چیرۆکە سەختەکانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە

گێڕانەوەی ئەم مێژووە بۆ گومان خستەسەر پرۆسەی ئاشتی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئاشنایەتییمان بە هەنگاوەکانی پەکەکە هەبێت و ئامادەیی هەموو کەسێک هەبێ بۆ ئەو شەڕە دەروونییەی لەپاش ئەو (نیازپاکیی)ـە دەکرێت، دەزگاکانی شەڕی تایبەت ئامادەن بۆ نیازە پیسەکانیان.

لە هەنگاوێکی دەستپێشخەریانەدا و بە شێوەی سیمبۆلیک بۆ نیشاندانی (نیازپاکیی)، ژمارەیەک گەریلا و ڕەنگە لە نێو ئەوانیشدا بەرپرسیار هەبن کە لە بەر چاوی میدیاکان، چەکەکانیان لەناو دەبەن.. لەو مەراسیمەدا پەیامێک بە ناوی “ئێمە ئامادەین بۆ بەشداریی لە سیاسەتی دیموکراتیک» لەلایەن ئەو دەستە گەریلایەوە بڵاو دەکرێتەوە.

پاشان چاوەڕێ دەکرێ، کۆمیسیۆنێک لە لایەنی پەرلەمانی تورکیا بۆ تاووتوێکردن و ئەگەری چارەسەری کێشەکان دابمەزرێ. لە کۆمیسیۆنەکەدا کە قەرارە بە ناوی “کۆمیسیۆنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون” ناودێر بکرێ، کاریان ئەوەیە بناغەی یاسایی بۆ پرۆسەی “چەکدانان” و هەنگاوی دیموکراتیکبوون لە تورکیادا دابنێن.

بۆ زانیاریی و هۆشیاریی زیاتری ئەوانەی چاو لەو پێشهاتانە دەکەن، مێژوویەکی نزیک ئاماژە پێ دەکەین، یەک: بە خاتری ئەوەی بەرچاوڕوونیان هەبێت لەوەی پێشتر پەکەکە دووجاری دیکە ئەم هەنگاوەی ناوە. دوو: بە خاتری ئەوەی لە پاش ئەم هەنگاوە نوێیە لەلایەن دەزگاکانی شەڕی تایبەتەوە بەر زیانی شەڕی تایبەت و دەروونیی نەکەون.

ناردنەوەی گرووپەکانی ئاشتیی
لە ساڵی ١٩٩٩ به‌ پێشنیاری ڕێبەر ئاپۆ له‌ زیندانی ئیمرالی و پێشوازی په‌که‌که‌، بڕیارى کشاندنەوەى سەرجەم هێزەکانى گەریلا لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە بۆ سەر سنووری باشوور دەدرێت، ئەمەش لەپێناو درووستکردنى زەمینەى دیالۆگ و ئاشتىی و چارەسەر.

لە هه‌مان ساڵی ١٩٩٩ـدا دوو گرووپى ئاشتىی بە مەبەستى نیشاندانى (نیازپاکیی) و داخوازىی دیالۆگ و ئاشتیی بەرەو تورکیا بەڕێ دەکەون. ئەم دوو گرووپە یەکێکیان لەناو هێزەکانى گەریلا و ئەوەی دیکه‌شیان لە ئەورووپاوە نێردرانه‌وه‌ و هه‌ر دوو گرووپه‌که‌ هەڵگری نامە و پەیامى ئاشتى و (نیازپاکیى) بوون و نامه‌کان له‌ لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ بۆ سەرۆککۆمار، سەرۆکى پەرلەمان، سەرۆکوه‌زیر و سەرۆک ئەرکانى گشتى سپای تورکیا نووسرابوون. بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنى گرووپه‌کان، ئه‌ندامانی گرووپ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌زگیر کران و ڕه‌وانه‌ی زیندان کران و نامه‌کانی په‌که‌که‌ش بێ وه‌ڵام مانەوه‌.

لە نەورۆزى ساڵی ٢٠٠٥ ئۆجالان لە ڕێی پارێزەرەکانییەوە پێشنیاری دامه‌زراندنی سیستەمى کۆما کۆمەڵێن کوردستان (KKK)ـی کرد. ئه‌م سیسته‌مه‌ پاشان له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وە له‌ جێژنه‌کانی نه‌ورۆزدا ڕاگه‌یاندرا و هه‌مان ئەو ئاڵایەی ئۆجالان پێشنیاری کردبوو، له‌ جێژنه‌کاندا به‌رز کرانه‌وه‌. کۆما کۆمەڵێن کوردستان دواتر ناوی گۆڕدراو بوو به‌ کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) ئەم کەجەکەی ئێستا، که‌ له‌ خۆیدا سیسته‌مێکی به‌ڕێوه‌به‌ریی گه‌لییه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می باوی به‌ڕێوه‌به‌ریی و سیسته‌می ده‌وڵه‌تییە.

لە ڕۆژی ٣٠ـی نۆڤه‌مبری ساڵی ٢٠٠٧ له‌ لایه‌ن کۆما جڤاکێن کوردستان که‌جه‌که‌ و دیوانى سەرۆکایەتیى کۆنگرەى گەل پرۆژە چارەسەرێک بە ناوى “جاڕنامەى چارەسەرى دیموکراتییانە” لە حەوت خاڵدا و بە مەبەستى چارەسەری پرسگریی کورد جاڕ درا. بەڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ سه‌ر ئوپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌کانی هه‌روا به‌رده‌وام بوو.

پاش ئه‌وه‌ی ڕێبەر ئاپۆ له‌ دیداری ڕۆژی ١٠ـی ئوکتوبه‌ری ساڵی ٢٠٠٩ له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانیدا پێشنیاری کرد بۆ وه‌گەڕخستنه‌وه‌ی پێواژۆی چه‌قبه‌ستووی ئاشتیی، چه‌ند گرووپێک به‌ مه‌به‌ستی (نیازپاکیی) ڕه‌وانه‌ی تورکیا بکرێنه‌وه‌. کۆما جڤاکێن کوردستان که‌جه‌که‌، ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی پێشنیاری ئۆجالانی دایه‌وه‌. که‌جه‌که‌ ڕایگه‌یاند که‌ هه‌ر ئێستا ٣ گرووپی ئاشتیی ئاماده‌ن و له‌ زووترین کاتدا ئه‌وان به‌ڕێ ده‌که‌ن. گرووپێک ڕاسته‌وخۆ له‌ نێو گه‌ریلاکاندا هه‌ڵده‌بژێردرێن. گرووپێک له‌ وارگه‌ی په‌نابه‌رانی مه‌خموور [کامپی شەهید ڕۆستەم جوودیی] و گرووپی سێهه‌میش له‌ ئه‌ورووپا. هه‌روه‌ها که‌جه‌که‌ جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه‌ گرووپه‌کانی ئاشتیی بۆ ئه‌وه‌ ناچنه‌وه‌ تورکیا وا له‌ یاسای ژماره‌ ٢٢١ـی تورکیا‌ به‌ ناوی خۆڕاده‌ستکردنه‌وه‌ که‌ڵک وه‌ربگرن. پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ مه‌نتیقی قه‌واره‌پارێزیی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ گرووپه‌کانی ئاشتیی نه‌کات، ئه‌وان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ و وه‌ک نیشانه‌ی (نیازپاکیی) کورد بۆ ئاشتیی ده‌چنه‌وه‌. که‌وابوو ده‌وڵه‌تی تورکیا نابێ هه‌ڵسوکه‌وتی ڕابردوو وەک گرتن و زیندانکردن له‌گه‌ڵ گرووپه‌کانی ئاشتیی دووپات بکاته‌وه‌.

ئه‌ندامانی گرووپی ئاشتی ڕۆژی ١٩ـی له‌ قه‌ندیله‌وه‌ بە ‌ گرووپێکی هەشت که‌سیی به‌ره‌و خاڵی سنووریی باشوور و باکووری کوردستان‌ به‌ڕێ که‌وتن. ئه‌ندامانی گرووپی ئاشتیی قه‌ندیل له‌ ٤ ئه‌ندامی گه‌ریلای ژن و ٤ ئه‌ندامی گه‌ریلای پیاو پێک هاتبوون.

هه‌مان ڕۆژ له‌ باره‌گای وارگه‌ی په‌نابه‌رانی مه‌خمووره‌وه‌، گرووپی ئاشتیی له‌ نزیکی شارۆچکه‌ی که‌له‌کی یاسیناغا له‌گه‌ڵ گرووپی قه‌ندیل یه‌کیان گرت و له‌وێوه‌ به‌ره‌و خاڵی سنووری خاپوور، که‌وتنه ڕێ. لەوبه‌ری سنووره‌وه‌‌ له‌ باکووری کوردستان زیاتر له‌ ١٠٠ هه‌زار که‌س بۆ پێشوازیی گرووپی ئاشتیی به‌ره‌و سلۆپی وه‌ڕێ که‌وتن. له‌ نێو پێشوازیکه‌راندا هاوسه‌رۆکانی ده‌ته‌په‌؛ ئه‌حمه‌د تورک، ئامینه‌ ئاینا و پارلمانتار و شاره‌داران ده‌بیندران.

کاتێک گرووپه‌کانی ئاشتی گه‌یشتنه‌ خاڵی سنووری برایم خه‌لیل، له‌ لێدوانێکی چاپه‌مه‌نیدا ئامانجی چوونه‌وه‌ی خۆیان له‌ ٩ خاڵدا له‌ چوارچێوه‌ی ئامانجی هه‌نووکه‌یی و درێژخایه‌ندا،بۆ نموونه‌؛ وه‌ک ڕاوه‌ستاندنی ده‌ستبه‌جێی ئۆپراسیۆنه‌کان، گونجاندنی ماف و ناسنامه‌ی کورد له‌ یاسای بنچینه‌یی تورکیادا و کۆمەڵێک بابەتی تریان ‌بۆ بیروڕای گشتیی ئاشکرا کرد.

گرووپه‌کانی ئاشتی لە ده‌روازه‌ی خاپوور، پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌ربازیی و ئاسایشیی تورکیاوه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی گرووپی ئاشتیی کرا، سه‌رئه‌نجام له‌ ژێر فشاری خه‌ڵک و ده‌ته‌په‌دا، هه‌موو ئه‌ندامانی گرووپی ئاشتی که‌ ٣٤ که‌س ده‌بوون، ئازاد کران و چوونه‌‌ نێو ئاپۆڕای خه‌ڵکی پێشوازیکه‌ر. دواتر کاروانی ئاشتیی به‌ره‌و جه‌زیره‌ و نوسه‌یبین، قزلته‌په‌ و مه‌ردین وه‌ڕێ که‌وتن و له‌ هه‌موو شوێنێک تووشی ئاپۆڕای سه‌دان هه‌زار که‌سیی خه‌ڵکی پێشوازیکه‌ر بوون. پێشوازیی خه‌ڵک به‌ شێوه‌یه‌ک بوو، که‌ به‌و شێوه‌یه‌ی پلانڕێژی کرابوو، گرووپه‌کانی ئاشتیی له‌ کاتی دیاریکراودا نه‌گه‌یشتنه‌ ئامه‌د و به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ به‌گوێره‌ی میدیاکانی خودی ده‌وڵه‌تی تورکیا زیاتر له‌ ١ ملیۆن و نیوکه‌س له‌ گه‌وره‌ شاری ئامه‌د پێشوازییان له‌ گرووپه‌کانی ئاشتیی کرد.

بڕیار بوو گرووپه‌کانی ئاشتیی له‌ ئامه‌ده‌وه‌ به‌ره‌و ستانبوڵ وه‌ڕێ بکه‌ون و له‌وێ به‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گرووپی ئاشتیی، که‌ له‌ ئه‌ورووپاوه‌ ده‌هات، به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمیی داخوازه‌کانی خۆیان پێشکه‌ش به‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا بکه‌ن، به‌ڵام له‌ شاری ئامه‌د به‌دواوه‌ ده‌وڵه‌ت بڕیاری خۆیدا و نه‌یهێشت له‌ ئامه‌د به‌دواوه‌ گرووپه‌کانی ئاشتیی له‌ ڕێپێوانی ده‌یان و سه‌دان هه‌زار که‌سییدا، که‌ ناوی کاروانی ئاشتی، لێ نرابوو، به‌ولاوه‌تر بچن.

گرووپه‌کانی ئاشتیی پاش ئه‌وه‌ی ڕێگایان پێ نه‌درا بچنه‌ ئانکارا له‌ کوردستان گه‌ڕی ئاشتیخوازه‌نه‌یان ده‌ست پێ کرد و هه‌ر ڕۆژێک له‌ شار و شارۆچکه‌یه‌ک میتینگیان ساز کرد و له‌و میتینگانه‌دا داخوازه‌کانی خۆیان بۆ خه‌ڵک باس ده‌کرد.

ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ باتی پێشخستنی چاره‌سه‌ر و وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ هه‌وڵی ئاشتیخوازانه‌ی گرووپه‌کانی ئاشتیی بڕیاری گرتنی ئه‌ندامانی گرووپه‌کانی ئاشتی دا. ئه‌وه‌ بوو باروودۆخه‌که‌ به‌ ئاقارێکدا چوو، که‌ جارێکی دیکه‌ شه‌ڕ لە هه‌موو کوردستان هەڵبگیرسێتەوە.

گێڕانەوەی ئەم مێژووە کورتمەودایە لەبەر ئەوە نییە بێباوەڕیی لەمەڕ پڕۆسەی ئاشتیی درووست بکات، بەڵکی بۆ ئەوەیە ئاشنایەتییمان بە هەنگاوەکانی پەکەکە هەبێت و حازری هەرکەس هەبێ بۆ ئەو شەڕە دەروونییەی لەپاش ئەو (نیازپاکیی)ـە دەکرێت، چونکە دەزگاکانی شەڕی تایبەت ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ ئامانجە قڕێژەکانی خۆیان.

سەرچاوە: ئازادی کۆمەڵگە