ئەمەریکا لەبارەی کڕینی دژە موشەکی S400 هۆشداریی دایە تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، کە دەتوانن فشار لەسەر تورکیا دابنێن، چونکە لەگەڵ ڕووسیا ڕێککەوتنی بەرگری ئاسمانیی و دژە مووشەکی S400 واژۆ کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێتەر ناورت، دەربارەی ئەوەی کە ئەگەر هەیە ڕووسیا لە ساڵی ۲۰۱۹دا سیستمی S400ی بەرگری ئاسمانیی و دژە موشەک ڕادەستی تورکیا بکات، وتی "بەشبەحاڵی خۆم هەواڵێکی بەو شێوەیەم نەبیستووە، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕاست بێت ئەوا جێگەی گومانە بۆ ئێمە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر تورکیا  S400 ی دژە مووشەکی وەربگرێت ئەوا فشاری دەخەنە سەر و وتیشی "لە هەر شوێنێکی دنیادا، دژ بە هەر هاوکاریی و ڕێککەوتنێک دەوەستینەوە کە تایبەت بێت بە توانای دژە مووشەکی S400،  ئێمە پێشتریش بە ئاشکرا ڕامانگەیاندبوو، کە هەر وڵاتێک ئەو توانا دژە مووشەکییە وەربگرێت، فشاری دەخەینە سەر".

وتیشی "ئەگەر تورکیا کە وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە، ئەو توانا دژە مووشەکیە وەربگرێت و بەکاری بهێنێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە تورکیا دژ بە سیاسەتەکانی ئێمە دەجوڵێتەوە. ئەوەش بە هیچ شێوەیەک مایەی قەبوڵکردن نییە و ڕێگەی پێ نادرێت".

سیستمی S400 ی دژە مووشەکیی و سەربازیی پێشکەوتووی ڕووسییە و بۆ بەرگریی و پاراستنی ئاسمانی بەکار دەهێنرێت. ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پیشتریش هۆشداری دابوو بە تورکیا و کۆنگرێسی ئەو وڵاتەش لەدژی ئەوە بە زۆرینەی دەنگ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 35 ی بە تورکیا ڕەتکردەوە و بەوەش فرۆشتنی ئەو جۆرە لە فڕۆکە جەنگییە بە تورکیا، لەلایەن ئەمەریکاوە ڕاگیرا.

جێگای ئاماژەیە، گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا، بە دەستگیرکردنی قەشەی ئەمەریکی ئەندرێو برونسۆن زیاتر بوو. لە ئاکامی ئەو ئاڵۆزیانەی نێوانیشیاندا ماڵ و موڵکی دوو وەزیری تورکیا بلۆک کرابوون. هەروەها ئەمەریکا لە سەدا ۲٥ی باجی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی ئاسن و ستیلی تورکیا زیاد کردبوو.
لەبەرامبەر ئەو فشارانەی ئەمەریکاشدا لەسەر تورکیا، ئەردۆغان و ڕژێمەکەی پەنا بۆ ڕووسیا دەبەن.

 

هـ.هـ