یولاری: دەبێت زیندانیە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن

گوڵستان یولاری سەرۆکی ئیهادی شاری ئەستەنبول رایگەیاند، زیندانیە نەخۆشەکان بە هۆی کەرەنتینەی دوای گواستنەوەیان، ئیدی نایانەوێت بچن بۆ نەخۆشخانە و وتی، ئەو زیندانیانەی باری تەندروستیان مەترسیدارە دەبێت ئازاد بکرێن.

پارێزەر گوڵستان یولاری سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبول لە بارەی دوایین بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش لە بەندیخانەکانی تورکیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

یولاری رایگەیاند، پێشەلکردنی مافە سەرەتاییەکانی زیندانیان، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادی کردووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چاوپێکەوتنی خانەوادەکان و پارێزەران لەگەڵ زیندانیان سنووردار کراوە و هاوکات رێگری لە ناردن و هێنانی نامە و پەیوەندیکردنیش دەکرێت، بۆیە وەکو پێویست ئاگاداری بارودۆخی ناو زیندانەکان نین.  

یولاری رایگەیاند، رێگریکردن و بچڕاندنی پەیوەندی زیندانیان لەگەڵ دەرەوە، دەبێتە هۆکار کە زیندانیان زیاتر تووشی خەمۆکی و سترێس ببنەوە و نەخۆش بکەون و لەم بارودۆخەی ئێستاشدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادایە، لە رووی جەستەییەوە لاواز دەبن.

یولاری وتی، ئەم بارودۆخە زۆرترین کاریگەری نەرێنی لە سەر ئەو زیندانیانەی سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و زیندانیە نەخۆشەکان دروست دەکات، ئەو نەخۆشانەی سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، بۆیان هەیە لە رۆژێکدا تەنها کاتژمێرێک بچنە حەوشە، زیندانیانی نەخۆشیش وەکو پێویست ناتوانن مافی تەداویکردنیان وەربگرن.

گوڵستان یولاری تیشکی خستە سەر ئەوەی، لە بەندیخانەکانی تورکیا مافی تەداویکردن هەمیشە پێشەل کراوە و بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش، ئەم مافە بە تەواوەتی پشگوێ خراوە.

'نایانەوێت بچن بۆ نەخۆشخانە'

یولاری ئاماژەی بەوە کرد کە کەرەنتینەش لە ناو هەڵومەرجێکی نامرۆڤانەدا جێبەجێ دەکرێت و وتی:"کەرەنتینەکردن نەک تەنها لە کاتی گواستنەوەی نەخۆشەکان، بەڵکو لە هەر گواستنەوەیەکدا جێبەجێ دەکرێت. با بڵێین یەکێک لە سەرەمەرگدایە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، دەخرێتە ژێر چاودێری وردەوە و دواتر دەگەڕێنرێتەوە بۆ بەندیخانە و دەبێت لەو حاڵەتەدا ماوەی ١٤ رۆژ یان زیاتر، لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بهێڵرێتەوە. ئەو ژوورانەش وەکو ژووری سزادان وان، چونکە بەندکراوان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەوەی ئەو ژوورانە شێدارن و وەکو پێویست ئۆکسجینیان تێدا نیە. کەسێک کە لە ژێر چاودێری ورددا بێت و باری تەندروستی خراب بێت، نابێت ماوەی ١٤ رۆژ بە تەنها لە قەرەنتینەدا بهێڵرێتەوە."

یولاری هاوکات تیشکی خستە سەر جیاوازیکردن لە نێوان زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی ئاسایی و وتی:"لێرەدا جیاوازی لە نێوان زیندانیان سیاسی و زیندانیان ئاساییدا دەکرێت، زیندانیانی ئاسایی لە نامەکانیاندا باس لە کەرەنتینەی قاوشە قەرەبالغەکان دەکەن. بەڵام زیندانیانی سیاسی باس لە قەرەنتینەکردن لە ژوورە تاکەکەسیەکاندا دەکەن."

'دەرفەتەکانی تەداویکردن بە تەواوی لابراون'

یولاری راشیگەیاند، زیندانیە نەخۆشەکان لە هەموو کاتێک زیاتر رووبەرووی مەرگ بوونەتەوە و وتی:"دەرفەتەکانی تەداویکردن بە تەواوەتی لابراون. لەم کاتەدا کە کۆرۆنا بەربڵاوە، زیندانیان لە هەموو کاتێک زیاتر گیان لەدەست دەدەن. بۆیە ئەو زیندانیە نەخۆشانەی باری تەندروستیان مەترسیدارە، دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێن."

ز.ش