دادگه‌یی كردنی ژنێكی لایه‌نگری داعش ده‌ستی پێكرد

دادگه‌یی كردنی سامانتا ئه‌لحه‌سه‌نی كه‌ قه‌سه‌ده‌ ده‌ستگیری كردبوو و ڕاده‌ستی ئه‌مه‌ریكای كردبووه‌وه‌، له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی پێكرد.

له‌ ویلایه‌تی ئیندیانای ئه‌مه‌ریكا دادگه‌یی كردنی ژنێكی لایه‌نگری داعش به‌ ناوی سامانتا ئه‌لحه‌سه‌نی (٣٢ ساڵان) ده‌ستی پێكرد كه‌ له‌ لایه‌ن شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی - قه‌سه‌ده‌ ده‌ستگیركرابوو و ڕاده‌ستی ئه‌مه‌ریكا كرابوویه‌وه‌.

له‌ دۆسیه‌ی ئه‌و ژنه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و ژنه‌ هاریكاریی داعشی كردووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ خه‌ڵكیان بۆ ڕێكبخات و بیاننێرێته‌‌ نێو داعش.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ ئه‌لحه‌سه‌نی ٢٠١٤-٢٠١٥ كه‌لوپه‌ل و پاره‌ی بۆ ئه‌ندامانی داعش ناردووه‌ له‌كاتێكدا زانیویه‌تی كه‌ داعش ڕێكخراوێكی تێرۆریستییه‌. ڕیان هۆلمز وته‌بێژی داواكاری گشتیی هامۆند ڕایگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر ئه‌و ژنه‌ قورسن، تا ئێستا هه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ره‌.

سامانتا ئه‌لحه‌سه‌نی پێشتر له‌ میانه‌ی ڕاپۆرتی كه‌ناڵه‌كانی بی بی سی و پی بی ئێس گوتی، ساڵی ٢٠١٥ بۆ گه‌شت چووه‌ته‌ توركیا و هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌ خه‌ڵكی فاسه‌ ئه‌وی ڕفاندووه‌ بۆ سووریا و زه‌ختی لێ كردووه‌ كه‌ له‌وێ بمێنێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ری ئه‌و ژنه‌ له‌ لایه‌ن شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌ كوژرا، سامانتا ئه‌لحه‌سه‌نی له‌ لایه‌ن قه‌سه‌ده‌ ده‌ه‌ستگیركرا. مانگی ته‌مووز به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌لحه‌سه‌نییان له‌ قه‌سه‌ده‌ وه‌رگرته‌وه‌ و بۆ دادگیی كردن بردیانه‌ ئه‌مه‌ریكا. هاوكات ٤ منداڵی ناوبراو له‌ ویلایه‌تی ئیندیانا ده‌پارێزرێن.

s.m