– ئامەد
ئەو گرتووخانانەى لە ماوەی ئەم ١٨ ساڵ دا دروستکراون و ئەوانەى پلانی دروستکردنیان بۆ دانراوە، سیاسەتی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە دژی کوردان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەخاتەڕوو.
ژمارەی روونی زیندانیان لە دەزگای سزادانی تورکیا تاوەکو تشرینی ٢٠١٩ بە باشی دیار نییە. دوای راگەیاندنی باری نائاسایی و بڕیارەکانی حکومەتی باری نائاسایی، پرۆژە یاسایەک ئامادە کرا و بەو پرۆژە یاسایە رێگری لەوە کرا، لەسەر دۆخی زیندانیان و گرتووخانەکان زانیاری و ئامار بە رێکخراوە مەدەنییەکان، پارێزەران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بدرێت.
لەلایەکی ترەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای سزادان و زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی داد، کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ زانیاری و ئاماری زیندانەکانی بە رێکوپێکی بڵاودەکردەوە، لەم ساڵانەی دوایدا دەستی لە بڵاوکردنەوەى ئامار و زانیاریی سەر زیندانیان هەڵگرتووە و ئیدی بڵاویان ناکاتەوە.
لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای سزادان و زیندانەکان جگە لە زانیاری لەسەر راگەیاندنی پرۆژە یاسای رێگریکردن لە پێدانی زانیاری بە رێکخراوە مەدەنی و مرۆیی و پارێزەرەکان هیچ ئامار و داتا و ژمارەیەک لەسەر زیندانیانی تیادا نییە.
هەروەها لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی وەزارەتی داد دا دوایین ئاماری زیندانییەکان، کە بڵاوکراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ و لەو کاتەوە ئیدی هیچ ئامارێک لەسەر زیندانیان بڵاونەکراوەتەوە.
شەعبان یڵماز بەڕێوەبەری دەزگای سزادان و زیندانەکان لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ دا لە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمان دا رایگەیاند، ژمارەی زیندانییەکان ٢٥٨ هەزار و ٦٦٠ کەسە.
ژمارەی گرتوخانەکان
کاتێک مرۆڤ سەرنج دەخاتە سەر ئاماری رێکخراوە مەدەنییەکان ئەوە دەبینرێت، کە ژمارەی زیندانییەکان لەو ژمارەیە زیاترە، کە دەزگا حکومییەکان بڵاویانکردووەتەوە. ژمارەی گرتوخانەکانی تورکیا تاوەکو ١ی تەممووزی ٢٠٢٠ گەیشتە ٤٤٥ گرتووخانە. گرتووخانەکان لە پیت و جۆری ئەی، بی، سی، دی، ئی، ئێف، ئێچ، کەی، ئێڵ، ئێم، ئاڕ، ئێس، تی (A, B, C, D, E, F, H, K, L, M, R, S, T) و بەوپەڕی ئاسایشی بەرزەوە دروستکراون.
قەبارەی گرتووخانەکان و ئەو ئامانجەی بۆیان دانراوە
لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای سزادان و زیندانەکان دا باس لەوە دەکرێت، کە ٩ گرتووخانەی ژنان، ٧ گرتوخانەی منداڵان و بە گشتی ٢٨٢ گرتوخانەى داخراو هەیە. هەروەها ٧ گرتوخانەى ژنان، ٤ گرتوخانەى منداڵان و بە گشتی ١٦٣ گرتوخانەى سەر کراوەش هەیە. بە گشتی ژمارەی گرتوخانەکان دەگاتە ٤٤٥ گرتوخانە.
لەبارەی قەبارەی گرتووخانەکانەوە دەوترێت بۆ ٢٣٦ هەزار و ٧٥٥ کەس دروستکراون. ئەگەر ئەو گرتوخانەى تر، کە لە دروستکردندان و پلانی دروستکردنیان بۆ دانراوە بەوە زیاد بکرێت، ئەوا قەبارەی زیندانەکان شوێنی ٨٠٠ هەزار کەسیان تیادا دەبێتەوە. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە گرتووخانەکان شوێنی سەدا یەکی دانیشتوانی باکووری کوردستان و تورکیایان تیادا دەبێتەوە و زیندانی دەکرێن.
گرتوخانەکان لە کوردستان
لە ماڵپەڕی دەزگای سزادان و زیندانەکانی تورکیادا باسی ئەوەکراوە، تاوەکو ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە کوردستاندا ٨٧ گرتووخانە هەبوون، سەرباری ماڵپەڕێکى ئینتەرنێت کە بۆیان دانراوە، بەڵام هیچ ئامار و زانیارییەک لەسەر ژمارەی زیندانییەکان و قەبارەی گرتوخانەکان بڵاونەکراوەتەوە.
ژمارە و جۆری گرتووخانەکان لە باکووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوەن:
* ٧ گرتووخانە بە ئاسایشی بەرەزە لە (دیلۆک جۆری ئێچ، ئەرزرۆم جۆری ئێچ، ئامەد جۆری دی، خارپێت ژمارە ١، خارپێت ژمارە ٢، وان جۆری ئێف و وان بە ئاسایشی بەرزەوە) هەیە.
* ٥١ گرتوخانەى داخراو هەیە.
* گرتووخانەیەکی منداڵان و گەنجان لە ئامەد هەیە.
* گرتووخانەی ژنان لە ئامەد و خارپێت هەیە.
* ٦ گرتووخانەی داخراوی جۆری ئەی لە (نزیپی دیلۆک، وێرانشاری رحا، دێرسیم، خنسی ئەرزرۆم، بازیدی ئاگری، ئەردیشی وان)دا هەیە.
* گرتووخانەیەکى داخراوی جۆری بی لە ئیدر هەیە.
* ١١ گرتووخانەی داخراوی جۆری ئی لە (دیلۆک، سەمسوور، ئامەد، رحا، مێردین، سێرت، خارپێت، ئەرزرۆم، مەلەتی، موش و بەدلیس)دا هەیە.
* ٥ گرتووخانەى داخرای جۆری کەی لە (دیلۆک، ئارابانی گوڵباشیی سەمسور، دەپی خارپێت، کەبانی خارپێت و خۆراسانی ئەرزرۆم)دا هەیە.
* ٣ گرتووخانەی داخراوی جۆری ئێڵ لە (دیلۆک، کیلیس و پاتنۆسی ئاگری)دا هەیە.
* ٥ گرتووخانەی داخراوی جۆری ئێم لە (میدیاتی مێردین، ئێلح، چەولیک، ئاگری و وان)دا هەیە.
* ١٦ گرتووخانەی داخراوی جۆری تی لە (ئیسڵاحییەى دیلۆک، نزیپی دیلۆک، ژمارە یەکی رحا، ژمارە دووی رحا، سێوەرەگی رحا، ژمارە یەکی ئامەد، ژمارە دووی ئامەد، شرنەخ، خارپێت، ئەرزینگان، ئۆڵتوی ئەرزرۆم، ئەردەخان، قەرس، ئاگری، بازید و وان) دا هەیە.
* گرتووخانە داخراوەکانی ئاگری و جۆلەمێرگ.
* ٢٨ گرتووخانەی سەر کراوە
* ٩ گرتووخانەی سەرکراوەی سەر بە گرتووخانەکانی (ئیسڵاحییە، نیزیپ، کیلیس، میدیات، شرنەخ، ئەرزینگان، چەولیک، ئەردەخان و ئاگری) هەیە.
* ١٩ گرتووخانەی سەرکراوەی سەر بە گرتووخانەکانی (دیلۆک، شەهید کامیل، سەمسوور، رحا، کانیا خەزلان، سێوەرەگ، ئامەد، سێرت، دۆغان شەهیری مەلەتی، سیڤیرجەی خارپێت، کەمپی گرتووخانەی خارپێت، ئەرزرۆم، دوملوی ئەرزڕۆم، نارمانی ئەرزرۆم، بەدلیس، قەرس، پاتنۆس، بازید، وان، ئەردیشی وان) و ماڵی پەروەردەی منداڵان لە خارپێت هەیە.
* لە باکووری کوردستان لە خارپێت و ئامەد ٢ کەمپی زیندانیان هەیە.
ژ.ت