لە ٢٢ تەموزی ساڵی ٢٠٠٨ کۆمەڵێک پەرلەمانتاری داخ لە دڵ و شۆڤێنی کۆبونەوەیەکی نھێنی-یان ئەنجامدا بۆئەوەی مادەیەکی شێواو و ناتەواو دەربکەن کە ئەویش مادەی ٢٤ بوو کە ھیچی کەمتر نەبوو لە مادەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش(مجلس قیادة الثورة)ی رژێمی بەعس چونکە ناوەڕۆکی مادەکە ئەوەبوو کەرکوک بگەرێتەوە پێش ٩/٤/٢٠٠٣ دیارە پێش ئەو مێژووەش، حکومەتی بەعس بەسەرۆکایەتی سەدام حوسێن حوکمڕانی عێراق و کەرکوک بووە.
ئەوەبوو کەرکوکییەکان کە ھەمیشە سنگی خۆیان کردۆتە پارێزگاری بۆ قەڵای کەرکوک لە ٢٨/٧/٢٠٠٨ ھەموو چین و توێژەکان لە ھەموو گەڕەکێکی کەرکوکەوە لە ھەموو شارۆچکە و گوندەکانی کەرکوکەوە ڕژانە ناو شەقامەکانی کەرکوک بە ئاڵای سپییەوە و بەدروشمی (لێرە نارۆین) ئەو مادەیەیان زیندە بەچاڵ کرد،
دیارە پاشماوەکانی بەعس و تیرۆریستان و داخ لە دڵان ئەو راپرسییەی کەرکوکییەکانیان پێ ھەرس نەکرا، ناچار پلانێکی دڕندەیان داڕشت ئەوەبوو گەورەترین تەقینەوەیان لە شاری کەرکوک ئەنجامدا کە کورد ئەو رۆژەی لە بیرناچێتەوە، شەھیدانی ٢٨ی تەموز بە خوێنی گەشی خۆیان کوردستانیبوونی کەرکوکیان سەلماند، کە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا ٢٤ کەس شەھید بوون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش برینداربوون کە(٩) قوربانی ئەو کردەوە تیرۆرستیە مامۆستا بوون جگە لەوەی دەیان مامۆستای کوردی کەرکوک لەو تەقینەوەیەدا برینداربوون.
لە یادی ١٢ساڵەی ئەو کارەساتە خوێناوییەدا لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق و هەریمی کوردستان کرد، بەیاننامەکە لەلایەن مامۆستا هونەر عەبدوڵا خوێندرایەوە کە تیدا هاتووە: " ئەمرۆ ٢٨ی تەموز یادی رۆژێکی شکۆداری خەبات و قوربانیدانی مامۆستایانی کەرکوک دەکەینەوە رۆژێک تێدا مامۆستایان شان بەشانی چین و توێژەکانی ئەم شارە بەخوێنی چەندین شەهید کە نۆیان مامۆستا بوون و هەروەها بریندابوونی دەیان مامۆستا، بەرگریان لە کوردستانیبوونی ئەم شارە کرد، ئەو مامۆستا شەهیدانە بوون بە شورایەک بەڕووی ئەو کەس ولایەنانەی هەوڵی سرینەوەی ناسنامەی ئەم شارەیان دەدا و کاریان دەکرد لە پێناو دابڕینی ئەم شارە لە خاکی کوردستان و داژایەتی مافی ڕەوای گەلەکەمانیان دەکرد لەسەر خاکی خۆی."
هەروەها لە دەقی بەیاننامەکەی لقی کەرکوک یەکێتی مامۆستایانی کوردستاندا هاتووە: "ئەمرۆ لە بارودۆخێکی سەختدا ئەم یادە دەکەینەوە کە تێکرای مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشەی پەتایەکی مەترسیدارە، بەڵام ئەوەی ئەم بارودۆخەی بۆ مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەشاری کەرکوک سەخت تر دەکات دواکەوتن و کەمکردنەوەی مووچەیە کە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی، دیارە باردۆخی شارەکە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەرووی سیاسی و ئیدارییەوە ئەوەندەی تر ئەرکی مامۆستایانی قورستر کردووە بۆیە لێرەوە و لەیادی ئەو رۆژە پر شکۆیەدا پەیمان دووپات دەکەینەوە کە بەهەمان روحییەتی بەرخۆدان و گیان فیدایی رۆژی ٢٨ی تەموز رووبەروی هەموو هەوڵیک دەبینەوە لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت کە دژایەتی مافە ڕەواکانی کوردە لەم شارە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستاندا هاتووە: "هەروەها جەخت لە جێبەجی کردنی داواکاریی مامۆستایان دەکەینەوە بۆ چارەسەر کردنی گرفتی مووچە بەگواستنەوە بۆسەر حکومەتی ناوەند یان هەر رێگایەک مووچەی مانگانەی مامۆستایان مسۆگەر بکات، لە کۆتاییدا سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاری گەلەکەمان بەتایبەتی شەهیدانی مامۆستایانی ٢٨ی تەموز."
ف.ق