بە لانیکەمەوە لە ماوەی ١٠ ساڵدا ٢ هەزار و ٧٢٧ ژن لە تورکیا کوژراون

وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا (تیهەڤ - TIHV) رایگەیاند، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە لانیکەمەوە ٢ هەزار و ٧٢٧ ژن لە تورکیا کوژراون.

وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا (تیهەڤ - TIHV) راپۆرتێکی بە ناوی "ئێمە دەستبەرداری رێککەوتننامەى ئیستەنبول نابین، رێککەوتنەکە بۆ ئێمە کارپێکراوە و جێبەجێی دەکەین" بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بەلانیکەمەوە ٢ هەزار و ٧٢٧ ژن لە ئەنجامی توندوتیژیی زایەندیدا کوژراون.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٨٥ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیان، هاوسەرەکانی پێشوویان، هاوڕێکانیان، دەستگیرکرانەکانیانەوە کوژراون.

هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەستدرێژی کراوەتە سەر ٢٦٥ منداڵ، دەستدرێژیش کراوەتە سەر ٩٦ ژن، ٨١٨ ژن ناچار بە کاری سێکسی کراون، بە گشتی ٢٨٤ ژن کوژراون و ٢٥٥ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

بەپێی راپۆرتەکەى تیهەڤ ١٠ ژن، کە خواستبویان لە هاوسەرەکانیان جیاببنەوە توندوتیژیی خێزانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە و ٥ ژنیان بەهۆی ئەو توندوتیژییانەوە گیانیان لە دەستداوە.

لە ٤ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا ١٠٨ ژن کوژراون، ٧٤ ژن بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

بەپێی ئامارەکە لە ١٠ مانگی رابردوودا لە چالاکییەکاندا بۆ داکۆکی لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول، ئەشکەنجە و کرداری توندوتیژانە بەرامبەر بە ٧٥ کەس ئەنجامدراوە و بە شێوەی توندوتیژانە دەستگیرکراون، ٤ کەس بەهۆی دەستوەردان و توندوتیژیی پۆلیسەوە بریندار بوون، دەستوەردان لە ٨ چالاکیدا کراوە و رێگریش لە ٢ چالاکی کراوە.

ژ.ت