ژنان-ی وان لە ئامادەکاریی ئەوەدان ئاکەپە لە شارەکەیاندا نەهێڵن

ژنان لە شاری وان دەستنیشانیان کرد کە هەدەپە پارتیی ژنانە و وتیان "ئاکەپە لە وان جێگەی نابێتەوە".

لە شاری وان کاروبانگەشەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن هەدەپەوە بێ وچان بەردەوامە. ژنانیش پێشەنگایەتی ئەو کار و خەباتە دەکەن. ژنان ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێن و چاویان بە خەڵک دەکەوێت.

ئینجی ئویار یەکێکە لەو ژنانەی شاری وانە و جەختی لەوە کردەوە کە هەدەپە پارتیی ژنانە و وتی "لە هەموو ئەو ماڵانەی کە ئێمە سەردانیان دەکەین، باسی هەڵوێستەکانی هەدەپە لەگەڵ ژنانیان بۆ دەکەین و لەبەرامبەریشدا باسی بیرکردنەوەی ئەردۆغانیان بۆ دەکەین دەربارەی ژنان. لە ڕاستیدا ژنان هەدەپە-یان زۆرخۆش دەوێت و بە تایبەتیی ئاگادارن لە جموجوڵەکانی ئاکەپە لە ماوەی ڕابردوودا. لە هەموو ئەو ماڵانەی ئێمە سەردانیان دەکەین، ژنان دەڵێن کە ئەوان لە ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ وەڵامی پێویست بە ئاکەپە و ئەردۆغان دەدەنەوە".

بە شەو و ڕۆژ خەبات دەکەن

واحیدە ئەراسلان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بە شەو و ڕۆژ خەبات دەکەن و باسی لەوەش کرد کە ژنان لەم هەڵبژاردنەدا گورزێکی سەخت لە ئاکەپە دەوەشێنن و وتیشی "دووایی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ بیرکردنەوەی ئاکەپە دەربارەی ژنان مەحکوم دەبێت. لە شاری وان کار و خەباتی هەڵبژاردن بە پێشەنگیی ژنان ئەنجام دەدرێت. ئێمە دەڕۆینە سەردانی تەواوی ماڵەکانی هەموو گەڕەک و گوندەکان. سەردانیی هەموو ماڵێک دەکەین. بە تایبەتیی ژنان زۆر باوەڕیان بە هەدەپە هەیە. ئەوەش کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر دەنگدان دادەنێت. ژنان لە شاری وان دەرسی دیموکراسیی دەدەنە ئاکەپە".

بە فیداکارییەکی گەورە کار دەکەن

یەک لە چالاکانی نێو تەڤگەری ژنانی ئازاد بە ناوی نەزمیە ئاجار ڕایگەیاند کە ئەگەرچی ماوەیەکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان، بەڵام ژنان بە فیداکاریەکی گەورەوە کار دەکەن و وتیشی "سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن بەسەر خەڵکدا سەپێندرا، بەڵام ئێمەی ژن بۆدۆخی ئاوەها لەناکاو و نائاسایی هەمیشە ئامادەین. ژنان یارمەتیی زۆری ئێمە دەدەن. وەک دەزانرێت هەدەپە حزبی ژنانە. زۆرینەی ئەوانەی لەناو هەدەپەدا جێ دەگرن، ژنانن. شاری وانیش یەکێکە لەو شوێنانەی کە پەیوەستبوونی ژنان تێێدا زۆرە. نزیکەی ٢٠ پاڵێوراوی ژن هەبوون. دەتوانین بڵێین کە تەواوی ئەو هەڤاڵە ژنانەی ئێمە پەیوەستی کار و خەبات دەبن. ژنانی کورد پشتگیریەکی باش و بەهێزی حزبەکەی خۆیان دەکەن. ئەمەش لە هەموو شوێنێک دەبینین".

ک-ش