جەنگی بازرگانی له‌نێوان ئەمەریکا و چین دەستیپێکرد

ئەمەریکا كه‌ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وه‌ڵاتی چیندا ئامادەکردبوو، خستیە بواری جێبەجێکردنەوە. به‌مه‌ش جەنگی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وه‌ڵاتە دەستیپێکرد.

ئەمەریکا  ٢٥%ی باجی گومرگی خستە سەر هاوردەی چین کە بڕه‌كه‌ی ٣٤ ملیار دۆلاره‌. ئەم سه‌پاندنه‌ی باجی گومرگە، ئەمڕۆ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٨١٨ بەرهەمی چینی كه‌وتنه‌ ژێر باری باجی گومرگی ئه‌مه‌ریكا. ئۆتۆمبێل، پارچەکانی فڕۆکە و هارد دیسکی کۆمپیوتەر و چەندین بەرهەمی دیكه‌ی چینی به‌شێكن له‌وانه‌. بەڵام بەرهەمەکانی مۆبایل و تەلەفزیۆنی چینی باجیان لەسەر دانەندراوە.

له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی باجی گومرگی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ چینییه‌كان، هەمان ڕۆژ دەوڵەتی چین ڕێژه‌یه‌كی نوێی باجی له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ دانا كه‌ له‌ ئەمەریکاوه‌ هاورده‌ی چین ده‌كرێن. دەوڵەتی چین باجی زیادەی گومرگی خستە سەر ٥٤٥ بەرهەمی ئەمەریکی. بەرهەمەکانی كشتوكاڵی وەک سۆیا کە بازاڕی چین زۆر پێیه‌وه‌ گرێدراوه‌، بەرهەمەکانی سێكته‌ری ئۆتۆمبێل و هەندێک بەرهەمی ده‌ریایی ئەمەریکی باجی زیادەی گومرگیان خراوەتە سەر.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین، دوێنێ پێنجشەممە لێدوانی دا و گوتی: چین ڕێگە بە هەڕەشە و چاوترساندن نادات.

ئەو ڕێوشوێنانەی کە ئەمەریکا گرتوویەتییە بەر، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاورده‌ی چینی بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار ده‌كات. سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، به‌ بیانووی «دزینی بیرۆكه‌، موڵک و تەکنەلۆژیا»، ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌.

پەکینیش بە گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنەکانی خۆی، دەیەوێت کاریگەری لە هاورده‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ بڕه‌كه‌ی ٥٠ ملیار دۆلاره‌ بكات.

جەنگی بازرگانیی نێوان هەردوو هێزی گەورەی ئابووریی جیهان، تەنها بەم بڕیارانه‌وه‌ ناوەستێت. نوێنەری تره‌مپ بۆ كاروباری بازرگانی ڕۆبێرت لایتهیزەر  له‌پێناو دانانی باجێکی دیكه‌ بە بڕی ١٠% لەسەر بەرهەمە چینییەکان، به‌رهه‌مه‌ چینییه‌كان به‌ ٢٠٠ ملیار دۆلار دیاری بكرێن.

s.m