سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان دەستی بە کشانەوە کرد

سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان دوای رێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی تالیبان دا دەستی بە کشانەوە کرد.

 سۆنی لگیت وتەبێژی هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان رایگەیاند، لە چوارچێوەى رێککەوتن بۆ کەمکردنەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان دەستیان بە کشانەوە کردوە و دەیانەوێت لە نێوان ١٣٥ رۆژدا ژمارەى سەربازەکانیان کەم بکەنەوە بۆ ٨ هەزار و ٦٠٠ سەرباز.

راشیگەیاندووە، بۆ ئۆپراسیۆن لە دژی قاعیدە و داعش لە ئەفغانستان و هەروەها بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانى ئەفغان "هەموو پێویستییە سەربازییەکان" لە ئەفغانستاندا دەهێڵنەوە.

تالیبان لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٠ دا ئاگربەستێکى راگەیاند. لە دواى ئەو ئاگربەستە لە رۆژی ٢٩ی شوباتدا ئەمریکا و تالیبان لە شاری دۆحەی قەتەر رێککەوتننامەیەکیان بە فەرمی واژۆکردبوو.

لە بەرامبەر ئەو گەرەنتییەى تالیبان بۆ ئارامی و ئاسایشی داویەتى، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بەڵێنیانداوە لە نێوان ١٤ مانگدا هەموو هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە.

 ئەمریکا مەرجی ئەوەی بۆ کشانەوەى هێزەکانیان لە ئەفغانستان دانابوو، کە تالیبان لەگەڵ حکومەتى ئەفغانستانیشدا دەست بە دانوستان بۆ رێککەوتن بکات.

لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٠، واتە ئەمڕۆ دانوستانەکانى نێوان حکومەتى ئەفغانستان و تالیبان دەست پێ بکات.

ژ.ت