مەراسیمی گەریلاکانی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کە لە ١١ی تەمموزدا لە شاری سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند و بەمشێوەیە دەرفەت بۆ پڕۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کردەوە، لە شەنگالیش دەنگی دایەوە. دوای مەراسیمەکە لەلایەن زۆربەی ناوەندەکانەوە بەدواداچوونی بۆکرا. لە نێو ئەو بەشداربووانەی وەک شاندێک لە شەنگال چووبوون، ئەندامانی خۆبەڕێوەبەی شەنگال و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) بوون.
ئەم هەنگاوە لەگەڵ خۆیدا ئاشتی دەهێنێت
لە بەشداربووانی مەراسیمەکە، شەمێ ڕەمۆ ئەندامی کوردیناسیۆنی تاژێ، ڕایگەیاند، وەک خەڵکی شەنگال، بە سووتاندنی ئەو چەکانە "خەمبار" بوون، چونکە ئەو چەکانە لە سەردەمی فەرمانەکەدا ئێمەی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد.
شەمێ ڕەمۆ ئاماژەی بەوەدا کە لە لایەکی دیکەوە دڵخۆشن کە بەم هەنگاوە پشتیوانی لە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆتایهێنان بە خوێنڕشتن و کوشتن کرا. شەمێ ڕەمۆ وتی: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئاشتی، یەکسانی و خوشک و برایەتی گەلان."
شەمێ ڕەمۆ لە دڕێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە هیوامان وایە کە ئەم هەنگاوە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت و وتی: "ئەوەی کەوتە سەر شانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە جێبەجێ کرا، ئێستا کاتی ئەوەیە دەوڵەت هەنگاوی ڕوون بنێت تا ئەم هەنگاوە مسۆگەر بکرێت."
شەمێ ڕەمۆ ئاماژەی بە پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی: "هەر کاتێک باسی ڕیبەر ئاپۆمان دەکرد، تەنها زیندان و گۆشەگیری دەهاتە پێش چاومان. بەڵام کاتێک پەیامەکەی بڵاو کرایەوە هەموو شتێک بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕا و پرۆسەیەکی نوێ دەستیپێکرد. سەرەڕای ئەوەی زۆر دڵخۆش بووین بە بینینی، بەڵام پێویستە لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد بێت و بتوانێت بەئازادیی پرۆسەکە بەرەو پێش ببات."
گەریلاکان شوێنی خۆیان لە دڵی کۆمەڵگەی ئێزدییدا کردووتەوە
ئەندامی کوردیناسیۆنی تاژێ، نیعام بەدەل، کە لە مەراسیمەکەدا بەشدار بووە، بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە گێڕایەوە: "سەرەتا سڵاو و ڕێزی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە مەراسیمەکە بەشدار بوون. بەتایبەت بۆ دایکی گەریلاکان. مەراسیمەکە بۆ ئێمە وەک دایکانی شەنگال هەم خۆشی و هەم خەمگینی هەبوو. زۆرێک لەو گەریلاانەی کە چەکەکانیان لەناو برد، لە ساڵی ٢٠١٤دا بە هاواری شەنگالەوە هاتبوون و شەنگال و هەزاران گەلی ئێمەیان لەکۆمەڵکوژی ڕزگار کردبوو."
نیعام بەدەل ئاماژەی بەوەشکرد، لە مەراسیمەکەدا هەردوو ئەم هەستانەم هەبوو و ڕایگەیاند: "دەمویست لە نزیکەوە گەریلاکان ببینم و لەئامێزیان بگرم، چونکە لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەوان ڕزگاریان کردین."
لەبەردەوامی قسەکانیدا نیعام بەدەل ڕایگەیاند: "گەریلاکان زۆریان لە سەر خاکی شەنگال برینداربوون. بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی نەمانتوانی زۆر لێیان نزیک ببینەوە، ئێمە دیاریمان لە شەنگالەوە بۆیان هێنابوو، بەڵام نەمانتوانی دیارییەکانیان ڕاستەوخۆ پێشکەش بکەین، هەتا کۆتایی هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و پێیان دەڵێین کە ئێوە لە دڵی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی ئێزدیدا جێگاتان هەیە، گەلی ئیزدیی هەرگیز لەبیرتان ناکەن و ناهێڵن لەبیر بکرێن."
ئەوەی پێویست بوو کرا، ئێستا نۆرەی دەوڵەتە
نیعام بەدەل لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ئەوەی کەوتە ئەستۆی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەنجامدرا و وتی: "کاتێک ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد، هەنگاو بە هەنگاو تا ئێستا بانگەوازییەکانی جێبەجێ کراوە، لە هەنگاوی یەکەمدا کۆنگرە بەسترا و ئاگربەستی تاکلایەنە ڕاگەیەندرا. لەو کاتەدا هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیەنرابوو، بەڵام دەوڵەتی تورک بە هەموو هێزیەوە بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. دوا هەنگاو لەناوبردنی چەکەکان بوو لەلایەن ٣٠ گەریلاوە، وەک پشتیوانی و بەهێزکردنی دەستی ڕێبەر ئاپۆ. ئیتر لەمەودوا دەوڵەت پێویستە هەنگاوی جدیی بنێت، بەتایبەتی پێویستە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات."