یەکەم چالاکیى بەشداریکردن بوو لە دووەم هێرشی گەریلا بۆ سەر لێلیکان

دونیا ئاخین یەکەم چالاکیى گەریلایى بەشداریکردن بوو لە دووەم چالاکیى گەریلا بۆ سەر سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە برادۆست. ئاخین چەکى بی ٧ی پێبووە، بەڵام گولـلەى تەواو بووە و لە ناو رەهێڵەى گلـلەى دوژمندا مابوویەوە.

گەریلا دونیا ئاخین یەکەم چالاکیى گەریلایى بە بەشداریکردن لە دووەم چالاکیى گەریلا بۆ سەر سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە شاخی لێلیکان ئەنجامداوە. چالاکییەکەى لە ژێر فەرماندەیى زنار دا بووە و دەبوایە ٣ کەس لە قۆڵەکەى خۆیانەوە چەکى بی ٧ بەکاربهێنن. ئەوەش بۆ گەریلا ئاخین یەکەم چالاکی بووە و یەکەمجاریش بوو کە چەکی بی ٧ی بەکاربهێنێت.

گەریلا ئاخین لەبارەى یەکەمین چالاکییەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

کاتێک دەمانویست بە شاخەکەدا سەر بکەوین چەک و تەقەمەنییەکانمان زۆر قورس بوو بەسەر شانمانەوە. کاتێک زۆر هیلاک بووینایە بارەکەى سەر شانمان بەسەر یەکتردا دابەش دەکرد. ئەوەش ورە و هێزى پێدەبەخشین. کاتێک دەستمان بە جموجوڵ کرد شەو بوو. ئێمە لە نزیک دوژمندا بووین و تاوەکو بەربانگی بەیانى چاوەڕێمان کرد.

زنار و کاوە وتیان "تۆ لێرە بە و ئێمە زیاتر لە دوژمن نزیک دەبینەوە و چاودێرییان دەکەین". کاتێک ئەوان چوون بۆ چاودێریى دوژمن من بە تەنها لە شوێنەکەى خۆم مامەوە. کاتێک گەڕانەوە زنار وتى "ئێمە هاتووینەتە قۆڵێکى هەڵە و دەبێت بەخێرای بچینە شوێنە دیاریکراو و پێویستەکە". دەبوایە چالاکییەکە کاتژمێر ١٢:٠٠ دەستى پێبکردایە، بەڵام بەو هۆیەوە کاتژمێر ١٤:٠٠ دەستیپێکرد.

لەبەر ئەوەى لە شەودا چووبووینە ئەو شوێنە هەندێک ناڕەحەتیمان کێشابوو، بەڵام لەبەر ئەوەى چووبووینە شوێنێکى هەڵە ئێمە ناچار بووین لە گەرمای نیوەڕۆدا دیسانەوە بکەوینەوە ڕێ. قورسی و ناڕەحەتییەکە زۆر کێشە نەبوو، چونکە ئێمە ئامانجەکەمان روون بوو و پێداگربووین بۆ سەرخستنى ئامانجەکەمان. لە ئەنجامدا ئێمە گەیشتنە شوێنى چالاکییەکە بۆ ئەوەى لە هێزەکانى تورک بدەین. زنار و کاوە هەر یەکەیان لە شوێنێکدا خۆیان سەقامگیرکرد و منیش چوومە شوێنێکى تر. من کاتێک خۆم لە شوێنەکەمدا قایم کرد پێم راگەیاندن ئامادەم.

لە دوا گولـلەدا بینرام

لەو شوێنەدا کە من تیایدا جێگیر بوو بووم ٦ سەنگەری دوژمنم دەبینی و دەبوایە من هەمویان تێکبشکێنم. تاوەکو یەکەم گولـلەم نەتەقاند حەماسەتم هەر کەم نەدەبوویەوە. من زۆر  بە حەماسەت بووم، بەڵام سەرباری ئەوەش شپرزە نەبووم و بەسەر خۆمدا زاڵ بووم. لە دەستپێکردنى چالاکییەکەدا من دووەم گولـلەم تەقاند. ئەوە یەکەمجار بوو بە چەکی بی ٧ لە دوژمنم دەدا. ئەو ٦ سەنگەرە کە من بۆ خۆمم کردبوونە ئامانج، لێم دەدان. کەمێک پێش ئەوەى بکشێینەوە من ویستم دوا گولـلەى بی ٧ لە دوژمن بدەم و دەستم کرد بە نیشانەگرتنى دوژمن، بەڵام لەو کاتەدا سەربازەکانى دوژمن منیان بینی. من لەو نێوانەدا گیرم خواردبوو. بۆ چوونە دەرەوە و خۆپاراستن گولـلەم پێنەمابوو، چونکە دوا گولـلەشم نابوو بە دوژمنەوە. لەو کاتەدا کە بیرم لەوە دەکردەوە چۆن خۆم دەرباز بکەم، زنار بەشێوەى فیدایى ئەو سەنگەرەى دوژمنى کردە ئامانج کە بوو بووە رێگر لەوەى من دەرباز ببم. زنار سەنگەرەکەی تێکشکاند و ئیتر من توانیم لەو شوێنەدا دەرباز ببم کە تیایدا گیرم خواردبوو.

رێک ئەمەیە هاوڕێیەتى

چالاکییەکە زۆر سەرکەوتوو بوو. ئێمە گورزێکى گەورەمان لێدان بەبێ ئەوەى هیچ کەسێمان شتێکى بەسەر بێت و گەڕاینەوە. هاوڕێیەتى پەکەکە ئاوایە: "تۆ حساب بۆ رۆحی خۆت نەکەیت، بەڵام بیر لە رزگارکردنى هاوڕێیەکەت دەکەیتەوە. بۆ ئەوەى زیان بە هاوڕێکەت نەگات ئامادەی گیانى خۆت فیدا بکەیت. ئەوە یەکەم چالاکى بوو، بەڵام لە هەموو روویەکەوە بۆ من بووە ئەزموونێکى گەورە".

ر.م