تەرمی فەرجاد دەروێشی لە ورمێ بەخاکسپێردرا

تەرمی فەرجاد دەروێشی کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە کوژرا، لە شارۆچکەی باڵای ورمێ لەلایەن هەزاران کەس بەخاکسپێردرا.

لەسەرجەم شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و سەرتاسەری جیهان کاردانەوەکان لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بەردەوامە. مانگرتنی سەرتاسەری و خۆپیشاندانەکان کە لە ١٩ی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە بەردەوامن. زانرا کە لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر گەل، لانیکەم ٧ کەس ژیانیان لەدەستداوە و ٢٤١ کەسیش برینداربوون. لە چالاکییەکاندا ئەم هاوڵاتیانە ژیانیان لەدەستداوە: موحسین محەمەدی لە دیواندەڕە، رەزا لوتفی تەمەن ٢٥ ساڵ لە دێوڵان، فەرجاد دەروێشی تەمەن ٢٣ ساڵ لە شارۆچکەی باڵای ورمێ، زەکەریا سلێمانی تەمەن ١٧ ساڵ لە پیرانشار، فەرەیدون مەحمودی لە سەقز و فواد قەدیمی لە دیواندەڕە و هاجەر عەباسی لە مەهاباد.

بە وتنەوەی دروشم بە خاکسپێردرا

فەرجاد دەروێشی تەمەن ٢٣ ساڵ کە لە ٢٠ی ئەیلول لە شارۆچکەی بالای ورمێ لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام رەزا. سەرباری هەوڵی پزیشکەکان دەروێشی لە نەخۆشخانە ژیانی لەدەستدا. دوای رێورەسمی ئایینی، تەرمی دەروێسی لەلایەن هەزاران کەسەوە بەخاکسپێردرا.

لە گۆڕستان بە هەزاران کەس بەیەک دەنگ دروشمەکانی "نەمان بۆ دیکتاتۆر" و "شەهید نامرن"یان دەوتەوە.

ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکە بەردەوامە.

هـ . ب