گوندی ژنان له‌ ڕۆژئاوا؛ ژنوار

له‌ دوای سه‌پاندنی هه‌ژموونی هه‌زاران ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی باوكسالاری به‌سه‌ر ژندا، ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر خاكی ڕۆژئاوا و میزۆپۆتامیا جارێكی دیكه‌ ڕاستینه‌ی ژن سه‌رده‌ردێنێت.

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ هه‌زاران ساڵ دوورین له‌ سه‌رده‌می نیۆلۆتیك؛ به‌ڵام بیر، به‌ها و كولتووری ژن هێشتا نه‌فه‌وتاوه‌ و نیشانه‌كانیشی له‌ گوندی ژنوار ده‌بریقێنه‌وه‌.

ناوی ژنوار له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا زۆر به‌كارهێنرا و زۆر ڕاپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده‌كران، وه‌ك زۆر كه‌سی دیكه‌ بۆ منیش بوو به‌ مه‌راق.

له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ژن ڕوومان له‌ گوندی ژنوار كرد. گونده‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژئاوای شارۆچكه‌ی دربێسی. له‌ ڕێگه‌دا ژنێك به‌خۆباوه‌ڕانه‌ گوتی: ئێمه‌ ده‌چینه‌ گوندی خۆمان.

كاتێك له‌ گونده‌كه‌ نزیك بووینه‌وه‌ بینیمان زۆر له‌ سرووشت دوور نه‌بوو، ڕه‌نگی گوند و خاك وه‌ك یه‌ك بوو. هه‌تا مرۆڤ نزیك نه‌بێته‌وه‌ نازانێت گوند هه‌یه‌ یان نا، ئه‌و خانوانه‌ی كه‌ دروستكراون له‌ خشتی قوڕن‌. له‌ خانووه‌كاندا مرۆڤ جێده‌ستی ژن ده‌بینێت و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ژن چۆن ده‌توانێت ده‌رفه‌ت بئافرێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات كه‌لوپه‌له‌كان ناسرووشتی بن یان له‌ ده‌ره‌وه‌ بیانهێنن.

گوندی ژن

له‌ شۆڕشی ڕۆژئاوا و له‌ به‌رخۆدانی به‌رانبه‌ر داعش-دا، ژنان ڕۆڵی سه‌ره‌كییان گێڕا و هه‌ر له‌پێشه‌وه‌ بوون. له‌ هه‌مان كاتدا زۆر سازی و ئه‌كادێمیای ژنان بونیاد نران. به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ ئێمه‌یان داوه‌، ئه‌م گونده‌ له‌ دوای ڕاوێژ و گفتوگۆی گرووپه‌كانی ژنان بڕیاری بونیادنانی دراوه‌. ئێستاش وه‌ك ئێمه‌ بینیمان، كاره‌كانی بونیادنانی گونده‌كه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چن.

ئه‌ڤین سوێد گوته‌بێژی كۆنگره‌ی ستار كه‌ له‌ باكووری سووریا گه‌وره‌ترین ڕێكخراوی ژنانه،‌ ده‌ڵێت: «به‌هه‌ڵه‌ باس له‌ گوندی ژن ده‌كرێت. ئێمه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ فێمێنیسته‌ چینپه‌رسته‌كان نین، مه‌به‌ستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گونده‌كه‌ ڕاستینه‌ی مێژووی ژن ده‌ربخات و ببێته‌ پشتیوانی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ ماف و ڕه‌نجیان ده‌خورێت.»

به‌پێی پلان و نه‌خشه‌سازیی گونده‌كه‌، فێرگه‌یه‌ك و هه‌موو پێداویستییه‌كانی ژیان بونیاد ده‌نرێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌س له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ گونده‌كه‌ ده‌ژین، بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان به‌ كشتوكاڵ دابین بكه‌ن.

كاتێك ئێمه‌ له‌نێو گونده‌كه‌ گه‌ڕاین، چاومان به‌ هه‌موو ئه‌و شێوه‌ و كارانه‌ كه‌وت كه‌ به‌ ده‌ست دروستكراون. دیاره‌ له‌ گونده‌كه‌ هه‌موو شتێك به‌ ئافراندنی ده‌ستی ده‌بێت. كاتێك پرسیاری نه‌خۆشخانه‌مان كرد، گوتیان «ده‌رمانیشمان سرووشتی ده‌بێت، هه‌ر وه‌ك چۆن دایكانی ئێمه‌ ده‌رمان ناخۆن، ئێمه‌ش ئه‌و شێوازه‌ پێشده‌خه‌ین.»

ڕێزدار ئۆجالان له‌ كتێبه‌كانی خۆیدا ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ ژن یه‌كه‌مین چینه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌كان كه‌وتۆته‌ ژێر چه‌پۆكی داگیركه‌ران و هه‌تا ژن ئازاد نه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌ ئازاد نابێت. ڕاسته‌ كه‌ گوندی ژنوار ناتوانێت وه‌ڵامی هه‌موو كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بداته‌وه‌، به‌ڵام هه‌نگاوێكی پیرۆزه‌. له‌م ناوه‌نده‌دا زۆر كێشه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بن، چونكه‌ ئێمه‌ جۆش و خرۆشی ژنانمان بینی. له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ئێمه‌ بینیمان كه‌ ژنان چه‌نده‌ خاوه‌ن هێزن و ئافرێنه‌رن.

s.m