ئاماده‌كاری بۆ سازكردنی فۆرومی ئاوی میزۆپۆتامیا ده‌ستی پێكرد

فۆرومی ئاوی میزۆپۆتامیا كه‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئاو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤه‌، له‌ مانگی مارسی ساڵی داهاتوو له‌ شاری سلێمانی ساز ده‌كرێت.

ئه‌رجان ئایبۆگا ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی ژینگه‌پارێزی میزۆپۆتامیا ڕایگه‌یاند، یه‌كه‌مین فۆرومی ئاوی میزۆپۆتامیا له‌ نێوان ٢٩-٣١ی مارسدا له‌ شاری سلێمانیی باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. گوتیشی: «بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سرووشتدا ئاو به‌شێوه‌یه‌كی هاوئاهه‌نگ به‌كاربێنین و بتوانین خزمه‌تی ئاشتی بكه‌ین، ئه‌م فۆرومه‌ ساز ده‌كه‌ین. ئه‌م كاره‌ له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌تییه‌كی به‌رفره‌وانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل ده‌كرێت.»

فۆرومی ئاوی میزۆپۆتامیا له‌ بابه‌تی ئاودا خۆی به‌ فۆرومێكی ئه‌لته‌رناتیڤی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل داده‌نێت و ده‌یه‌وێت ببێته‌ ده‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌هۆی بابه‌تی ئاوی هه‌رێمی میزۆپۆتامیا بێده‌نگ كراون. بڕیاره‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل له‌ هه‌رێمی میزۆپۆتامیا كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنووری ده‌وڵه‌تانی عێراق، ئێران، توركیا و سووریا به‌شداری بكه‌ن له‌و فۆرومه‌.

ئه‌م فۆرومه‌ پشت به‌ مۆدێلی فۆرومی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ستێت و وه‌ك به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی فۆرومی كۆمه‌ڵایه‌تیی جیهان سه‌ریهه‌ڵداوه‌. بڕیاری دامه‌زراندنیشی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی «كه‌مپینی ڕزگاركردنی دیجله‌» له‌ نیسانی ٢٠١٧ له‌ سلێمانی درا. بزووتنه‌وه‌ی ژینگه‌پارێزی میزۆپۆتامیا بانگه‌وازێكی بڵاوكرده‌وه‌ و سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی ئاماژه‌ن بۆ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاوی میزۆپۆتامیا:

- له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی، پڕۆسه‌گه‌لی دیموكراتیكی بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردنی ئاو نییه‌. له‌به‌رئه‌مه‌‌ و خۆماڵیكردنی ئاو، ڕێ له‌ مافی ئاو ده‌گیرێت.

- له‌سه‌ر چه‌مه‌كانی دیجله‌ و فورات به‌نداوی گه‌وره‌ و پڕۆژه‌ی دیكه‌ی ئاو دروست ده‌كرێن. ڕه‌چاوی مافه‌كانی مرۆڤ و ستاندارده‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناكرێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ میراتی سرووشتی و كولتووریی هه‌رێمی دیجله‌ - فورات ده‌كرێت. ئاو بۆ شه‌ڕی هه‌رێمی وه‌ك چه‌كێك، بۆ هه‌ژموونی سیاسیش وه‌ك ئامرازێك به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌مه‌ دۆخه‌كه‌ زیاتر خراپ ده‌كات.

- پیسكردنی ئاو، به‌كارهێنانی ئاو به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌به‌ری نه‌ڕوات و گۆڕینی ئاووهه‌وا زیان به‌ ئیكۆ-سیسته‌م ده‌گه‌یه‌نێت.

له‌پێناو تێكۆشان دژی ئه‌م مه‌ترسییه‌، بزووتنه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌م ئامانجانه‌ ده‌كات:

- ئاو و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، به‌رهه‌مدار و بڕیاری فره‌لایه‌نه‌ به‌كاربهێنرێن و دابه‌ش بكرێن.

- ئاو و چه‌م ببێته‌ ئامرازێكی ئاشتی له‌نێوان هه‌موو گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌كانی میزۆپۆتامیا.

- بۆ ئه‌وه‌ی چه‌م و ئیكۆ-سیسته‌م، جۆره‌ بیۆلۆژییه‌كان و میراتی كولتووری و سرووشتیمان بپارێزرێن، پێویسته‌ پشتگیری ئه‌م هه‌نگاوه‌ بكرێت.

s.m