڕێوە دەبەن.

ئەمڕۆش بە پێشەنگایەتی شەڕڤانانی یەپەژە جەنگی شکۆ بەڕێوە دەبرێت. ئێمە ئەمساڵ ئاگری نەورۆز بە رۆحی رۆناهی، زین، ئامارا، زیلان، دلۆڤان، بەرمال، هەڤرین و دایکی عەقیدە بە شانازیەوە بەڕێوە دەبەین و گەشی دەکەینەوە. ئێمە لەو بڕوایەداین بە بەرفراوانکردنی رێکخستنبوون و خۆڕاگری ژنان، نەورۆزی ٢٠٢٠ دەبێت بە نەورۆزی تۆڵەسەندنەوە و سەرکەوتنی مێژوویی.

ئێمە وەکو هێزەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە بە رۆحی نەورۆزەوە، بەڵێنی بەرفراوانکردن و تێکۆشان و خۆڕاگری دەدەین. بەو هیوا و بڕوایەی کە هەموو رۆژێکمان وەکو نەورۆز لێوانلێو دەبێت لە تێکۆشان و سەرکەوتن دەبێت بە بەشی گەلی کورد، ئێمە جارێکی دیکە نەورۆزی گەلەکەمان و بە تایبەت نەورۆزی ژنانی ئازادیخواز پیرۆز دەکەین."

ز.ش