بە دیمەن

دەم پارتی لە لەندەن کۆبوونەوەی لەگەڵ گەل ئەنجام دا

هاسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ گەل لە لەندەن گوتی، 'گرنگترین هێزی تەڤگەری ئازادی کورد، هەنگاونانە لەگەڵ گەلدا.'، هەروەها جەخت لە بەرپرسیارێتی ژنان لە بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا کرایەوە.

کۆبوونەوەی گەل

لە ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لەلایەن ئەنجوومەنی ژنانی ژیان و ئەنجوومەنی گەلی کوردەوە کۆبوونەوەی گەل ئەنجام درا. بەشدارییەکی زۆر لە کۆبوونەوەکەدا هەبوو.

نووسەر و دەرهێنەر ئیلهام بەکر کۆبوونەوەکەی بەڕێوەبرد، لە کۆبوونەوەکەدا هاسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان و ئەندامی تەڤگەری ژنانی کورد مەراڵ چیچەک وەک قسەکەر بەشدار بوون.

تەڤگەری کورد جوڵەیەکی کاریگەر لە ناوچەکەدا

تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەکەدا سەرنجی خستەسەر پێشهات و ڕووداوە هەرێمییەکان و جەختی لە گرنگی و کاریگەری ڕۆڵی گەل کردووە و گوتی؛ "'گرنگترین هێزی تەڤگەری ئازادی کورد، هەنگاونانە لەگەڵ گەلدا." هەروەها ئاماژەی بەوەدا سیاسەتی تەڤگەری کورد لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناویندا جوڵەیەکی گرنگ و کاریگەرە. باقرخان ئاماژەی بەوەشدا دەم پارتی نوێنەرەوەی هەموو پێکهاتە و چینەکان و پارێزگاری لە مافەکانیان دەکات.

باقرخان ئاماژەی بە ڕۆڵی جەهەپەیش کرد لە پرۆسەکەدا و جەختی لەوەکردەوە لە پێناو چارەسەری دیموکراتیکدا پێویستە لە تورکیادا سەرلەنوێ مێزی گفتوگۆکردن دامەزرێندرێتەوە.

بونیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئەرکی ژنانە

دواتر مەراڵ چیچەک مافی قسەکردنی وەرگرت و ئاماژەی بەوەدا دەستپێشخەری پرۆسەکە لە دەستی ڕێبەر ئاپۆدایە و گوتی: "دەبێت ئەم پرۆسەیە لە دوو ئاستدا هەڵسەنگێندرێت. لە لایەکەوە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورک دا ئاستی یاسایی پرۆسەکە هەڵدەسەنگێنێت، لە لایەکی دیکەوە بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرپرسیارێتییەکی مەزن دەکەوێتە سەرشانی ژنان. پێویستە بە پێشەنگایەتی ژنان ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمورکراتیک بونیات بنێنین."