نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکانی تورکیا لە چوارچێوەی تاوانی جەنگدایە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەو ناوچانەی داگیریکردوون، لە چوارچێوەی لە تاوانەکانی جەنگدان.

کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی سوریا، کە پشتبەستووە بە لێکۆڵینەوەکانیان ناوچەکەدا، بۆ ماوەی نێوان ١ی کانوونی دووەم تاوەکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە. کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بە بەشداریی پاولۆ پینهیرۆ سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە و ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە هان ماگالی و لزن وێلچام بەڕێوەچوو و ڕاپۆرتەکە بڵاوکرایەوە.

پینهیرۆ: سوریا توانای هەڵگرتنی شەڕێکی دیکەی نییە

پاولۆ پینهیرۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەکە وتی: "سوریا ناتوانێت شەڕێکی بەرفراوانتر هەڵبگرێت، بەڵام لەوانەیە ئەو وڵاتە بەرەو ئەم دۆخە هەنگاوبنێت".

پینهیرۆ سەرۆکی کۆمسیۆنەکە ڕاشیگەیاند، پێشێلکاری و ئاڵۆزییەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا زیاتر بووە و تیشکیشی خستە سەر ئەو هەڕەشە و هێرشانە، کە تورکیا دەیکاتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. پینهیرۆ وتی: "دەبێت هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێت بۆ گەڕانەوە، پێویستە گەڕانەوە سەلامەت و شکۆدار و دڵسۆزانە بێت".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: هەموو ئاکتۆرە چەکدارەکان لەسەر خاکی سوریادا چالاکن و هێرشەکانی سەر هاوڵاتیان و ناوچە مەدەنییەکان بەردەوامە، لەمپەر و رێگری بۆ ئازادی ڕادەربڕین دروست دەکرێت و دەستیش بەسەر ماڵ و موڵک دا دەگیرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم شتانە لە چوارچێوەی تاوانی جەنگدان.

'تاوانی جەنگ لە عەفرین بەردەوامە'

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەتەکانی لە ئیدلب کراوە و لە هەمان کاتدا بە بەرفراوانی باس لە هێرشەکانی سەر عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی کراوە. ئەو ناوچانە لە ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و گروپە چەکدارەکانیدایە و لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: 'سوپای نەتەوەیی سوریا' و هێزەکانی سەربەو سوپایە لە عەفرین لە دوای ساڵی ٢٠٢١ەوە تاوانەکانی جەنگیان زیاتر کردووە و ڕاشیگەیاندووە، "ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەى، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت  پەیوەندییان بە هێزە کوردییەکان و بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەرەوە هەیە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیر دەکرێن، ئەشکەنجە دەکرێن، هەندێکیشیان لە دوای دەستگیرکردن بێسەروشوێن دەکرێن. چارەنووسی هەندێکیشیان دیار نییە. ئەو ژنانەى، کە دەستگیر و زیندانی دەکرێن، هێرشی زایەندی و دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر".

'سوپای تورک دەست بەسەر موڵکە تایبەتەکانیش دا دەگرێت'

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو ناوچانە، کە لە ژیر کۆنترۆڵی تورکیادان، ئەگەر پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ تیاندا ڕوو بدات،  بەرپرسیارێتییەکەى دەکەوێتە ئەستۆی تورکیا و ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "سوپای تورک و کەتیبەکانی 'سوپای نەتەوەیی سوریا' بۆ ئامانجە سەربازییەکانی خۆیان دەست بەسەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی مەدەنی دا دەگرن و بۆ مەبەستی سەربازیی خۆیان بەکاریدەهێنن. بۆ نمونە لەساڵی ٢٠٢٠ ەوە ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانی کوردی گوندی داودییەی سەر بەناوچەی سەرێکانی دەکرێت و رێگا نادرێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ماڵ و حاڵی بەشێکی زۆریشیان ڕوخێنراوە. بەپێی گرتە ڤیدیۆیی مانگە دەستکردەکان هێشتا سەربازگەی سوپای تورک و دامەزراوەکانیان لەوێیە. سوپای تورک دەست بەسەر موڵک و ماڵی تایبەتیدا دەگرێت و بە هیچ شێوەیەک مافی قەرەبووکردنەوە بە گوندنشینەکان نادرێت، ئەمەش بە مانای پێشێلکردنی یاسا و مافە مرۆییە نێونەتەوەییەکانە".

'هێرشەکەی سەر کۆبانێ یەکێکە لە تاوانەکانی جەنگ'

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە هێرشەکانی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کراوە و لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە هێرشەکەی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بۆ سەر کۆبانێ کراوە و ڕایگەیاندووە، "هێرشەکە بە هاوەنی ١٢٠ ملم لە تورکیاوە ئەنجام دراوە. لەو هێرشەدا هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و ١٢ کەسیی تریش بریندار بوون، کە منداڵ و ژنیشیان تێدایە. بۆ ئەوەی مرۆڤ بڵێت، ئەو هێرشە لە چوارچێوەی تاوانی جەنگدایە ژمارەیەک هۆکاری گونجاو لە بەردەستدان، چونکا لەو هێرشەدا هاوڵاتیانی مەدەنی کوژران و برینداربوون".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە و ڕایگەیاندووە، لەو هێرشانەدا هاووڵاتییانی مەدەنی کراونەتە ئامانج.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ڕووداوەکانی کامپەکانی هۆل و ڕۆژ و هێرشەکانی داعش کراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە دەوڵەتەکان کراوە، کە هاوڵاتییەکانیان لە کامپەکاندا وەربگرنەوەو داواشیان لە قەسەدە کردووە، هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ ڕێگەگرتن لە مردن لە کەمپەکاندا و لێپرسینەوە و چاودێرییەکانی زیاتر بکات.

ئەم ڕاپۆرتە لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢دا، لە ٥١هەمین دانیشتنی نووسینگەى مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ پێشکەشکرا.

ژ.ت