کەنەکە لەگەڵ ٥ وڵات بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و ٨ رێکخستن لە ٥ وڵاتەوە بانەگەوازیەکی هاوبەشیان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکراوە نێودەوڵەتیەکان کرد کە لە سەر ئاستی جیهان ئاگربەست رابگەیێندرێت و دەستبەجێ زیندانیانی سیاسیش ئازاد بکرێن.

کەنەکە کە ناوەندەکەی لە بروکسەلی پایتەختی بەلجیکایە لەگەڵ ٨ رێکخراوی هەر یەک لە وڵاتانی فلیپین، میانمار، بورما، کۆلومبیا و وڵاتی باسک لە پەیامێکی هاوبەشدا بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی پێکاتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین رێکخستن و رێکخراوی نێودەوڵەتی کرد. بە پێی زانیاریەکانی کەنەکە پەیام و بانگەوازیەکەیان گەیشتووەتە دەستی رێکخراوە پەیوەندیدارەکان و لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. 

لە نامەکەدا بۆ ئەوەی ئاگربەست لە سەر ئاستی جیهان رابگەیێندرێت و زیندنیانی سیاسیش ئازاد بکرێن، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە لەم رووەوە دەستپێشخەری هەبێت و ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستوی خۆی و هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەڕ.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

"ئانتونیو گوتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٠ بە مەبەستی راگەیاندنی ئاگربەستی جیهانی، بانگەوازێکی بڵاو کردبووەوە. لە ٢٥ی ئازای ٢٠٢٠یشدا کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازیەکی ئاڕاستەی دەوڵەتان کردبوو کە ژمارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان کەم بکەنەوە و پێشنیاری ئەوەشی کردبوو کە زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی بە هۆی جیاوازی فکریەوە تاوانبار کراون و لە زیندانەکاندان، دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

لە ٣ی نیسانیشدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەمان بانگەوازی خۆی بۆ ئاگربەستی جیهانی، دووپات کردبووەوە.

ئەو رێکخراوانەی نامەکەیان ئیمزا کردووە، سوپاسی خۆیان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بۆ ئاگربەستی بەپەلە و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و تێکۆشانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پەیامی بڵاو کردووەتەوە.

تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئەندام، زیندانیانی سیاسی خۆی ئازاد نەکردووە. تورکیا، کۆلۆمبیا، ئیسپانیا، میانمار و ئێران تەنها تاوانبارانی تاوانە کەسیەکانیان ئازاد کردووە.

هاوکات لەگەڵ مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زیندانیان لە بەندیخانە قەرەبالغەکاندا هێڵراونەتەوە کە هیچ مەرجێکی پاکوخاوێنیشی تێدا جێبەجێ نەکراوە.

بە داخەوە چەند وڵاتێک گوێیان لەو بانگەوازیەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەگرتووە و هەندێکیشیان ئەو قەیرانە تەندورستیە جیهانیەی لە ئێستادا بوونی هەیە، وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ سیاسەتە زۆرەملێکانیان.

 لەگەڵ ئەم بانگەوازی نێودەوڵەتیە بۆ ئاگربەستی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەو جەنگە سەربازیانە دەکات کە لە جیهان بەردەوامە. لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان کە شەر و پێکدادانی تێدا بەردەوامە، هێزی دەوڵەتان بەرەی نوێ جەنگ دادەمەزرێنن و هێرشە سەربازیەکانیان بەرفراوانتر دەکەن.

کاری هێزە پارامیلیتەرەکان بەردەوامە و هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگاکان.

ئێمە دڵگرانین لەوەی ئەو دەوڵەتانەی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن و لایەنگری شەڕی ناوخۆن، قەیرانی کۆرۆناش وەکو چەکێکی بیۆلۆژی بەکار دەهێنن.

کۆڤید-١٩ رۆژانە بە هەزاران کەس دەکوژێت، لەگەڵ ئەمەشدا لەو هەرێمانەی شەڕی چەکداری تێدا روودەدات، خەڵکی مەدەنی تێیدا دەکوژرێت و بریندار دەبن و ئاوارە دەبن.

ستراتیجی سنووردارکردنی کۆرۆنا لەناو کۆمەڵگا دەستکورتەکاندا، کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، بە بێ پشتیوانی سەرکەوتوو نابن.

لە راستیدا ئەو کۆمەڵگایانەی خزمەتی تەندروستیی تێدا سنووردارە و پێویستیان بە هاوکاری هەیە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە هەڕەشەی کۆرۆنا بپارێزن، هاوکاریان پێناگات.

کورتەی بانگەوازیەکەمان بەم شێوەیە یە:

١-بانگەوازیی ئاگربەستی جیهانی-ی نەتەوە یەکگرتووەکان(دوولایەنە) جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی ئاگربەستەکەش جێبەجێ بکرێت حکومەتەکان وڵامێکی ئەرێنی بدەن بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان.

٢-کێشە سیاسیەکان لە بنچینەوە گۆتۆبێژ بکرێن و بە رێگای گفتوگو چارەسەری  بۆ بدۆزرێتەوە.

٣-زیندانیە سیاسیەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

٤-کۆتایی بە ئاڵۆزیە سەربازیەکان بهێنرێت و بەرەی نوێی سەربازی دروست نەکرێن. لەم قەیرانەدا بارودۆخی مرۆیی لە دەرەوەی گۆڕەپانی سەربازی و ئەمنیەوە تەماشا بکرێت. وڵامی پێویستیە مرۆییەکان بدرێتەوە.

٥-لە دژی کۆڤید-١٩دەستبەجێ هاوکاریە مرۆییەکانی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بگەیێنرێتە کۆمەڵگا دەستکورتەکان، بە تایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی دەکەونە ناوچەکانی شەڕ و پیکدادانەوە.

٦-چالاکانی مافی مرۆڤ، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی و دیپلۆماسی پارێزراو بن.

ز.ش