فه‌رماندارێكی ئه‌مه‌ریكا: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاریكاری كردنی هه‌سه‌ده‌

فه‌رمانداری فه‌رمانداره‌تیی هێزه‌كانی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا، جۆزێف ڤۆتیل ڕایگه‌یاند، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاریكاریكردنی هێزه‌كانی سووریای دێمۆكرات - هه‌سه‌ده‌.

ڤۆتیل له‌ دوای سه‌ردانه‌كانی بۆ سووریا و عێراق وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌وانانی دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند؛ له‌ بابه‌تی تێكۆشان دژ به‌ داعش، ده‌بێ جیهان منه‌تداری یه‌په‌گه‌ بێت. 

«ده‌بێ ئێمه‌ فیداكارییه‌كانی هاوكاره‌كانمان له‌ تێكۆشانی دژ به‌ داعش ده‌ستنیشان بكه‌ین. له‌ سوپای عێراق و هێزه‌كانی سووریای دێمۆكرات - هه‌سه‌ده‌، هه‌زاران كه‌س له‌ كاتی ڕزگاركردنی شاره‌ گرنگه‌كان گیانیان له‌ده‌ستدا یان برینداربوون. چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا له‌ ڕه‌قا بووم، من خۆم ئاستی سته‌مم بینی. زۆربه‌ی ئه‌و هه‌وڵدانانه‌ له‌ لایه‌ن‌ هاوكاره‌كانمان له‌ مه‌یداندا ئه‌نجام دران و خوێنی خۆیان ڕژاند. ئێمه‌ وه‌ك هه‌موو كۆمه‌لگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا منه‌تدار بین و له‌به‌رچاومان بێت.»

ده‌رباره‌ی به‌رده‌وامی هاوكارییه‌كان بۆ هه‌سه‌ده‌ له‌ دوای هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، ئه‌و فه‌رمانداره‌ی ئه‌مه‌ریكا وتی: به‌ڵێ، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌وان له‌ دژی داعش تێبكۆشن و به‌ ئه‌ركی خۆیان بۆ سه‌قامگیری هه‌رێمه‌كه‌ هه‌ڵسن، ئێمه‌ پشتگیرییان ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ سیاسه‌تی حكوومه‌تی ئێمه‌یه‌. له‌ناوبردنی داعش له‌سه‌ر زه‌وی، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ گرنگه‌كانی ئێمه‌یه‌. به‌ بۆچوونی من هه‌سه‌ده‌ هێزی هه‌ره‌ كاریگه‌ره‌ له‌ دژی داعش.

 

ش. م