قەرەیلان: شەهیدانمان پێوەر و رێنوێنی و داهاتو و فەرمانن -١-

قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گەریلا تیڤی سەرنجی خستە سەر گرنگیی شەهیدان لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا و لە مێژووی ٤٣ ساڵ بەرخوداندا و وتی "شەهیدان پێوەری ئێمەن، رێنوێنیی داهاتومانن، فەرمانن و رێگای سەرفیرازین".

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل وتی، لە نیسانەوە تاوەکو ئێستا، واتە لەو دوو مانگەدا لە هەموو ئەیالەتەکان چالاکی ئەنجام دەدرێن و ئاستێک بەدەستهێنراوە، بەڵام دەبێت ئەوە قوڵتر بکرێتەوە و بەردەوامیی پێبدرێت. وتیشی "قوڵبوونەوە لەسەر هێڵی شەهیدان و رێبەرایەتی ئێمە بە ئاکام و سەرفیرازی دەگەیەنن. بەوشێوەیە ئێمە دەتوانین لەبارەی راستیی شەهیدانەوە بڵێین، ببینە  شایستەى بەرزراگرتنی یادی شەهیدان. لەو رێگەیەوە ئێمە تۆڵەى مێژوویی دەکەینەوە. بەو شێوەیە ئێمە خەونی گەلەکەمان، خەونی دایکانی ئەم وڵاتە، خەونی رۆڵەکانی ئەم گەلە بەدی دەهێنین. ئەوە لە ئێمە چاوەڕێ دەکرێت و هیوای لەسەر هەڵچنراوە".

موراد قەرەیلا فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندیی پاراستنی گەل بۆ گەریلا تیڤی قسەى کرد.

قەرەیلان بە بۆنەى مانگی ئایار مانگی شەهیدان، لە کەسایەتیی شەهید حەقی قەراردا یادی شەهیدانى بەرز راگرت و وتی، "سوێند دەخۆین بەو بەڵێن و پەیمانەى بە شەهیدانمان داوە تێکۆشان گەشتر دەکەین. ئێمە یادکردنەوەیان دەکەینە رێنوێنیی بۆ بونیاتنانی ژیانی ئازاد، بەرخودان گەش دەکەین و بەردەوامی دەدەین بە بونیاتنانی ژیانی ئازد و کوردستانی ئازاد. ئێمە لەم رۆژە پیرۆزەدا بە ناوی هەموو هەڤاڵانەوە سڵاو بۆ رێبەر ئاپۆ دەنێرین، کە رەنجێکى زۆریداوە و دڵسۆزیی خۆمانی بۆ دووبارە دەکەینەوە".

پێگە و شوێنی شەهیدان بنەمایە

قەرەیلان ئەوەشی وت "لە بوون و بەرخودانی هەموو کۆمەڵگەیەکدا شەهیدان شوێنێکى گرنگیان هەیە. ئەگەر لەسەر خاکێک خوێنڕژێنرابێت، ئەو خاکە دەبێت وڵات و پیرۆزبوونی لەو رێگەیەوە گەش دەبێت. لەبەر ئەوەش لە مێژووی هەموو نەتەوەیەکەدا شوێن و پێگەى ئەو کەسانە تایبەتە، کە بۆ ئازادی خوێنیان داوە و شەڕیان کردووە. لە تێکۆشانی ئێمەشدا، لە کوردستاندا ئەوە زۆر جیاواز و تایبەتە. لە بەرخودانی ئێمەدا شوێنی شەهیدان بنەمای سەرەکییە. سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوە لەسەر وڵاتەکەمان بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵگەکەمان لە ژێر چەقۆدایە و داگیرکەر دەیەوێت لە وڵاتەکەماندا گەلەکەمان قڕ بکات و لە ناوی ببات. لەبەر ئەوەی لە بەرامبەرماندا دوژمنێکى بەڕبەڕ و دڕندە، رقاوی و داخ لە دڵ و دڵڕەق هەیە. هەموو شتێکی ئێمە دەکەنە ئامانج، بوونی وڵاتەکەمان، بوونی کۆمەڵگەکەمان، بوونی کولتورەکەمان، مێژووەکەمان و رابردوومان دەکەنە ئامانج و دەیانەوێت هەمووی لەناو ببنە و بیسڕنەوە. رێبەر ئاپۆ لە وڵاتێکى بەم شێوەیەدا و سەرباری هەموو بێ ئیمکانیەتییەکان، دەستیپێکرد و کەوتەڕێ. لەبەر ئەوانەش لە وڵاتی ئێمەدا بەرخودانی شۆڕشگێڕی تەنها بە رەنج و خوێندان دەیتوانی گەش ببێت".

هەموو شتەکان بە خوێنی شەهیدان خوڵقاون

مورارد قەرەیلان فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندیی پاراستنى گەل لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی "بە شەهیدبوون هەموو شتێک خوڵقا، بەرخودانەکەمان لە کوردستان بەمجۆرە گەش بووە و هەموو شت بە خوێنی شەهیدان خوڵقا. بە تایبەت ئەو ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەیە، کە رێبەر ئاپۆ خستییەڕوو، هەروەها رێبازی دڵسۆزییان لەگەڵ هەڤاڵ و هاوڕێیەتی لە بەرخودانی ئێمەدا، شەهیدبوون شوێنێکى بەڕێز و تایبەتی بۆ دانراوە".

قەرەیلان شەهیدبوونی حەقی قەراری بە بیرخستەوە و وتی "بە شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقی قەرار رێبەر ئاپۆ وتی 'ئیدی خوێنڕژا، گەڕانەوەى بۆ نییە' بۆ یاد و تۆڵەى هەڤاڵ حەقی قەرار بەرنامەى پەکەکەى نووسی. بەو شێوەیە بە حیزببوون، یان بڕیاری تێکۆشانی ئازادی مسۆگەر کرا".

دوای حەقی قەرا، خەلیل چاڤگیون

قەرەیلان یادی شەهیدبوونی خەلیل چاڤگیونیشی بە بیرخستەوە و وتی "هاوڕێ خەلیل چاڤگیون لەلایەن کۆنترا فیۆداڵەکانەوە، ئاغاکان و تورکەکانەوە شەهید کرا. لەبەر ئەوە شەڕی تۆڵەکردنەوە گەش بوو و بەو شێوەیە بەرخودانی حیلوان دەستیپێکرد و سەرکەوت".

قەرەیلان هەروەها وتی، ساڵی ١٩٧٩ مەزڵوم باران لە پرسوس شەهید بوو، ئەوەش بووە هۆی گەشبوونی بەرخودان و بەرخودانی سیوەرەک بەوشێوەیە گەش بوو. بەرخودانی حیلوان و سیوەرک بە پێشەنگایەتیی ساڵح کەنداڵ و جومعە تەک دا نزیکەى ٢٠ هاوڕێیان شەهید بوون.

بەرخودانی زیندان و شەهادەت

قەرەیلان سەرنجی خستەسەر بەرخودان و شەهادەتەکان لە زیندانى ئامەد و وتی، کودەتای ١٢ی ئەیلول خواستی لە زینداندا پەکەکە لە ناو ببات، چونکە زۆرینەى کادێرەکانی پەکەکە دیلکرابوون و لە زینداندا بوون و دەیانخواست سیاسەتی خۆبەدەستەوەدان بەسەر کادێرەکانى پەکەکەدا زیاتر و بەهێزتر بکەن و بەو شێوەیە پەکەکە پاکتاو بکەن.

قەرەیلان ئەوەى بیرخستەوە، مەزڵوم دۆغان لە دژی ئەوانە بە بەرخودانی خۆی پەیامی بەرخودانی بڵاوکردەوە. فەرهاد کورتای، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئانیک، نەجیم ئونەر ئەو پەیامەیان وەرگرت و جەستەى خۆیان دایە بەر ئاگر. دواى ئەوەى لە ١٤ی تەممووزدا بەرخودانە گەورەکەى زیندان دەستیپێکرد و لە دژی فاشیزم سەرفیراز و سەرکەوتو بوون.

قەرەیلان وتی "سیاسەتی خۆ بەدەستەوەدان کە دوژمنی پلان بۆ دانابوو بەو شێوەیە تێکشکا. ئەو بەرخودانە بۆ هەموو بزووتنەوەکە بووە پەیامێک و رۆحێکى بە بەردا کرد".

١٥ی تەباخ و سوپای شەهیدان

قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد "لەو قۆناغەدا و لە بەر رووناکاییی پەیامی شەهیدان و بە پێشەنگایەتیی هاوڕێ عەگید بە دەستپێکردنی هەڵمەتى ١٥ی تەباخ قۆناغی بەرخودانی گواستەوە بۆ قۆناغێکی تر. ئەو قۆناغ و پرۆسەیە لەگەڵ خۆیدا سوپای شەهیدانى خوڵقاند. بە کورتی لە مێژووی بەرخودانماندا هەر شەهادەتێک لە ١٥ی تەباخەوە بووە سەردەمێکى نوێ و بەهێزکردنی بەرخودان".

قەرەیلان ئەوەشی وت "بەو فەلسەفە و رامانە، کە رێبەر ئاپۆ خستییەڕوو، بە کردەوەی دڵسۆزییی بۆ هاوڕێیەتی لەگەڵ خۆیدا ئەو گەشەسەندنەى ئافراند. لەبەر ئەوە رێبەر ئاپۆ وتویەتی، حیزبەکەمان حیزبی شەهیدانە و ئەندامانی راستەقینە شەهیدانن. بە راستیش کاتێک ئێستا سەیر دەکەین ئەوە شەهیدانن کە ئێمە بەڕێوەدەبەن و ئێمەیان لەسەر پێ هێشتووەتەوە، ئێمەیان هێناوەتە لای یەک و دەبنە هۆی ئەوەى بەشدار ببین. یانی شەهید یەکێتیی ئێمە دروست دەکەن و رێگاکەمان رووناک دەکەنەوە".

بێریڤان شەهید بوو، جزیر بووە بێریڤان

قەرەیلان شەهادەتی بێریڤانی لە جزیر بە بیرهێنایەوە و وتی "گەریلاک بوو و چوو بۆ جزیر و ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانى ئەنجامدا. دوژمن بۆ ئەوەى خەباتی شۆڕشگێڕی لە جزیر لە ناو ببات بە پلان هەڤاڵ بێریڤانی شەهید کرد، بەڵام هەموو جزیر بوون بە بێریڤان. ئێستا ناوی زۆربەى ژنانی جزیر بێریڤانە و لە ناو ریزەکانى ئێمەدان، لە ناو شەهیدەکانماندان. جزیر بوە قەڵای بەرخودان. یانی شەهیدبوون بزووتنەوەکەى ئێمەى لاواز نەکرد. ئەوەى دوژمن چاوەڕوانی بوو رووی نەدا، پێچەوانەکەى روویدا".

سەرهەڵدان بە شەهیدان دەستپیپێکردووە

قەرەیلان ئەوەشی وت "لە کوردستان یەکەم سەرهەڵدان و راپەڕین بۆ خاوەنداریکردن لە شەهیدان گەش بووە. خواستویانە تەرمی شەهید بە مەراسیم، بە دروشتم و بە جەماوەری بەخاکبسپێرن. بەو شێوەیە سەرهەڵدان دەستیپێکرد. لە جزیر رێپێوان بۆ تەرمی هەڤاڵ ساڵح، هەڤاڵ زانا، هەڤال زنار و ٨ هەڤاڵی تر بووە سەرهەڵدان. لە جزیریش هەر ئەوە روویداو و بەهەموو کوردستاندا بڵاوبوویەوە. یانی شەهیدان گەلەکەمان بە رێکخستن دەکات، رێگای بۆ دەکاتەوە و دەیخاتە سەرهەڵدان. رێگا نیشانی تێکۆشانی ئازادی دەدەن. شەهید لە تێکۆشانی ئێمەدا بەو رۆڵە هەستاون".

هێڵی رێبەرایەتی و شەهیدان

قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد "هێڵی رێبەرایەتی و شەهیدبوون تەواوکاری یەکترن و لە بنەڕەتەوە دیاردەى شەهیدبوون بووەتە هۆی ئەوە، کە هێڵی رێبەرایەتی شەپۆل بە شەپۆل گەش ببێت و پێکەوە خاوەنی پەیوەندییەکى لەو شێوەیەن. دیاردەى رێبەرایەتی لە کوردستان بە بەرخودانی شەهیدان خوڵقاوە. لەبەر ئەوەش رێبەرایەتی نوێنەری شەهیدانیشە و رێبەرایەتیش بۆ خۆیشی وا دەڵێت. هەر خۆی هێڵی رێبەرایەتی و شەهیدان رووناکی دروست دەکەن، هێز و ورە و ئیدرادە دروست دەکەن. بوێری و ئازایەتی و فیداکاری دروست دەکەن. ئەوەش مرۆڤ دەخاتە سەر هێزی تێکۆشان و بەرخودان. دەخاتە سەر ئیرادە و ورەیەک لە پۆڵا.

ئەوە ئێستا ٤٣ ساڵە ئەو راستییە رێگامان بۆ دەکەنەوە. یانی راستیی شەهیدە قارەمانەکانمان رێگامان بۆ دەکاتەوە، لەبەر ئەوەیە پەکەکە حیزبی شەهیدانە".

پەکەکە گەورەتر دەبێت

قەرەیلان وتی "پەکەکە لاواز نابێت و کۆتایی پێنایەت. تاکو دێت پەکەکە گەورەتر دەبێت، چونکە پەکەکە حیزبی شەهیدانە. بە هێزی شەهدان، بە تێکۆشان و بەرخودان گەش دەبێت و بەرز و گەورە دەبێت. ئەو هێزە پەکەکە وەردەگەڕێنێت بۆ سەر هێزێکى لەبن نەهاتوو. هەروەها لەسەر رێگای شەهیدان و رێبەرایەتی رێکردنە بەرەو سەرفیرازی و سەرکەوتن".

ژ.ت