ئەوانەی دەستدرێژیان کردووە ئازاد کران و سکاڵا لەسەر رۆژنامەنووسێک تۆمار دەکرێت

لە ناوچەی بێگری وان، ٦ کەس کە دەگوترێت دەستدرێژیان کردووەتە سەر کچێکی ١٧ ساڵ، ئازاد کران، بەڵام بە بیانوی ئەوەی 'زانیاری درۆی بڵاوکردووەتەوە' سکاڵا لەسەر رۆژنامەنوس ئوکتای جاندەمیر تۆمارکرا کە هەواڵی رووداوەکەی ئامادە کردبوو.

رۆژنامەنوس ئوکتای جاندەمیر لە مانگی کانونی دووەمدا، هەواڵێکی لەبارەی تاوانێکی دەستدرێژی ئامادە کرد. رۆژنامەنوس جاندەمیر بەم شێوەیە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە:

' لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە، کچێکی تەمەنی ١٦ ساڵ کە خوێندکارە و لە ئامادەیی نیزامەدین ئاکتاش لە مورادیە دەخوێنێت، فێری مادەی هۆشبەر کراوە و دواتر بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستدرێژی دەکرێتە سەر. بە بیانوی ئەوەی فێری مادەی هۆشبەر بووە، لە خوێندن دوورخرایەوە. پۆلیس و کارمەندەکان وێنەی ئەو کچەیان گرتووە و دواتر وێنەکان وەک هەڕەشە بەکارهینراون و چەندین ساڵە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەو کچە."

ئەو کچە سکاڵای لەسەر ٦ کەس تۆمار کرد. ٢ کەس بە مەرجی کۆنتڕۆڵ ئازادکران و ٤ کەس گیران. دواتر بڕیاری شاراوەیی لەسەر دۆسیەکە درا، رۆژنامەمووس جاندەمیر بانگهێشتی پۆلیسکرا  و وتەی لێوەرگیرا. پۆلیس پرسیاری لە جاندەمیر کرد کە بۆچی هەواڵەکەی ئامادە کردووە.

دوای ٤ مانگ ئەو کەسانەی دەستدرێژیان کردووە ئازاد کران، بەڵام سکاڵا لەسەر جاندەمیر تۆمارکرا.

ف.ق