ژان وى لودريان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاویان لەسەر جێبهجێكردنی ئاگربەستە لە سووریا. وتیشی: بەتایبەت چاو لهسهر ناوچەی غووتەی ڕۆژھەڵاته، بەڵام ناکرێت چاوپۆشی بکەین لە سەر ھێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە بهرانبهر لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی وهڵاتەکەی وتهیهكی پێشكهش كرد و وتی: خواستی ئێمە جێبەجێکردنی ئاگربەستە لە تەواوی خاکی سووریادا، نابێت ھیچ لایەنێک لەم ئاگربەستە ببوێردرێت بە شاری عەفرینیشەوە.
لە درێژەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وتی: دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا چەندین جار ئەوەیان بە ئاشکرا ڕاگهیاندووه كه لەگەڵ ھێرشەکانی سوپای تورکیا نین بۆ سەر کانتۆنی عەفرین. ئاشكراشی كرد، فهڕهنسا ئامۆژگاری دەسەڵاتدارانی تورکیای کردووە کە کۆتایی بەو دۆخە بێنن.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش
بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر داوای ھەریەکە لە دهوڵهتی فەڕەنسا و بەریتانیا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەربارەی بڕیاری ژمارە ٢٤٠١ ی ئاگربەست ئەنجام بدات.
به وتهی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کۆبونەوەکە بۆ دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئاگربەستی سووریایه.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودوڵەتی له ٢٤ی شوباتی ٢٠١٨ به كۆی دهنگ بڕیاری ژمارە ٢٤٠١ دەرکرد، کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو له ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ٣٠ ڕۆژە لە تەواوی خاکی سووریا. بەڵام ئەم ئاگربەستە تا ئێستا نهچووهته بواری جێبەجێکردنەوە. هێرشهكانی دهوڵهتی توركیا له دژی عهفرین بێ ناوبڕ بهردهوامن، ههروهها ھێرشی ڕژێمی سووریا – ڕووسیا بۆ سەر ناوچەی غووتەی ڕۆژھەڵات بهردهوامه.
s.m