هێرش بە گازی ژەهراوی لە ئێران بەردەوامە

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان کە چوار مانگە دەستیپێکردووە، بەردەوامە.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە بە گازی ژەهراوی، هێرش کرایە سەر چەند خوێندنگەیەک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆیە باری تەندروستی ژمارەیەک کچە خوێندکار تێکچوو.

لەو چوارچێوەدا دوێنێ، لە گوندی بێسارانی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە گازی نامۆی ژەهراوی، هێرش کرایە سەر خوێندنگەیەکی کچانەی گوندەکە.

ماوەی نزیکەی چوار مانگە بە گازی ژەهراوی هێرش دەکرێتە سەر خوێندنگەکانی کچان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و تائێستا ٤ خوێندکار گیانیان لەدەستداوە و هەربەهۆی هێرشەکانەوە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار باری تەندروستییان تێکچووە.

تائێستا کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران هیچ لێدوانێکی روونیان لەبارەی هێرشەکانەوە نەداوە وتەنیا بانگەشەی دەستگیرکردنی نزیکەی ١٠٠ کەس دەکەن، بە تۆمەتی تێوەگلان لەو هێرشانە.

لە نوێترین لێدواندا یوسف نوری، وەزیری پەروەردەی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە خوێندنگەکاندا بوونی نییە و خوێندکاران دەتوانن بە بێ ترس بچنەوە خوێندنگەکانیان.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان، ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوامن و دوێنێ لە نیوزلەندا، کەنەدا، ئەمریکا، سوید، ئیتالیا، فەرەنسا، دانیمارک، ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە، ڕەوەندی ئێرانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و پشتیوانی خۆیان بۆ سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دووپاتکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە ناوخۆی ئێران و لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران، ٣٠ خوێندکار بە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە هێرشە ژەهراوییەکان، بۆ سەر خوێندگەکانی کچان دەربڕیبوو، چوونەناوەوە بۆ زانکۆکەیان لێقەدەغەکراوە.

لەو هێرشە ژەهراویانەدا کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەستیان پێکردووە تائێستا زیاتر لە ٢٠٠ خوێندنگەی کچان کراونەتە ئامانج و زیاتر لە ٥ هەزار خوێندکار باری تەندروستییان تێکچووە.

بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران ئۆباڵی هێرشەکان دەخەنە ئەستۆی هێزە دەرەکییەکان ، بەڵام زۆرینەی ئێرانییەکان و بەرهەڵستکاران پێیان وایە دەوڵەت لە پشت هێرشەکانەوەیە.

هـ . ب