ئەمینە شەنیاشار: بۆ کەس هاواری ئێمە نابیستێت؟

ئەمینە شەنیاشار رایگەیاند، تاوەکو دادپەروەری بەدی نەیت درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین. بشمرم لێرە ناڕۆم.

ژنێک، کە جلوبەرگی رەشی لەبەرکردووە و لەچکێکی رەشی بەسەریەوە بەستووە لە بەردەمی خۆیدا نووسراوێکی بە خەتی گەورە داناوە، کە نووسراوە "بناغەى موڵک دادپەروەرییە". دەستی خۆی بەرەوە ئاسمان بەرزکردووەتەوە و دەپرسێت، "خوای گەورە دادپەروەری کەوتووەتە دەستی زاڵمەکان و خاوەن هێزەکان، باشە تۆ ئەوە نابینێت؟". ئەو هاوارە لە بەردەم بینای دادگای رحا دەستیپێکردووە و بە ناو هەموو شارەکەدا بڵاوبووەتەوە. ئەو هاوارە بۆ بانگکردنی زاڵمەکان، بێ ویژدانەکان و کەڕ و کوێرەکانە. ئەو دەنگ وهاوارە دەیەوێت کۆشکی دادوەری بلەرزێنێت، ئەو هاوارە دەنگ و هاواری دایە ئەمینە شەنیاشارە، کە لە نزیکەوە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژکردنی هاوسەرەکەى و منداڵەکانی بووە.

'بۆ دادپەروەری تێدەکۆشم'

خواوەند تیمس (Themis) کچی ئۆرانوس و گایا، خواوەندی دادپەروەرییە، کە لە بەرامبەر زوڵم دا بە شمشێری دادپەوەرییەوە دەوستێتەوە و نوێنەرایەتی دادپەروەری و بێلایەنی دەکات. لە یونانی کۆنەوە تاوەکو رحا لە کەسایەتیی دایە ئەمینە شەنیاشاردا خۆی دەرخستووەتەوە. دایە ئەمینە شەنیاشار وتی، "من نازانم کەی دادپەروەری لەلایەن مەزڵمەکانەوە بەدی دێت، بەڵام دادپەروەری لەم وڵاتەدا لە ژێرزەمینە تاریکەکاندایە، بۆیە منیش بۆ ئەوە تێدەکۆشم". با پێکەوە گوێ لە چیرۆکی ژیان و دادپەوەریی دایە ئەمینە  شەنیاشار بگرین و بیخوێنینەوە، کە دڵبریندارییەکەی و فرمێسکی چاوەکان هەرگیز ناوەستن.

  خێرخواز و وڵاتپارێزیکی کۆن و دێرین

لە ساڵی ١٩٩٠دا بەهۆی سیاسەتی شەڕی دەوڵەتەوە سەدان گوندی کوردستان خاپوور و تاڵانکران. بەهۆی سیاسەتی شەڕەوە تاوەکو دەهات هەژاری زیاتر دەبوو و هاووڵاتییانی گوندەکان نەیاندەتوانی بژێویی ژیانی خۆیان دابین بکەن، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان روویان لە شار و شارۆچکەکان دەکرد. بنەماڵەی شەنیاشار یەکێک لەو بنەماڵانە بوون، کە لە ساڵی ١٩٩٠دا بەهۆی هەژارییەوە لە گوندی تلهوک (تومسەکلی)یەوە رۆیشتن بۆ شارۆچکەى پرسوس (سوروچ) لە پارێزگای رحا (ئورفا) لە باکووری کوردستان. بنەماڵەى شەنیاشار هەر چەند لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا کۆمەڵکوژکران و بەو هۆییەوە لە رای گشتیدا ناسران، بەڵام لە لە مێژە بوو لە ناوچەى پرسوس و رحا لە ناو خەڵکدا بە وڵاتپارێز و مرۆڤدۆست  دەناسران.

هەڵمەتی هەمەلایەنە بۆ کۆبانێ

ئەمینە شەنیاشار لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی ئاشمێ لە دایکبووە و منداڵیی لە ئاشمێ بەسەربردووە. ئەمینە شەنیاشار لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە گوندی تلهوک لەگەڵ حاجی ئەسوەد شەنیاشار ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت و لە گوندی تەلهوک دا نیشتەجێ دەبێت. لەو ژیانە هاوبەشەیاندا لە گوندەکەدا ٧ منداڵیان دەبێت و لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ بژێویی ژیانی خۆیان روو لە ناوچەى پرسوسی رحا دەکەن و لەوێ نیشتەجێ دەبن. بنەماڵەی شەنیاشار لە ماوەیەکی کەمدا لە ناو خەڵکی پرسوسدا دەبنە بنەماڵەیەکی خۆشەویست و وەک بنەماڵەیەکی ناوچەکەیان لێدێت. حاجی ئەسوەد بە بەردەوامی دەستی هاوکاریی بۆ کەسانی هەژار و دابینکردنی پێداویستییەکانیان درێژ کردووە و دەبێت بە بەشێک لە ژیانی ئەو خەڵکە. بنەماڵەى حاجی ئەسوەد لە پرسوس وەک بنەماڵەیەکی مرۆڤدۆست، وڵاتپارێز و خێرخواز دەناسرێن. لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لەگەڵ خەڵکدا بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی کۆبانێ دەڕۆیشت بۆ سەر سنوور و هاوکاریی رۆژنامەنووسانی لە ناوچەکەدا کردووە و حەواندونیەتەوە. حاجی ئەسوەد لە کاتی هێرش بۆ سەر کۆبانێ لە ماڵەکەى خۆیدا هەڵمەتی کۆکردنەوەى هاوکاریی دەستپێکردووە و هاووڵاتییان بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کۆبانێ هاوکاریەکانیان رادەستی بنەماڵەى شەنیاشار کردووە و ئەوانیش بۆ ئەو هاووڵاتییانەى کۆبانێ کە دەچوونە ئەو ناوچەیە دەبوونە برا و دۆست و هەڤاڵ. ئەو رۆژە مێژووییانە لە مێژووی کوردستاندا بە پیتی زێڕین دەنووسرێنەوە، کە حاجی ئەسوەدیش یەکێک لەو کەسە وڵاتپارێزانە بووە، کە پەیوەست و پابەندی دۆزی کورد بووە.

لە یەک رۆژدا هەموو ژیانیان گۆڕدرا

بنەماڵەى شەنیاشار پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠١٨ لە ناوچەى پرسوس، کە بە بنەماڵەیەکی خێرخواز، مرۆڤدۆست، وڵاتپارێز، کاسبەکار و بازرگان دەناسران، لە یەک رۆژدا ژیانیان گۆڕا و ئەوەش دۆخی سیاسەتی تورکیا لەم ماوەیەدا بە روونی دەخاتە بەرچاو. هەموو کوردستان و تورکیا و جیهان شایەتی ئەو قسە سیاسییە رقاوییانەن بۆ جیاکردنەوە و دابڕاندن لە دژی  بنەماڵەیەکی تری مرۆڤدۆست بەکارهێنراون.

دوو کوڕ و هاوسەرەکەى بە بەرچاوییەوە کوژران

لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە سەردانی کاسبکاران و دوکاندارن دەکات و لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەى و پاسەوانەکانیدا چووە بۆ شوێنی کاری بنەماڵەى شەنیاشار و لە ئەنجامی هێرش و پێکداهەڵپژانی خزمان و پاسەوانەکانی ئەو پەرلەمانتارەی ئاکەپە، جەلال شەنیاشار تەمەن ٤١ ساڵ و باوکی ٣ منداڵ، عادل شەنیاشار تەمەن ٣٦ ساڵ بە قورسی بریندار دەبن. هەروەها محەمەد، فازیل و فەرید شەنیاشار بەهۆی ئەو پێکهەڵپژانەوە بە هۆی کوت و لێدانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بریندار بوو بوون. حاجی ئەسوەد شەنیاشار تەمەن ٦٧ ساڵ و ئەمینە شەنیاشار، کە ئەو رووداو و پەلامارە بۆ سەر کوڕەکانیان دەبیستن و دەزانن کوڕەکانیان براون بۆ نەخۆشخانە دەڕۆن بۆ نەخۆشخانەی حکومی پرسوس و دەیانەوێت چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت، بەڵام لە نەخۆشخانەکەدا خزمان و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدزی ئاکەپەیی، بە بەرچاوی ئەمینە شەنیاشارەوە هێرش دەکەنە سەر ٢ کوڕەکەى (جەلال و عادل) و حاجی ئەسوەدی هاوسەری و بە پیاداکێشانی ئاسن، بتڵی ئۆکسیجن، کوتەک و شوشە خەڵتانی خوێنیان دەکەن و دەیانکوژن.

"ئەردۆغان هێرشی کردە سەر بنەماڵەى شەنیاشار و کردنییە ئامانج"

بنەماڵەى یڵدز لایەنگری ئاکەپەن و بە چەکی قورسەوە دەڕۆنە نەخۆشخانەکە، کە لەو کاتەدا پارێزگاری رحا، ئاسایش و وەزیر لە نەخۆشخانەکەدان، باوکێک و ٢ کوڕ بە بەرچاوی ئەمینە شەنیاشارەوە دەکوژن. لە گۆڕستانی پرسوس و لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی هەر ٣ کەسەکەى بنەماڵەى شەنیاشاردا، پۆلیس بە ئۆتۆمبێلی ئاوپرژاندن و بە ئاوی بەهێز و گازی بیبەر هێرش دەکاتە سەر گەل و سەرباری ئەو هێرش و پەلامارەی پۆلیسەکانی ژێر فەرمانی ئاکەپە، هەر ٣ تەرمەکە لە ژێر هێرش و پەلاماری پۆلیس دا بەخاک دەسپێرن.

ئەمینە شەنیاشار بە دەم لاواندنەوەو گریانەوە وتی، "کوڕەکانم بە قوربانیان بم، بە رۆژوو بوون، برسیبوون". هەر باسی دەکردن و ئارامیی لێبڕابوو و ئازار و ژانەکەى هێور نەدەبوویەوە. دوای کوشتنی باوک و دوو کوڕەکەى، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بنەماڵەى شەنیشار و باوکێک و دوو کوڕی کوژراوی بە "ئەوانە تیرۆریستن" پێناسەکرد و بنەماڵەى شەنیاشاری وەک ئامانجێک دیارکرد و هێرشی کردنە سەر.

دایە ئەمینە شەنیاشار دەڵێت، منداڵەکانی لە قورسترین دۆخ و زۆر بە سەختی گەورەکردبوو، بەڵام منداڵەکانم لەلایەن چەتەکانی لایەنگری ئاکەپە و بنەماڵەی یڵدزەوە کوژران. دایە شەنیاشار لەوبارەیەوە دەڵێت، "٧ منداڵم هەیە، ٥ کوڕ و ٢ کچ. کچە گەورەکەم بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە و لە دوای خۆی کچێکی بەجێهێشتووە، کە کچەکەى لەلای خۆمە. ئێمە بنەماڵەیەکین  پەیوەست و پابەندی کولتوری خۆمانین. بۆ ئەوەش هەموو منداڵەکانمان لەگەڵ خۆمان دەمێننەوە. دوای ئەوەى لە گوند هاتین بۆ پرسوس هەموو خەڵکی ناوچەکە ئێمەیان لە نزیکەوە ناسی. حاجی ئەسوەدی هاوسەرم لەلایەن دانیشتوانی پرسوسەوە زۆر رێزی لێدەگیرا و کەسێکی زۆر خۆشەویست بوو. حاجی ئەسوەد مرۆڤێکی وڵاتپارێز و مرۆڤدۆست بوو. کەسانێک پێویستییان بە یارمەتی هەبوایە بە بەردەوامی دەستی هاوکاریی بۆ درێژ دەکردن. ئەوەی بەرامبەرمان کرا زوڵمێکی گەورە بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە کوردێکین بە خاک و کولتوری خۆمانەوە پەیوەستین ئەو کۆمەڵکوژییەیان لە دژمان ئەنجامدا".

" ٥٧ بنەماڵەی کۆبانێی لە ماڵەکەی خۆیدا حەواندەوە"

دایە ئەمینە شەنیاشار باسی ئەوەیکرد، پێش ئەوەى ئەو رووداوە رووبدات، فەریدی کوڕی تازە لە عومەرە گەڕابوویەوە وتی، "لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کۆبانێ سنووریان تێپەڕاند و هاتن بۆ ئەمبەر. لەو کاتەدا نزیکەى ٥٧ – ٥٨ بنەماڵە لە ماڵی ئێمەدا حەوێنرانەوە. ئێمە دەرگای ماڵی خۆمان بۆ مرۆڤ و کەسوکارەکانی خۆمان کردەوە، ئەوانەى هاتن هەموویان کورد بوون و خەڵکی ئێمە بوون. ئەوەى پێویست بوو ئەنجاممان دا. هاووڵاتییان لە شارەکانی ترەوە بۆ یارمەتیکردن دەهاتن و دیسانەوە دەرگای ماڵمان بۆ ئەوانیش کراوە بوو. ماڵێکمان لە گوند هەبوو، حاجی ئەسوەد ئەو ماڵەى بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە تەرخانکردبوو، کە هاتبوون بۆ ناوچەکە تاوەکو رووماڵی شەڕی کۆبانێ بکەن. هەموو پێداویستییەکانیشان لەلایەن حاجی ئەسوەدەوە دابین دەکرا".

رۆژی کۆمەڵکوژییەکە

شەنیاشار باسی رۆژی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، "رۆژی رووداوەکە، من وەک زۆرێک لە رۆژەکانی تر رۆیشتم بۆ دوکانەکە و لەگەڵ عادلی کوڕمدا قسەم کرد و هەواڵی کار و تەندروستییم پرسی و وتی، زۆر هیلاکم. دوای ئەوە من دەمخواست بڕۆم بۆ لای جەلالی کوڕم، بەڵام لەبەر ئەوەى کڕیاری لەلا بوون، نەڕۆشتم بۆ لای. دوای ئەوە من رۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە و هەندێک راکشام. زەنگی تەلەفون هات و سەیرم کرد جەلالی کوڕمە و ئەو کاتەش مانگی رەمەزان بوو. جەلال لێی پرسیم 'دایە بۆ بەربانگ چیت بۆ دروستکردووین'، منیش پێم وت، تەپسیم دروستکردووە. دوای ئەوە جەلال وتی، خۆزگا دۆڵمەت دروست دەکرد'، منیش وتم، کوڕم کات درەنگە و ئەمڕۆ فریا ناکەوم، بریا زووتر دەنگت بکردایە، بەڵام سبەی دۆڵمەت دروست دەکەم. ئیتر ئەوە بووەتە خەم و لە دڵمادا ماوەتەوە. دوای چەند ساتێک نەوەکەم خۆی کرد بە ماڵەوەدا و وتی، "داپیرە هەندێک کەس لە دوکاندا لەگەڵ باوکمدا کەوتوونەتە مشتومڕ'. هەستامە سەر پێ و بەرەو دوکانەکە رۆیشتم. کاتێک بەرەو دوکانەکە دەڕۆیشتم ژنێک رایوەستاندم و وتی، 'هەندێک کەس لە دوکانەکەدا تەقەیان لە منداڵەکانت کردووە، مەڕۆ تۆش دەکوژن' من بە پەلە بەرەو دوکانەکە رۆیشتم و لە رێگادا حاجی ئەسوەدی هاوسەرمم بینی، کە ئەویش بەرەوە دوکانەکە دەڕۆیشت و پێکەوە خۆمان گەیاندە دوکانەکە. ئێمە گەیشتینە دوکانەکە و پۆلیس رێگای نەدا بڕۆینە ناو دوکانەکە. ماوەیەکی زۆر منداڵەکانم بە برینداری لەسەر زەویدا بوون و هیچ کەس لەبەر بنەماڵەى یڵدزی ئاکەپەیی نەیدەوێرا لە منداڵە بریندارەکانم نزیک ببنەوە و بیانبەن بۆ نەخۆشخانە. هەر چۆنێک منداڵەکان بران بۆ نەخۆشخانە و من و حاجی ئەسوەدی هاوسەریشم رۆیشتین بۆ نەخۆشخانە. کاتێک گەیشتینە نەخۆشخانەکە بنەماڵەى یڵدزی نەخۆشخانەکەیان گەمارۆدابوو و هەر چۆن حاجی ئەسوەدیان بینی پێکەوە بە کێرد و دار و ئاسان هێرشیان کردەسەر سەر حاجی ئەسوەد و لێیاندا و بە ئاسان کێشیان بە سەریدا و دایان بە زەویدا، خەڵتانی خوێنیانکرد و بە بەرچاوی خۆمەوە کوشتیان. هەر وەها هێرشیان کردە سەر جەلال و عادل و بە برینداری و لە نەخۆشخانەدا کوشتنیان".

"هەم چەتە، هەم دز و هەم کوتەکە وەشێنن"

دایە ئەمینە شەنیاشار باسی ئەوەیکرد، هەر چۆن چەتەکانی داعش لە رۆژئاوا هێرشیان کردە سەر کوردان بنەماڵەى یڵدزی ئاکەپەییش لە نەخۆشخانەى پرسوس بە هەمان شێوەیە هێرشیان کردە سەر منداڵەکانم و وتی، "بنەماڵەی یڵدز لە پرسوسو چەتەن، دز و کوتەکەوەشێن و شەڕانگێزن. وەک چەتەکانی داعش بەسەر خەڵکی پرسوسەوە بوونەتە بەڵا. بە زۆر پارە لە خەڵک و دوکاندارەکان دەستێنن. رێگا نادەن کەس بە ئارامی کار بکات و باج لە خەڵک دەستێنن و پارە و سامانی خەڵک دەدزن. بە بەرچاوی منەوە حاجی ئەسوەدی هاوسەرم و دوو کوڕیان کوشتم. دەیانخواست فازڵی کوڕیشم بکوژن، بەڵام لەبەر ئەوەى گواسترابوویەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تر دەستیان پێی نەگەیشت. دواتر ئاگاداریان کردینەوە دەیانەوێت فازڵیش لەو نەخۆشخانەیەی تردا بکوژن، بۆیە خێرا بیگوێزنەوە بۆ نەخۆشخانەى ئامەد و ئێمە بە برینداری گەیاندمانە ئامەد و لە دەستیان رزگاری بوو، بەڵام هێشتا بریندار بوو، کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و بردیان بۆ زیندان. خستیانە ژووری تاکە کەسی و لەکاتی هەواگۆڕکێد بە کرێکیگراوەکانی بنەماڵەى یڵدز هەوڵیاندابوو لە زینداندا بیکوژن. دوای ئەوەى منداڵەکانیان کوشتم دەستیان بەسەر ڤیدیۆی کامێراکاندا گرت و رێگایان نەدا هیچ کەسێک بڕوات بۆ نەخۆشخانەکە. هەر ئەو شەوە نەخۆشخانەکەیان سەرلەنوێ بۆیاخ کردەوە و هەموو سەرەداو و شوێنەوارەکانی تاوانەکانی خۆیان لە ناوبرد. بەڵام ڤیدیۆی دوکانەکە نەکەوتە دەستی ئەوان و ئێستا لە دەستی هەمواندایە و ئەوە بڵاوکرایەوە، کە چۆن لە دوکانەکەدا تاوانەکەیان ئەنجامداوە. ئەو بنەماڵەیە چەتەن، لە هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە پرسوسدا جێی خۆیان کردووەتەوە. گوشار و زۆرداری لە خەڵکی پرسوس دەکەن. خۆیان بە خاوەنی پرسوس دەزانن. هەرچی کاری چەپەڵ و قێزەونە ئەنجامییان داوە و ئەنجامی دەدەن".

پشکنین بە رووتی

دایە ئەمنیە شەنیاشار، کە بە دوای هێنانەدیی دادپەروەرییەوەیە و بە بەردەوامی رووداوەکە و زانیاری لەبارەی رووداوەکە بە وردی باس دەکات و جارێکیتر پرسیی "دادپەروەریی لە کوێیە؟" و وتی، "من ئێستا زیندووم، بەڵام رۆح ناژیم، تەنها بە جەستە دەژیم. من دەمەوێت ئەو کەسانەى منداڵەکانی منیان کوشتوە دەستگیر بکرێن. تاوەکو تاوانباران و ئەنجامدەران و بکوژانی منداڵەکانم دەستگیر نەکرێن، ئەگەر من بشمرم لێرە هەڵناسم و دەمێنمەوە. ئەگەر دەیانەوێت با بمگرن، بەڵام هەرگیز ژیانێکی وەها قبوڵ ناکەم. من لەبەر ئەوەى داوای دادپەروەری دەکەم، چەندینجار دەستگیرکرام و هێرشیان کردە سەر فەریدی کوڕم و لێیاندا و ویستیان بیخنکێنن، لە کاتی دەستگیرکردندا بە ناوی پشکنینەوە ناچاریان کرد خۆی رووت بکاتەوە تاوەکو پشکنینی بۆ ئەنجام بدەن".

" هەموو رۆژێک ئەو زوڵمە دەهێننەوە بەرچاومان"

دایە شەنیاشار باسی ئەوەیکرد، ئامانجی ئەو هێرشە لەناوبردنی هەموو بنەماڵەکەمان بوو و باسی ئەوەیکرد، "٣ رۆحی ئێمەیان کوشت. ئەوانەشی ماونەتەوە هەموویان بریندارن. فازڵی کوڕیشم ئەوە ٣ ساڵە لە ژووری تاکە کەسیی زینداندایە و دەیانەوێت ئەویش لەوێ لەناو ببەن، چونکە سزای ٣٧ ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرکردووە. دەمەوێت کوڕەکەم ئازاد بکرێت. ئیدی ئەو زوڵمە بەسە. ئیدی سەبرم نەماوە. زوڵم لە بنەماڵەکەم نەکەن. باشە بۆ دادپەروەری نییە؟ بۆ کوڕەکەم لە ژووری تاکە کەسیدا زیندانیکراوە؟ باوک و براکانی کوڕەکەمیان کوشت و ئەوشیان خستە زیندان. ئەوانەشی ئێمەیان کوشتوە بە بەردەوامی بە بەر دووکانەکەماندا دەگەڕێن. چاوم بەهۆی گریانەوە کوێرایاین داهاتووە. ئێمە دەڕۆین بۆ لای داواکاری گشتی هاشاوڵمان بۆ دەهێنن و دەرمان دەکەن. داوای دادپەروەری دەکەین پۆلیس هێرش دەکاتە سەرمان و دەستگیرمان دەکات. دادپەروەری نییە! هەموو رۆژێک ئەو زووڵمە دەهێننەوە بەرچاومان. ٣ کەس لە بنەماڵەکەى من کوژراون. کوڕێکیشیان خستوومەتە زیندان".

"هاواری دادپەروەری"

"ئەوە چ سیستمێکە، چ یاسا و دادپەروەرییەکە. دادپەروەری کەی مرد، کەی کەڕ و کوێر بوو؟ چییان لە دادپەروەری کرد؟ بۆ دەنگی لێوە نایەت؟ بۆ هاواری ئێمە نابیستن؟ من دەست لە چالاکیی ئێشکگریی خۆم هەڵناگرم تاوەکو من دادپەروەری نەگەڕێنمەوە بۆ ئەم وڵاتە، من دەست لە ئێشکگرییەکەى خۆم هەڵناگرم. بکوژەکان لە دەرەوەن و کوڕەکەى من، کە لە مردن گەڕاوەتەوە سزا دەدرێت. هیودارم خوا خۆی رۆژێک زووتر ئەو دادپەروەرییە تەخت و بەخت بکات".

ئەوە هاواری دایە ئەمینە شەنیاشارە، کە ماوەى ٣٤ رۆژە لە بەردەم بینای دادگای رحا لە چالاکیی ئێشکگریدا بۆ هێنانەدیی دادپەروەری.

ژ.ت