ئەردۆگموش: دۆخی رحا مەترسیدارە

پەرلەمانتاری هەدەپە'ی شاری رحا نێعمەتوڵا ئەردۆگموش لەبارەی تایبەمەندییەکانی دانێشتوانی رحا و سیاسەتەکانى ئاکەپە بۆ دروستکردنى ناکۆکی لە ناویاندا وتی: دەوڵەت ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات لە ناوچەی سەریکانی شەڕ لە نێوان کورد عەرب دا دروستبکات.

پەڕلەمانتاری هەدەپە'ی رحا نێعمەتوڵا ئەردۆگـوش لەسەر سیاسەتی حکومەتی ئاکەپە لە رحا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ئەردۆگموش گوتی: ئەو ڕووداوانەی لە رحا ڕوودەدن جێگاى نیگەرانییە. بەشێوەیکی ئاشکرا دەڵێم؛ حکومەت ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بکات بە دژی یەکدا. حکومەت دوو ناوچەی رحای هەڵبژاردووە بۆ دروستکردنی ناکۆکی، ئەوانیش ناوچەکانی پرسوس و سەریکانی-یە، مرۆڤ کاتێک دەچێت بۆ پرسوس ئەوە بەشێوەیەکی ئاشکرا دەبینێت. دەوڵەت کار لەسەر ئەوە دەکات ناکۆکی لە نێوان گەلی ئەو هەرێمـانە درووستبکات.

ئەردۆگـموش سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی تایبەتی حکومەت بۆ سەر ناوچەی سەریکانی و وتی، ئامادەکارییەکان بە شێوازیکی وا دەکرێن، کە ناکۆکی لەنێوان گەلی کورد عەرەب دروست بکەن.

وتیشی "بەڕێوبەرایەتییەکی هەرێمیى تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى حکومەت لەو ناوچەیەدا تاوەکو دەگاتە فەرمانگەى تاپۆ دروستکراوە. وەک ئەوە وایە، هاووڵاتییانى ئەو ناوچەیە دانیشتوى ئەودیوی سنوور بن. دانیشوتانی ناوچەکە وەک دوو گروپی سوریا بە چاوی دووژمنایەتیەوە سەیری یەکتر دەکەن. ئەو دوژمنایەتیش رۆژ بە رۆژ گەورەتر و قوڵتر دەبێتەوە. لە پرسوس و سەریکانی مرۆڤەکان باووەڕ بە یەک ناکەن، لەبەر ئەوە ماتەوزەیەکى مەترسیدار هەیە".

'حاجی ئەسوەد و ٢ کوڕەکەی بە دڕندەیی کوژران'

 ئەردۆگموش ئاماژەی بەوەدا، حاجی ئەسوەد و دوو کوڕەکەی بە شێوازێکی دڕندانە کوژران. ئاماژەى بەوەشدا "بەپێى ڕاپۆرتی پزیشکیی دادوەری ئەوە ئاشكرا بووە، کە ئەسوەد شەن یاشار و کوڕەکانی بە شێوازێکی دڕندانە کوژراون، بەڵام هیچ کەس لە بکوژانی دەستگیر نەکراون. دوو کوڕی حاجی دەبەن بۆ نەخۆشخانە، باوکیشیان بۆ پرسینى حاڵی منداڵەکانی دەچێت بۆ نەخۆشخانە و سەرباری ئەوەی هیچ پەیوەندیی بە ڕووداوەکەوە نەبووە، بەڵام بەپێی هەموو بەڵگەکان باوک و دوو کوڕەکەی لە ناو نەخۆشخانە کوژراون. تاکو ئیستاش لەڕووی یاساییەوە هیچ کارێک نەکراوە و سەرباری ئەوەش کوڕێکى تری حاجی ئەسوەد دەستگیر و زیندانى کراوە".

'دەیانەوێت شەڕ لە نێوان کورد و عەرەبدا دروست بکەن'

ئەردۆگموش ئاماژەى بە ئاڵۆزییەکانى ئەو دیوی سنوور کرد و وتى "حاڵەتەکە وا دیارە کە ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن، ئاڵۆزییەکانى ئەودیوی سنوور بگوێزنەوە بۆ ئەم ناوچەیە. یەک لەسەر سێى دانیشتوانى رحا عەرەبن. رحا ناوچە و جوگرافیایەکى تایبەتە کە کورد و عەرەب بەشێوەى برایانە پێکەوە دەژین. عەرەب، کورد، تورکمەن و پێکهاتەکانى تر هەزاران ساڵە لە رحا پێکەوە دەژین. هاوکات ٥٠٠ هەزار کەسیش لە سوریاوە هاتوون بۆ رحا. ئێمە لە کاتى هەڵبژاردندا ١٠ کەسیانمان دەستنیشانکرد، کە دەنگیان داوە. ئەوەشمان بۆ دەرکەوت کە مافی هاووڵاتیبوون بە ١٠ هەزار دراوە تاوەکو دەنگ بدەن. لە ئێستادا لە ناو شارەکەدا لە نێوان کورد و عەرەبدا بێ متمانەیى دروستبووە. ئەگەر لە ناو کۆمەڵگەدا و لە شارێکدا تۆویى بێ متمانەیى بچێنرێت، ئیدی زۆر قورس دەبێت کە متمانە دروست بکرێتەوە. بێ متمانەیى دەتوانێت رێگا بۆ قەیران و مۆتەکەیەکى گەورە بکاتەوە. ئێمە لەو دۆخە نیگەرانن و ترسمان هەیە".

'دەیانەوێت رحا بکەنە شاری قەیران و بشێوی'

ئەردۆگموش لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی"لە سەریکانی و پرسوس بە شێوازێکی ئاشکرا چەک دەدەنە دەستی خەڵك و خەڵک چەکدار دەکەن. بەپێى جموجوڵەکانیان و هەندێک لەوەى کە بیستومانە، زۆر ئامادەکاری تریش دەکرێن، کە تاکو ئێستا ئێمە بە روونی نازانین ئەو ئامادەکارییانە چین و بە دڵنیاییەوە ئاگاداری زۆریک لە ئامادەکارییەکانى تریشیان نین".

ئەو پەرلەمانتارە لە کۆتای قسەکانی ئاماژەی بەوەشکرد، بێ باوەڕی و بێ متمانەیى لە شاری رحای باکوری کوردستان دروست دەکرێت، دەیانەوێت بەو شێوازە ناسنامەی برایەتیی گەلان لەو شارە بسڕنەوە. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەى لە داهاتودا کیشەی گەورە دروست بێت و ڕێگا بەڕووی ناکۆکی و قەیرانى گەورەدا بکاتەوە.

ر.م