جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا: پێویسته‌ كه‌س چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا «كلاودیا ڕۆز» ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ هیچ كه‌سێك چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت.

ئه‌مڕۆ شاندێكی پارتیی دێمۆكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په‌ له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا، سه‌ردانی په‌رله‌مانی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیایان كرد و ده‌رباره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین، چه‌ندین دیداریان ئه‌نجام دا.

شانده‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ خه‌تیب دیجله‌، په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ فه‌یسه‌ڵ ساری یڵدز، تووبا هه‌زه‌ر، نوورسه‌ل ئایدۆغان و له‌یلا ئیمره‌ت، هاوسه‌رۆكی شاره‌وانیی جزیر و چه‌ند مامۆستایه‌كی زانكۆ، ڕۆژنامه‌وان و هونه‌رمه‌ند پێكهاتبوون. له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی چه‌پ، فراكسیۆنی سۆسیال-دێمۆكرات و پارتیی سه‌وز كۆبوونه‌وه‌.

دواتریش شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ كلاودیا ڕۆز، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی فیدڕاڵی (په‌رله‌مان) ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه‌. له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، كلاودیا ڕۆز ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی توركیای بۆ سه‌ر عه‌فرین كرد و وتی پێویسته‌ هیچ كه‌سێك چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت.

«پێویسته‌ هیچ كه‌سێك چه‌ك به‌و وه‌ڵاتانه‌ نه‌فرۆشێت كه‌ مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كه‌ن»

كلاودیا ڕۆز ڕایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی په‌رله‌ماندا قسه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كانی دژ به‌ عه‌فرین ده‌كه‌ین. ناوبراو وتیشی:

«ئێمه‌ ناتوانین بڵێین له‌ توركیا مافی مرۆڤ هه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌ڵمانیا چه‌ك به‌ وه‌ڵاتێكی وه‌ها نه‌فرۆشێت. له‌ توركیا په‌رله‌مانتار، شاره‌دار، ڕۆژنامه‌وان و زاناكان له‌ زینداندان.»

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی هه‌ده‌په‌ ده‌رباره‌ی سه‌پاندنی قه‌یومه‌كان و دۆخی ئه‌و ئه‌كادیمیستانه‌ی كه‌ داوای ئاشتییان كردبوو قسه‌یان كردووه‌. وتیشی:

«من له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ خه‌تیب دیجله‌ ده‌ناسم، ساڵی ١٩٨٩ له‌گه‌ڵ وه‌دات ئایدن و ئه‌و یه‌كترمان بینی. من چاودێری پڕۆسه‌ی گرتنی ئه‌حمه‌د تورك، له‌یلا زانا، خه‌تیب دیجله‌ و هه‌ڤاڵه‌كانیانم ده‌كرد. من سه‌رم سوڕما كه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ دووباره‌ بوونه‌ته‌وه‌. توركیا له‌ گێژاو دایه‌، ده‌بێ ئه‌ڵمانیا و ئه‌ورووپا له‌ دژی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسه‌ت بكات.»

له‌ كۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، خه‌تیب دیجله‌ ڕاگه‌یاند، عه‌فرین تاكه‌ شار بوو له‌ سووریا كه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێندرابوو:

«كاتێك له‌ سووریا شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد، سه‌ربازانی ڕژێم ئه‌و شاره‌یان چۆڵ كرد. دواتر وه‌ك هه‌رێمه‌كانی دیكه‌ له‌وێش كانتۆن دامه‌زرێندرا. له‌ عه‌فرین گه‌له‌ك باوه‌ڕی هه‌ن. ئێستا به‌ هێرشه‌ سه‌خته‌كان ده‌یانه‌وێت عه‌فرین چۆڵ بكرێت. ئامانج ئه‌وه‌یه‌ به‌و گروپانه‌ی له‌ ئیدلیب هێناویانن، یاری به‌ دیمۆگرافیای هه‌رێمه‌كه‌ بكه‌ن.»

 

ش. م