ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌گه‌ڵ ماكرۆن

شاندێكی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا سه‌ردانی پاریسی كرد و له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا كۆبوویه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری فه‌ڕه‌نسا، ماكرۆن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ نوێنه‌رانی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریای ڕاگه‌یاندووه‌، «پشتگیریی فه‌ڕه‌نسا له‌ تێكۆشانی دژبه‌ داعش به‌رده‌وام ده‌بێت.»

كۆشكی ئه‌لیزێ ڕایگه‌یاند، «هێشتا داعش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی هاوبه‌ش. به‌تایبه‌تی به‌هۆی بابه‌تی چه‌ته‌كانی داعش و خێزانه‌كانیان كه‌ به‌ند كراون. بۆیه‌ فه‌ڕه‌نسا به‌رده‌وامی به‌ پشتگیری خۆی ده‌دات بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا. سه‌باره‌ت به‌ پێداویستییه‌ مرۆییه‌كان و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری كۆمه‌ڵگه‌ی سووریا هاریكاریی ماددی پێشكه‌ش ده‌كه‌ین.»

له‌نێو ئه‌و شانده‌ی له‌گه‌ڵ ماكرۆن كۆبوویه‌وه‌، هاوسه‌رۆكی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا عه‌بید حه‌مید مه‌هباش و فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه‌) نه‌سرین عه‌بدوڵا هه‌بوون. شانده‌كه‌ دوای دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانی ساز كرد.

تێكۆشین دژبه‌ داعش و هاریكاری ماددی

پێشتر و له‌ ١ی نیسان\١٢ی خاكه‌لێوه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ژان یوف لو دریان ڕایگه‌یاندبوو، به‌ بڕی ١ ملیۆن یۆرۆ هاریكاری پێشكه‌شی كه‌مپه‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی كه‌مپی هۆلێ.

عه‌بید حه‌مید مه‌هباش ده‌رباره‌ی دیداره‌كه‌ ڕایگه‌یاند، له‌ تێكۆشینی دژبه‌ تێرۆردا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا پێویستی به‌ هاریكاری هه‌یه‌. ماكرۆن له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڵێنی هاریكاری دووپات كرده‌وه‌. گوتیشی، سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا دووباره‌ی كرده‌وه‌ كه‌ فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ پشتگیریی ئابووری پێشكه‌شی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌كه‌ ده‌كات.

«پێویسته‌ له‌سه‌ر سنوور ئارامی هه‌بێت»

ڕاگه‌یه‌نرا له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ هێرشه‌كانی توركیا كراوه‌. سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر سنووری توركیا ئاشتی و ئارامی به‌رقه‌رار بێت. مه‌هباش گوتی، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانمان به‌تایبه‌تی توركیا په‌یوه‌ندیمان باش بێت.

«ده‌رگه‌ی ئێمه‌ به‌ ڕووی ئاشتیدا كراوه‌یه‌»

هاوسه‌رۆكی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ڕایگه‌یاند، ماكرۆن گوتی به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (قه‌سه‌ده‌). له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ڕووسیاش هه‌یه‌. ناوبراو ڕایگه‌یاند، «ده‌رگه‌مان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان كراوه‌یه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لان و قۆناغی تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه‌. ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ڕژێمی سووریاش.» 

دامه‌زراندنی دادگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی

سه‌باره‌ت به‌ داواكاریی دامه‌زراندنی دادگه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادگه‌یی كردنی چه‌ته‌كانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌، مه‌هباش ڕایگه‌یاند، ئه‌م بابه‌ته‌ هێشتا له‌ قۆناغی گفتوگۆدایه‌. گوتیشی، «ئێمه‌ پێشنیازمان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كردووه‌. داوامان كرد حقووقناسانی نێونه‌ته‌وه‌ییش به‌شداری بكه‌ن. چونكه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و تێرۆیستانه‌ خه‌ڵكی وه‌ڵاتانی بیانین.»

s.m