'تاوەکو هەلومەرج ئاسایى نەکرێتەوە بەرگری لە خۆمان ناکەین'

دەستگیرکراوانی نسێبین دەڵێن، تاوەکو هەلومەرج ئاسایى نەکرێتەوە لە دادگادا بەرگری لە خۆیان ناکەن.

 سێیەمین دانیشتنی دادگایکردنی ٥٣  کەس، کە لە کاتى هێرشی پاکتاوکارانە لە ناوچەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین دەستگیرکرابوون، بەڕێوەچوو. دانیشتنەکە ماوەى دوو رۆژ بەردەوام بوو. دانیشتنەکە لە ٤هەمین لقی دادگای سزا قورسەکانى مێردین بەڕێوەچوو. تەنها رێگا بە ١٠ کەس لە بنەماڵەى دەستگیرکراوەکان درا بەشداریى دانیشتنەکە بکەن.

داواکاری گشتیی تورکیا داوایکرد، دەستگیرکراوەکان لە زینداندا بمێننەوە. پاشان داوایکرد بە ڕێگای سیستمی دەنگ و دیمەن (SEGBIS)، (کە سیستمێکى پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنى داخراوی ئینتەرنێتیە لە ناو زیندانەوە بۆ دادگا)، وتە لە هەندێک لە دەستگیرکراوەکان وەربگیرێت. دەستگیرکراوەکان رەتیانکردەوە، بە رێگای (SEGBIS) بەشداریى دادگا بکەن و دادگا وتەیان لێوەربگرێت و داوایانکرد لە هۆڵی دانیشتنى دادگاکەدا ئامادە بن.

دواتر تووفان ئیلباش بە ناوی دەستگیرکراوەکانەوە قسەی کرد و باسی لە دۆخی تەندرووستیی هاوڕێ بریندارە بەندکراوەکانی کرد. ئیلباش وتی "دەمانەوێت هاوڕێکانمان دەرمان بکرێن. دەبێت ئێوە بێلایەن بن. ئێوە بە ئەشکەنجەکردن هیچ شتێکتان دەست ناکەوێت"

ئیبراهیم ئیلدز لەبارەی ئەو ئەشکەنجەیەی، کە لە کاتی گواستنەوەیان لە نسێبین دا بەرامبەریان ئەنجامدراوە وتى "بە هۆی ئەشکەنجەوە گوێچکەکانم تەقیون. تا ئێستاش هەندێک پارچەى گولـلەی تەنەکەبڕ لە لوتمدایە، بەڵام عەقڵییەتێکى فاشیستییانەى لەو جۆرە لە بەرامبەرماندایە، کە سەربارى ئەوەى ئەو حاڵەتانە دەبینن، دەڵێن 'هیچ نییە، تەندروستیى تۆ باشە'."

ئیلدیز رایگەیاند، گوشار و زۆرداری لە زیندانەکاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

 حامید ئاجوو یەکێکى تر لەو دەستگیرکراوانە رایگەیاند، دەبێت لە دانیشتنەکاندا هەلومەرجەکان باش بکرێن و لە بەردەوامیی قسەکانیدا راشیگەیاند "گوایە دەوڵەتى یاسا و مافە، بەڵام هیچ هەلومەرجێکی گونجاو بۆ ئێمە نەڕەخسێنراوە. ئێمە لە تۆکاتەوە تاوەکو دەگەینە ئێرە دەبێت ١٢ کاتژمێر لە رێگادا بین. لە ڕێگادا ئاویشمان پێنادەن. دەبێت هەڤاڵانی تریشمان لێرە ئامادە بن".

دەستگیرکراوێکى تر بە ناوی باوەڕ باشاک ڕایگەیاند "ئیمە چاوەڕێى دادپەروەری لە دادگا ناکەین". راشیگەیاند، ئەگەر لە زیندانێکى نزیک مێردێن دا بن، ئەو کات دەتوانن خۆیان باشتر بپارێزین. باشاک جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر داخوازییەکەیان رەتبکرێتەوە بەشداریی دانیشتنی دادگا ناکەن.

هەروەها فرات چیفتچی-یش باسى ئەوەیکرد، کاتێک دواى دانیشتنی دووەم گەڕێندراونەتەوە بۆ بەندیخانە، ناچاریان کردوون، کە  خۆیان رووت بکەنەوە تاوەکو پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت. داواشیکرد، هاوڕێ نەخۆشەکانیان چارەسەر بکرێن.

پاشان پارێزەران دەستیانکرد بە بەرگریکردن لە دەستگیرکراوەکان. پارێزەر ڕەنگین ئەرگیول داوای کرد، بەڵگەکان و تۆمەتەکان یەک بەیەک باسیان لە سەر بکرێت و وتی "لێرە تۆمەتبارەکان بە یاساى سزادانى دوژمنان دادگایى دەکرێن. ئەرکان بەنلی گیتاری ژەندەوە و دەستیان شکاندووە".

ئەرگیول لە بەرامبەری وەرگرتنى وتەى دەستگیرکراوەکان بە ڕێگای سیستمی (SEGBÎS) هەستا سەر پێ و جەختی لەوەکردەوە، کە هاوکات ئەم دادگایکردنە، دادگایکردنی دەستکەوتەکانى گەلی کوردە.

دواى بەرگرییەکەى ئەرگیول، دادگا پشوویەکى وەرگرت.

ر.م