کەرکوک... سیمینارێک لەبارەی دۆخی زمانی کوردی سازکرا

لە شاری کەرکوک لە سیمینارێکدا لە ژێر ناونیشانی 'دۆخی زمانی کوردی لە کەرکوک' باس لە ڕەوشی زمانی کوردی کرا لە شارەکەدا.

ئەمرۆ لە ماڵی رۆشنبیری سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق لە شاری کەرکوک، بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک لەلایەن هەڤاڵ دارا شارەزا لە زمانی کوردی سیمینارێک پێشکەش کرا.

دەربارەی سیمینارەکە هەڤاڵ دارا بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF) ڕاگەیاند، "ئێمە هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم سیمینارە بەبۆنەی رۆژی جیهانی دایک و ئەم بابەتەمان هەڵبژارد بۆئەوەی بتوانین خزمەت بەزمانی کوردی بکەین. پێویستە بتوانین برینەکانی زمانی کوردی بدۆزینەوە لەم شارەدا، بەداخەوە دەتوانین بلێین زمانی کوردی لەم شارەدا ئاوارەیە و نەتوانراوە خزمەت بە زمانی کوردی بکرێت، ئەتوانین ناوەندێک بکەینەوە بۆ فێربوونی زمانی یەکتری تا لە ڕێگەی زمانەوە پێکهاتەکانی ئەم شارە بتوانن پێکەوە بژێن."

هەروەها هەڤاڵ دارا وتیشی: "لە کەرکوک بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە زمانی کوردی نەکراوە و لەلایەن ناوەندە حکومیەکان ژینگەیەکی زۆر خراپ هەیە بۆ زمانی کوردی بۆیە پێویستە لەسەر ئەو ناوەندانەی پەیوەستن بە زمانەوە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ خزمەتکردنی زمان و ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەیە کە گرنگی زیاتر بە چالاکییە رۆشنبیرییەکان بدات."

ف.ق