ئەمەریکا: لە ڕۆژهەلاتی فرات ئارامی ، لە ڕۆژاوای فراتیش کۆمەڵکوژی

وەزارەتی پاراستنی ئەمەریکا-پێنتاگۆن، لەکاتیکدا کە باسی گرینگی تێکۆشانی لە دژی داعش-ی دەکرد، تیشکی خستە سەر بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمانەی کە لەلایەن قەسەدە وە ڕزگار کراون.

 

ئادریان گالۆوای، وتەبێژی پێنتاگۆن بۆ کاناڵی ''ئەلحوڕڕە" قسەی کرد و گوتی؛ هێرشەکانی دەولەتی تورکیا زیانێکی زۆر دەداتە تێکۆشانی دژی داعش. گالۆوای، دەربارەی ئەگەری پاشەکشەکردنی هێزەکانی سووریای دێموکراتی-قەسەدە لە هێندێک ناوچەش وتی؛ ئێمە ئەوەمان پێ‌باش نییە.

وتەبێژی پێنتاگۆن وتیشی: ''پێویستە ئێمە کۆتایی بێنین بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش لەسەر سووریا و ئەگەر ئێمە تەرکیز بخەینە سەر شەڕی داعش، دەتوانین ئەوە بکەین."

گالۆوای، دەڵێ بەهۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورکیاوە ئەوان ''نیگەرانن" و ئەو زیانانەی کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە وەبەر خەڵکی مەدەنی دەکەوێت، زیاتر نیگەرانیان دەکات.

بەڕێوەبەریی ئەو ناوچانەی قەسەدە ڕزگاری کردوون، سەرکەوتوویە

وتەبێژی پێنتاگۆن، سەرنجی خستە سەر 'ڕۆژهەڵاتی فرات' کە تورکیا هەموو کاتیک دەیخاتە ڕۆژەڤەوە و هێرشی دەکاتە سەر. گالۆوای وتی کە ''دوو تابڵۆی جیاواز هەیە. گەلانی دانیشتووی ڕۆژهەڵات لە دوای ئەوەی کە هەرێمەکانیان لە داعش ڕزگار بوو، ئارامی و ئاسایشیان بۆ  شارەکانیان گەڕاندۆتەوە و سیستەمی بەڕێوەبەری خۆیان دامەزراندووە و کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە.

گالۆوای وتیشی؛ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش-یش، هاوکاری دەداتە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە سەرکەوتوو و ئارامییەی کە لەلایەن قەسەدە وە دابین کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژاوای فرات، خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن. گالۆوای هەروەها دەڵێت؛ رژێم گوێی نەداوەتە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمەڵکوژییەکانی خۆی بەردەوام دەکات.

ئادریان گالۆوای، وتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند: ''ئەمەریکا پاراستنی هێزەکانی خۆی دەکات ئەگەر هێرشێکیان بکرێتە سەر" و لەوبارەیەوە هەڵوێستی ئەوان ڕوونە. گالۆوای، وتی؛ کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە 'هەموو لایەنەکان' لە سووریا، بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بێنن و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەرییەک بۆ دۆخەکە ببیننەوە، مەرجیان هەیە.