لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژیی لە بەغداد دەیان کەس کوژران وبریندار لێکەوتەوە

لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژیی لە بەغدادی پایتەختی عێراق بە دەیان کەس کوژران وبریندار بوون. دوای ١٨ مانگ ئەمە یەکەم جارە هێرشێکی لەم جۆرە ڕوودەدات.

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی تەیرانی بەغدا بۆ ١٠١ کوژراو و بریندار بەرزبوویەوە، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤیش دەڵێت، تەقینەوەکان ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی تیرۆر.

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هەردوو هێرشە خۆکوژییەکەی ناوچەی بابی ڕۆژهەڵات لە گۆڕەپانی تەیرانی بەغدا، بۆ ٢٨ کەس بەرزبووەتەوە، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٧٣ کەس.

دوابەدوای تەقینەوەکە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، تەقینەوەکان لەکاتێکدان کە گرووپە تاوانکارەکان لە هەوڵدان بۆ لەباربردنی دەسکەوتە نیشتیمانییەکان.

هاوکات عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیران، ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی تیرۆر و لاوازی دەزگا ئەمنیەکان.

ک-ش