ئەڵمانیا پشتیوانیى لە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى ئەمریکا لە دژی سوریا ناکات

ئەڵمانیا رایگەیاند، ئامادەى هاوکاریی مرۆییە بۆ شاری ئیدلب، بەڵام بەشداری لە ئۆپراسیۆن و دەستێوەردانى سەربازى ئەمریکا لە دژی رژێمى سوریا ناکات.

هیکۆ ماس وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا لەگەڵ مایک پۆمپیۆی هاوتا ئەمریکییەکەی، لە دانیشتنێکیدا لەبارەى بابەتى ئیدلبەوە گفتوگۆی کرد.

هیکۆ ماس لە دواى دانیشتنەکە رایگەیاند، ئەگەر قەیرانى مرۆیى روو بدات ئەوان هاوکاریى مرۆیى رەوانەى ئیدلب دەکەن.

راشیگەیاند، ئەوان لە دژی قەیرانێکى چاوەڕوانکراو لە ئامادەکاریدان و هاوکارییەکان لە رێگەى تورکیاوە رەوانە دەکەن و نۆژەنکردنەوەى نەخۆشخانەکانى ئیدلب یەکەم هەنگاوی ئەو هاوکارییە دەبێت.

وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا باسی ئەوەشیکرد، ئەگەر لە ئیدلب قەیرانى مرۆیى رووبدات ئەوا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا "بە بەهێزی و بە هەماهەنگی کار دەکەن'، بەڵام بۆ  هاوکاری لە بواری سەربازیدا وەڵامێکى نیگەتیڤى دایەوە.

هیکۆ ماس ئەوەشى خستەڕوو، ئەگەر رژێمى ئەسەد لە ئیدلب چەکی کیمیایى بەکار بهێنێت و ئەمریکا لە دژی ئەوە دەست بکات بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى سەربازی، ئەوا ئەوان پشتیوانی لەو دەستێوەردانە سەربازییەی ئەمریکا ناکەن، چونکە بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنێکى چاوڕوانکراوی سەربازی، دەبیت پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا بڕیار دەربکات و ئەوەش کارێکى قورسە.

ئۆپراسیۆنى سەربازی لە ئیدلب لە دژی چەتە توندڕوەکانى هاوپەیمانى تورکیا لە رێککەوتنەکەى نێوان رووسیا و تورکیادا ئەوەى ئاشکراکرد، کە بەلانیکەمەوە ئۆپراسیۆنەکە تاوەکو ١٥ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ ئەنجام نادرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش رایگەیاندبوو، ئەگەر ئۆپراسیۆن لە ئیدلب چەکی کیمیایى تیادا بەکار بهێنرێت ئەوا ئەمریکا وەڵامى دەبێت.

تاوەکو ئێستا فەرەنسا و بەریتانیا پشتیوانییان لەو راگەیاندراوى ئەمریکا کردووە.

ر.م