نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشی سەر ڕەفەح، ڕێگە بۆ کارەساتی مرۆیی مەزن دەکاتەوە

پاش شکستی دانوستانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح ڕێگە بۆ "کارەساتی مرۆیی مەزن" دەکاتەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتیرێز لە سەردانەکەی بۆ نایرۆبی گوتی: "هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح ڕێگە بۆ کارەساتێکی مرۆیی مەزن دەکاتەوە، ئەو دەمەی هەڕەشەی برسێتی هەیە، ئەمە کۆتایی بە هەوڵەکانی هاوکاریکردنمان دەهێنێت".

گوتیرێز دووبارە بانگەوازی کرد بۆ ئاگربەست و دووپاتی کردەوە ڕەوشی شارەکە لە لێواری مەترسیدایە.

دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی موشەکیی دەستپێکرد، ئیسرائیل بۆ ماوەی 3 ڕۆژ دەروازەی کەرەم شالومی لە نزیک ڕەفەح داخست و هەرچەندە ڕۆژی چوارشەممە کرایەوە، بەڵام بەپێی نووسینگەی فریاگوزاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا) لە فەلەستین، گەیاندنی هاوکارییەکان " زۆر قورسە".

ڕۆژی هەینی ئیسرائیل هێرش و تۆپبارانەکانی بۆ سەر غەززە و بەتایبەتی ڕەفەح زیاد کرد.

ڕەفەح دوایین شاری باشووری غەززەیە لە نزیک سنووری میسر و شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار فەلەستینییە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانیان ئیفلیج کردووە. بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 110 هەزار کەس ناچار بوون شارەکە بەجێبهێڵن.

ئەو شەڕەی کە ماوەی حەوت مانگە بەردەوامە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەبێ ڕێککەوتن لە قاهیرە کۆتایی هات.

هاوکات سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، بۆ یەکەمجار هەڕەشەی لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ کرد، کە ئەگەر هێرشەکەی سەر ڕەفەح ئەنجام بدات، ئەوا ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت.