ژنۆلۆژی: ئەنجامی شۆڕشی ژن و ئازادی، بۆ ئێمەش تۆوی تێکۆشان و خۆنوێکردنەوەیە

له‌ ڕۆژی ٩ی ئاب تا ڕۆژی یه‌کی ئه‌یلول بۆ ماوەی ٧ڕۆژ کامپی که‌لتور و کۆمه‌ڵگه‌ی دایکانه‌ له‌ هه‌رێمی تۆسکانی ئیتالیا بە ناوی " زانستی ژن" بەڕێوەچوو. ئەمە ماوەی ٤سالە کامپەکە هەر ساڵ ئەنجام دەدرێت .

ئەمساڵ کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا وەک بەشداری تایبەت لە کامپەکەدا بانگهیشت کرا و بابەتی هەموو کامپەکە لە ڕوانگەی زانستی ژن - ژنۆلۆژییەوە تاوتوێ کرا و زیاتر لە ٤٥ ژنی ئیتالی بەشدارییان کرد.

کامپی ئەمجارە تەرخان کرا بۆ قسەکردن لەسەر زانستی ژن و لە ڕوانگەی ژنۆلۆژیەوە لێکۆڵینەوە لە کەلتور و کۆمەڵگەی دایکانە کرا. ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداغی لە کامپەکەدا بابەتێکی لەسەر سەرەتایەک بۆ ژنۆلۆژی، باسی لە ڕێبازەکانی زهنیەتی دەسەڵاتداری، دەوڵەت و سەرمایەداری کرد لە ڕوخان و هەوڵی لەناوبردنی کەلتور و کۆمەڵگەی دایکانەدا. لەسەر پرسیاری ئامادەبوان باسی لە گرنگی پەروردە کرا لە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کەسایەتیدا، نمونەی لە بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد هێنایەوە لە گۆڕینی کەسایەتی پیاودا.

زیاترین گفتوگۆکان لەسەر ئەو ڕێبازانەی بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد کرا جارێکی پەرە بە بەها ئەخلاقی و سیاسیەکانی کۆمەڵگەی سروشتی دەداتەوە و بەو بەهایانەش لەبەرامبەر کاولکارییەکانی سیستەم دەوەستێتەوە و سیستەمی خۆی بونیاد دەنێت.

ژنانی ئیتالی ڕەخنەدانی خۆیان دا کە نەیانتوانیوە ئەو دابەشکارییانەی نێوانیان وەلاوە بنێن و سیستەمی دەسەڵاتداری بە هەموو فۆرمەکانیەوە فێمینیزمی پاسیف و پارچەکردووە. ڕێبازەکانی ژنۆلۆژی و بونیادنانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ژنیان وەک باشترین ئەلتەرناتیڤ و زەمینەی خۆنوێکردنەوە بینی.

کامپەکە بڕگەی هونەریشی لە خۆوەگرت.

لە هەڵسەنگاندنی دواییدا لەسەر کۆی کامپەکە دانێلا بلیگرینی وتی " سه‌رسامم به‌ تێزه‌کانی ئۆجالان، بۆ من پرسیاره‌ که‌ ئه‌و چۆن توانی خۆی له‌و پیاوێتیه‌ داماڵێ که‌ بۆته‌ به‌ڵا به‌سه‌ر ژیانمانه‌وه‌، ئه‌و کارێکی ناوازه‌ی کردووه‌، ده‌بێ لێیه‌وه‌ فێربین، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئازادی وه‌گه‌ڕخستووه‌ که‌ هه‌م ژن و هه‌م له‌ناویدا له‌ ئازادی ده‌گه‌ڕێن، ئێمه‌ لێره‌ له‌و فێمینیزمه‌ی که‌ باوه‌ڕمان پێی بوو سه‌رکه‌وتوو نه‌بوین" .

ژنێکی تر له‌ هه‌مان کامپ دا به‌ناوی کاتی ووتی " ژنۆلۆژی ئەنجامی شۆڕشی ژن و ئازادی، بۆ ئێمەش تۆوی تێکۆشان و خۆنوێکردنەوەیە ".

ژنان له‌ کامپه‌که‌دا داوایان کرد که‌ هه‌وڵی پێکه‌وه‌ کارکردن و تێکۆشانی هاوبەشی زیاتر بدرێت له‌گه‌ل ژنانی کورددا.

ک-ش